خەڵکە ناوکارەکان   -   کەسایەتیە هەرە دیارەکانی بەگزادەی جاف
شە هیدی نەمر سالار بەگی جاف

لە ڕۆژێکی ساردی زستانی ساڵی 1944دا سالار بەگی کوڕی داوود بەگی جاف لە گوندی کەلاری کۆن چاوی بە ژیان هەڵهێنا و، لە سایەی لوتف و میهرەبانیی باوکی و سۆز و خۆشەویستیی خاوەر خانی دایکیدا بە ئەوپەڕی دلۆڤانی و بایەخەوە پەروەردە کرا. بەڕاستی ناوی سالار زۆر گونجاو و شایستە بوو بۆ ئەم نەوە هەڵکەوتووە کە هەر لە منداڵییەوە نیشانەی زیرەکی و داهێنان و لێوەشاوەیی پێوە دیار بووە و، هەر لە تافی لاوێتییەوە وەکو پیاوێکی کامڵ و بە ئەزموون ڕەفتاری کردووە و، ڕێزی خۆی لای گەورە و بچووک سەپاندووە و، هەمیشە هەوڵی داوە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بنەماڵەکەی و عێلەکەیدا بەشدار بێت و شوێندەستی دیاربێت و، لە بەسەرهاتەکانی ژیان و ئەزموونەکانی خەڵکی تر پەند وەرگرێت و، لە مێژووی پڕ لە کارەساتی ناوچەکە و ئەو ڕووداو و یادەوەریانەی کە ڕووباری سیروان شایەتحاڵیان بوو شارەزا و سوودمەند بێت. سالار بەگ خوێندنی سەرەتایی لە کەلار و کفریدا تەواو کرد، ئەوجا ناردیانە شاری باقووبە بۆ تەواوکردنی خوێندن، لەوێ قۆناغی ناوەندیی بڕی و زمانی عەرەبی فێربوو، پاشان چووە شاری خانەقی بۆ تەواوکردنی پاشماوەی خوێندنەکەی و، لەو شارە خنجیلانەدا کاکە سالار وەک لاوێکی خوێنگەرم و قسەزان و کەسێکی هەڵکەوتوو و بە توانا و سەرنجڕاکێش بەدەرکەوت و، لەو تەمەنەدا بە نوێنەری قوتابیانی قۆناغی دواناوەندی لە خانەقیدا هەڵبژێردرا. هەر لەو دەمەدا کە کاکە سالار لە خانەقی دەبێت، شۆڕشی 14ی گەلاوێژ هەڵدەگیرسێت و کەشێکی پڕ لە حەماس و شۆڕشگێڕِی تێکڕا ناوچەکانی عێراق دادەگرێت و، چەندین حزب و گرووپی سیاسی جیاجیا لە گۆڕەپانەکەدا بەدەرکەوتن و پەیدا بوون. ئەوەبوو سالار بەگ بە کەسایەتییە بەهێز و کاریگەرەکەی خۆی توانیی سەرنجی گشت ئەو لایەن و گرووپانە، بە میانڕەو و توندڕەوییانەوە، بە چەپ و ڕاستیانەوە، بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. هەر هەموو ئەو لایەنانە دەیانویست کاکە سالار بۆلای خۆیان ڕابکێشن و سوود لە توانا و بەهرەکانی وەرگرن، وەلێ، سالار بەگ بە دانایی و وردبینی خۆی بڕیاری دا خۆی بە هیچ لایەنێکەوە نەبەستێتەوە، بەڵکو دۆستی هەمووان بێت. ئەوجا بەهۆی باری ئاڵۆزی وڵاتەوە داوود بەگی جاف کە سەرۆکی جاف و نائیبی پەرلەمانی عێراق بوو، بڕیاری دا وڵات بەجێبهێڵێت. جا پاش ئەوەی داوود بەگ ئاگاداری شای ئێرانی لەو بارەیەوە کرد و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە وەڵامی بۆ ناردەوە، بە ماڵ و منداڵەوە بەرەو ئێران گواستیانەوە. پاش ئەوەی ماڵی داوود بەگ (ساڵی 1959) لە کرماشان جێگیر دەبێت، کاکە سالار بەگ زۆر بە خێرایی زمانی فارسی فێر دەبێت، هەروەها دەبێتە یارمەتیدەر و یاوەری باوکی لە گەڕان و هاتووچۆکانیدا بەنێو ناوچەکانی جافدا لە ئێراندا و،

ڕۆڵێکی گرنگ لە یەکخستنی تیرە و هۆزە جیا جیاکانی جافدا دەبینێت و، لە دوای باوکی دەبێتە کەسی دووهەم لە نێو جافدا و بەگشت توانایەکییەوە دەکەوێتە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکانی عێلەکەی و هاوکاریکردنی هەژار و نەدارانی ئەو عێلە و تێکڕا ڕۆڵەکانی گەلی کورد. هەر لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا (ساڵی 1961)، سالار بەگ بە گشت توانایەکییەوە هاوکاریی ئەو شۆڕشە دەکات و لەو پێناوەدا پارەو دەرمان و چەک و تەقەمەنیی بۆ پێشمەرگەکان کۆ دەکردەوە و، ڕۆژنامەنووسە بیانییەکانی دەبردە کوردستانی عێراق بۆ ئەوەی بە جیهان ڕابگەیەنن کەوا گەلی چەوساوەی کورد لە پێناوی ئازادی و سەروەریی و مافی ڕەوای خۆیدا تێدەکۆشێت و دەجەنگێت. ئەوجا پاش بەسەربردنی چەند ساڵێک لە کرماشان، ماڵی داوود بەگ بۆ تاران دەگوێزێتەوە، لەوێ لەو شارە گەورەدا هەل و دەرفەتی زیاتر لە بوارە جیا جیاکانی ژیاندا بۆ سالار بەگ دەڕەخسێت. دوا بەدوای مردنی باوکیشی (1966)، کاکە سالار بە ئیش و کاری کشتوکاڵی و بازرگانییەوە خەریک دەبێت و زەوی و زارێکی زۆر لە سەرووی شاری تاراندا (ناوچەی خوڕەم دەرە - دۆڵی سەوز ) دەکڕێت و لەگەڵ براکانیدا پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی مەزن و مۆدێرن دروست دەکەن. لە پاش ساڵێک ئەو پڕۆژەیە دەبێتە یەکێک لە پڕۆژە کشتوکاڵییە نموونەیی و نایابەکانی سەرتاپا وڵاتی ئێران. ئەوەبوو وەزارەتی کشتوکاڵی ئێرانی پەیتا پەیتا شاندە بیانییە میوانەکانی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەهێنا تاوەکو بەچاوی خۆیان گەشەسەندن و پێشکەوتنی بواری کشتوکاڵیی ئێرانی ببینن. هەروەها پڕۆژەی ناوبراو حەوت هەزار مانگای شیردەر و دە هەزار سەر مەڕ و باخێکی سێو بە پانتایی 500 دۆنم و باخێک ترێ بە پانتایی 600 دۆنم (دۆنم= 2500م2) و گەلێک کێڵگەی بەرهەمی کشتوکاڵی تر و ئاڵکی ئاژەڵی گرتەخۆ. شانبەشانی ئەم پڕۆژە زەبەللاحە، کورەکانی داوود بەگ شارێکی گەشتیارییان لەو دەڤەرە جوان و کەش و هەوا خۆشەدا بنیاتنا و چەندین کۆگای ساردکەرەوەی پاراستنی میوەجات و کارگەی دەرگا و پەنجەرەی ئەلەمنیۆم و کارگەیەکی پێڵاویان دامەزراند. بەگشتی ئەم پڕۆژە ئابوورییە هەمە لایەنە گەورەیە بووبە یەکێک لە دیاردە مۆدێرنەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵیی نوێ لە ئێراندا. وێڕای ئەو چالاکییە ئابوورییە دیارانە، سالار بەگ چووە نێو واقیعی ژیانی سیاسیی ئێرانییەوە لە بەرینترین دەرگاکانییەوە، پاش ئەوەی حزبە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەی ئێران هەوڵیان دا بیهێننە ڕیزی خۆیانەوە.

لە سەرەتادا سالار بەگ پارتی (پان ایرانسیم)ی هەڵبژارد کە ئیدیعای داکۆکیکردنی لە ئازادیی گشت نەتەوەکانی وڵاتی ئێرانی دەکرد، لەو پارتەدا کاکە سالار بوو بە ئەندامێکی کاریگەر و ناسراو. بەڵام زۆری پێنەچوو بۆ سالار بەگ دەرکەوت کە ئەم حزبە لە پرەنسیپ و دروشمەکانیدا ڕاستگۆنییە، بۆیە وازی لە ڕیزەکانی هێنا. ئەوجا پارتی (ایران نوین- ئێرانی نوێ) داوای لێکرد بچێتە ڕیزییەوە. ئەویش بە پەسەندی زانی لە ڕیزی ئەو پارتەدا کاربکات، بە حوکمی ئەوەی حزبی دەسەڵاتدار بوو و، بە بڕوای کاک سالار ئەو توانایەی شک دەبرد خزمەتی ڕۆڵەکانی عێلەکەی و گشت میللەتی کورد لە ئێراندا بکات.

ئیدی، سالار بەگ لە ماوەیەکی کورتدا لەو حزبەدا بەدەرکەوت بووبە بەرپرسی حیزبی گشت تیرە و هۆزە ئێرانییە هەوادارەکانی پارتی ناوبراو، هەروەها بە ئەندامی ئەنجوومەنی شورای نیشتمانی ئێرانی لەسەر پارێزگای کرماشان هەڵبژێردرا و، داکۆکییەکی دڵسۆزانەی لە بەرژەوەندییەکانی جەماوەر کرد و، هەمیشە لە وەزیر و بەرپرسەکانی دەپرسییەوە و دوودڵیی نەدەکرد لە پشتگیریکردنی ماف و خواستەکانی ئەو خەڵکەی کە نوێنەرایەتیی دەکردن. ئەوجا لەگەڵ سەرەتاکانی (شۆڕشی ئیسلامی) لە ئێراندا، باری گرژی و ئاڵۆزی و بشێوی و دیاردەی خۆپیشاندان سەرتاپا وڵاتیان گرتەوە. زۆری نەخایاند بەهۆی ئەو سیاسەتە چەوت و نالەبارە کە شای ئێران لەو سەردەمەدا پەیڕەویی دەکرد، وەزعەکە زیاتر ڕووی لە ئاڵۆزی کرد و هەلێکی گونجاو بۆ ئاخوندەکان ڕەخسا دەسەڵات و توانای خۆیان لە ئێراندا بسەپێنن و، دەرفەت بۆ وڵاتە زلهێزەکان واڵا بوو دەست وەردنە نێو کاروباری وڵاتەوە.

بەو جۆرە خۆپیشاندانەکان لە دژی شا بوونە دیاردەیەکی ڕۆژانە، بۆیە شاش لەلایەن خۆیەوە داوای لە لایەنگرانی کرد خۆپیشاندانی پشتگیریی بۆ ساز بکەن، هەر لەو میانەدا لە سالار بەگ و براکانی خواست خۆپیشاندانی بەرچاوی لە ڕۆژئاوای ئێراندا بۆ ساز دەن، وەلێ سالار بەگ ئەو داوایەی بە پەسەند نەزانی. ئاخری لەسەر سوور بوونی دەرباری شاهنشاهی، نەخاسمە سەرۆکی تەشریفاتەکەی، سالار بەگ و براکانی بە داواکە قایل بوون و بەرەو ڕۆژئاوای ئێران بەڕێکەوتن و، لەوێ توانییان حەشاماتێکی زۆر کۆبکەنەوە و چەند خۆپیشاندانێکی گەورە لە سنووری پارێزگای کرماشاندا - بەبێ کۆسپ لە سەرەتادا- بەڕێوە ببەن. لە ڕاستیدا ئەم خۆپیشاندانانە نەیارانی شای ئێرانیان هەژاند و ترسی ئەوەیان لێ نیشت کە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە تێکڕا وڵاتی ئێران بگرنەوە، بۆیە دەستوبرد بە هاوکاری و هەماهەنگیی کەسانێک کە لە دەزگای هەواڵگریی ئێرانی (ساواک) دەرکرابوون، کەوتنە پیلانگێڕان بۆ کۆنترۆڵکردنی وەزعەکە لەلایەن خۆیانەوە. لە دواڕۆژی خۆپیشاندانەکانی هەوادارانی شادا لە شاری پاوەی باکووری ڕۆژئاوای کرماشاندا، هەندێک لە نەیارانی شاە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، لە ئاکامدا شەڕێکی قورس و خوێناوی لە نێوان هەردوولادا ڕوویدا و ژمارەیەک لە هەردوولا کوژران و برینداربوون. بەگشتی ئەم خۆپیشاندانانە دەنگێکی زۆر گەورەیان دایەوە، بەڕادەیەک کە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی و بیانییەکان ئاماژەیان پێکردن و لەسەریان نووسین (وەک: دێر شبیگل و لۆمۆند و تایمز...)، پاشان لە ئاکامی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەدا کە ترس و نیگەرانییەکی زۆریان لای نەیارانی شا داخستەوە، ئەوانە کەوتنە هەوڵی ئەوەی ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە هەر لە سەرەتاوە بنبڕکەن و نەهێڵن ببنە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی فراوان بۆ داکۆکی کردن لە شا. جا چونکە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئێرانییەکانی ئەو سەردەمە بەگشتی بە دەستی نەیارانی ڕژێمی شاهنشاهییەوە بوون، ئەوە ئەو لایەنانە هەڵمەتێکی چڕیان لە پڕوپاگەندەی ناڕەوا و بوختان هەڵبەستن دەرهەق بە سالار بەگ پیادە کرد، ئەمەش بووبە هۆی تۆقاندنی لایەنگرانی سالار بەگ لەلایەک و گوشارخستنە سەری حکوومەتی ئێرانی لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی داوا لە پەرلەمان بکات مافی پاراستنی پەرلەمانی (الحێانە البرلمانیە) لە سالار بەگ وەرگرێتەوە، بەڵام پەرلەمان داواکەی حکوومەتی پەسەند نەکرد و، لە جیاتی ئەوە بڕیاری دا سالار بەگ لە تەلاری ئەنجوومەنی شورادا دەستبەسەر بکرێت. پاش ڕووخانی ڕژێمی شاهنشاهی ئێرانی و هاتنی خومەینی و تاقمەکەی بۆ سەر حوکم، لە میانەی دادگاییەکی خێرا و ڕوو کەشدا کە تەنها چەند خولەکێکی خایاند حوکمی کوشتن بەسەر سالار بەگدا سەپێنرا و لە پاش چەند ڕۆژێک ئەو حوکمە ناڕەوایە جێبەجێ کرا

سالار بگ الجاف فى منزل أمير إحتشامى أمير منطقة گوران - كرمانشاه

سالار بگ الجاف فى إستقبال محمد رضا پهلوى شاه إيران ( مدينة كرمانشاه )

مع جنرال بيگلری قائد قوات حرس الملكى

سالار بگ الجاف فى مدينة جوانرود يلّبى طلبات الموا طنين

سالار بگ الجاف فى مدينة پاوه الأيرانية – محافظ كرمانشاه أول شخص من اليمين

سالار بگ الجاف مع أحد مرافقي شاه ايران فى القصر الملكى

سالار بگ الجاف مع والده وإخوانه السيد سردار بگ و سربست ( إيران- كرمانشاه- 1962 )

حەمە بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف

ەم زاتە ساڵی (1900) لە شێروانەدا هاتۆتە دونیاوە، پاشان لە سایەی خانەوادە ڕەسەنەکەیان و عێلە کۆچەرە گەورەکەیان پێگەیشتووە و هەڵکەوتووە تا بە تێپەڕبوونی کات کەسایەتییەکی لێهاتوو و ناوداری لەسەر ئاستی نیشتمانی و نەتەوەییدا لێ دەرچووە و، لە بواری ڕۆشنبیری و سیاسی و هزریدا توانا و بەهرەیەکی بەرچاوی نواندووە. ساڵی 1925، حەمە بەگ بەئەندامی ئەنجوومەنی دامەزراندنی عێراقی هەڵبژێردرا. پاشانیش بەشداریی لەو ڕاپرسییەدا کرد کە شاندی کۆمەڵەی گەلان (عێبە الامم) لە کەرکووکدا سازی دا سەبارەت بە لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە تورکیاوە یان هێشتنەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، حەمە بەگ زۆر بە توندی دژی لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە تورکیاوە وەستا. هەروەها حەمە بەگ، ساڵی 1928 بە نائیب لە پەرلەمانی عێراقیدا (لەسەر لیستی لیوای کەرکووک) هەڵبژێردرا و،

پێوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ سیاسی و ڕۆشنبیر و نائیبە کوردە دڵسۆزەکاندا بەست و، پێکەوە لای کاربەدەستانی عێراقی و ئینگلیز گشت هەوڵێکیان خستە گەڕ بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و خواستە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کورد. هەر لەو میانەدا ساڵی 1929 حەمە بەگ لەگەڵ هاوەڵە پەرلەمانتارەکانیدا: محەمەد موفتی (نائیبی مووسڵ)، جەمال بابان (نائیبی هەولێر)، محەمەدی حاجی حسێن (نائیبی کەرکووک)، سەیفوڵڵا خاندان و سەبری عەلی ئاغا (هەردووکیان نائیبی سلێمانی بوون) یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی عەبدولموحسین ئەلسەعدون و نوێنەری باڵای بەریتانی (المندوب السامی البریگانی) لە بەغدا کرد و تێیدا داوای جێبەجێ کردنی ڕاسپاردەکانی کۆمەڵەی گەلانیان لەمەڕ کێشەی کوردەوە و پێکهێنانی خودموختارییەکی سەربەخۆ بۆ کوردستان کرد، جا لەسەر ئەو بناغەیە بەڕێز نووری بەرزنجی بووبە پشکنەری گشتیی کوردستان و بارەگاکەی لە کەرکووک دانرا. پاشان حەمە بەگ و مەعرووف چیاووکی هاوەڵی (نائیبی هەولێر) پاداشتێکی تریان بەرز کردەوە بۆ نوێنەری باڵای بەریتانی (س. همفریز) و تێیدا جەختیان لەسەر خواست و داوا ڕەواکانی گەلی کورد کردەوە.

هەروەها لە کۆتایی بیستەکاندا، حەمە بەگ بە هاوکاری و هەماهەنگیی تاقمێک کەسایەتیی ژیر و هەڵکەوتووی سنووری قەزای کفری ڕێکخراوێکی سیاسییان بەناوی (پارتی ئازادی کوردستان) دامەزراند، بەڵام زۆری نەخایاند ڕێکخراوەکە بە بۆنەی بارودۆخی تایبەتی هەندێک لە ئەندامەکانییەوە و کۆچی دوایی هەندێکی دیکەیان، پەکی کەوت و لەناوچوو. ئەمەش ناوی هەندێک لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی ئەو ڕێکخراوەیە (جگە لە حەمە بەگ):>

1- رەئووف بەگ جەلال کەرکووکی
2- ئیبراهیم ئەدهەم
3- شێخ محەمەد گوڵانی
4- ساڵح زەکی بەگ
5- سەعید موفتی
6- شێخ ساڵح قەرەداغی.. هتد.
دیسان جێی ئاماژەیە کەوا حەمە بەگ لە ڕۆژی 18ی ئابی 1930دا و ، لە میانەی ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا کە لە قشڵەی کەرکووک بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای حکوومەت (بە سەرۆکایەتی جەعفەر عەسکەری جێگری سەرۆک وەزیران و مێجەر یاڵغ بریکاری مەندووبی سامی) ساز کرا، جەختی لەسەر ماف و خواستە ڕەواکانی کورد بەپێی ڕاسپاردەکانی کۆمەڵەی گەلان، کرد.هەر لەو کۆبوونەوەدا مشتوکڕێکی توند لەنێوان حەمە بەگ و حاجی عەبدوڵڵا یەعقووبی (کەسایەتیی کەرکووکی ناسراو) پەیدا بوو، لە میانەیدا حەمە بەگ زۆر بوێرانە داکۆکیی لەسەر ناسنامەی ڕەسەنی کوردستانییەتی کەرکووک کرد. حەمە بەگ لە ئاخر و ئۆخری تەمەنیدا، بە وێنەی شاعیری ناوداری خزمیان ئەحمەد موختار جاف گەیشتە ئەو بڕوایە کە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بە یاداشت و قسە و داوا دابین نابن، بۆیە هەردووکیان کەوتنە خولیای بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی چەکداری لە ناوچەکەدا و، بۆ ئەو مەبەستە گشت هەوڵ و توانایەکیان خستە گەڕ. وەلێ زۆری نەبرد، هەردووکیان لە بەهاری تەمەنیاندا،حەمە بەگ بە نەخۆشییەکی کتوپڕ لە 1/5/1934دا و ئەحمەد موختاریش بە گوللەیەکی نامەرد لە 5/2/1935دا، لە دونیا دەرچوون. نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کەوا حەمە بەگ لەپێناو پێشخستن و گەشەکردنی ناوچەی کەلاردا هەوڵ و کۆششێکی زۆری کرد، تەنانەت شارۆچکەی کەلار بە هیمەتی ئەو (ساڵی 1927) یەکەم قوتابخانەی سەرەتایی بە خۆوە بینی. لە بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیریشدا ئاماژە بەوە دەکەین کەوا حەمە بەگ گەلێک بابەت و نووسینی بەپێزی لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوکردەوە نەخاسمە لە گۆڤاری زاری کرمانجیدا کە مامۆستا حوسێن حوزنی مۆکریانی دەری دەکرد. هەمە بەگ ژیانی هاوسەرێ لەگەڵ مەلیحەخانی خانی کچی حسەین بەگی جافدا پێکهێنا و لە ماوەی ژیانی خێزانیاندا خوای مەزن دو کیژوکوریکی پێبەخشیوین

محمد بگ الجاف فى بارلمان العراق سنة (1930 )

محمد بگ - ومعروف جاوك فى الوسط

بهية خان

پريخان

محمد سعيد بگ

حەمە سەعید بەگی جاف

حەمە سەعید بەگی جاف کوڕی حەمە بەگ کوڕی فەتاح بەگ کوڕی محەمەد پاشای جاف ساڵی1926 لە کەلار هاتۆتە دونیاوە و هەر لەوێش لەو قوتابخانە سەرەتاییەدا کە بە هەوڵ و کۆششی باوکی بنیاتنرابوو دەستی بە خوێندن کردووە. کاتێک حەمە سەعید بەگ قوتابی پۆلی دووهەمی سەرەتایی دەبێت، باوکی کۆچی دوایی دەکات و بەو ڕووداوە دڵتەزێنە لە ناخەوە دەهەژێت. جا بە حوکمی ئەوەی کوڕە تاقانەی باوکی دەبێت، ڕووبەڕووی بەرپرسیارییەکی خێزانی قورس دەبێتەوە و بەو هۆیەوە، پاش ئەوەی خوێندەوارییەکی گونجاو وەدەستدینێت، ژیانی خۆی تەرخان دەکات بۆ سەرپەرشتیکردنی خانەوادەکەیان و بەڕێوەبردنی ئەرکی ماڵ و موڵکیان. پاشانیش لەگەڵ زێبا خانی ئامۆزیدا (کچی کەریم بەگ) دەبنە هاوسەر و پێکەوە تاڵی و شیرینی ژیان دەچێژن و لەسەر داب و نەریت و خەسڵەتی بنەماڵە ڕەسەنەکەیان دەڕۆن. حەمە سەعید بەگ هەرچەندە ئەرکێکی خێزانی و کۆمەڵایەتی قورسی کەوتبووە سەر، وەلێ ئەو بەردەوام کاتێکی بەرچاوی تەرخان دەکرد بۆ گەشت و گوزار و خوێندنەوە. هەر لەو میانەدا بایەخ و هەوڵێکی زۆری دەدا بۆ پەیدا کردنی کتێب و پەرتووک و بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمە و کۆکردنەوەیان لە کتێبخانە تایبەتییەکەی خۆیدا. لە سەرەتای چلەکاندا، حەمە سەعید بەگ چووە ڕیزی پارتی هیوا و تێیدا وەکو ئەندامێکی گەنج و خوێنگەرم و ڕۆشنبیر دەستی بە تێکۆشان کرد و، لە کۆنگرەی قەندیلەدا (کۆنگرەی هیوا لە گوندی گێژەکانی نزیک بە کەلار ساڵی 1945) بەشدار بوو، کە بۆ پشتگیریی شۆڕشی بارزان بەسترا. دیسان هەر لەو سەروبەندەدا وەک نووسەرێکی لێهاتوو لە گۆڤاری (گەلاوێژ) و ئەوجا گۆڤاری (هیوا) و پاشانیش لە بڵاوکراوەکانی دیکەدا بەدەرکەوت

بەرهەمە بڵاوکراوەکانیشی بە گشتی بریتی بوون لە بابەتی ئەدەبی هەمە جۆر، گوتار، بەرهەمی وەرگێڕدراو لە زمانی عەرەبی و فارسییەوە. ئیدی حەمە سەعید بەگ وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی پایەدار، هزرڤان و نووسەرێکی بلیمەت و غەمخۆر بۆ گەل و نەتەوەکەی بە گشتی و، چینی چەوساوە و هەژار و نەدار بەتایبەتی لەسەرتاپای ناوچەکە و دەرەوەیدا ناوبانگ دەردەکات و دەناسرێت. یەکێک لە هەڵوێستە دلێرانە و مەردانەکانی ئەم زاتە، بە هاناهاتن و داکۆکیکردنی بوو لەو شۆڕشگێڕانەی کە لە شاڵاو و هەڵمەتی گرتن و ڕاوەدوونان هەڵدەهاتن و پەنایان بۆ ناوچەکە دەهێنا، نموونەی تێکۆشەر خسرەو ڕۆزبە- ئەندامی دیاری پارتی (تودە)ی ئێرانی کە لە جەللادەکانی شای ئێران هەڵات و بەناوێکی خوازراوەوە هاتە کەلار و، ماوەیەکی زۆر لە میوانداریی حەمە سەعید بەگدا مایەوە. کاتێکیش گەڕایەوە ئێران، تا ئەو وەختەی گیرا و ڕەوانەی پەتی قەنارە کرا، هەرگیز پیاوەتیی حەمە سەعید بەگ و چاکەی کوردانی فەرامۆش نەکرد. هەمیسان جێی ئاماژەیە کەوا حەمە سەعید بەگ دۆستایەتییەکی پتەوی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە مەدەنی و سەربازییە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەی عێراقدا هەبووە ، زۆر لەوانە سەردانیان کردووە و ڕێزی تایبەتیان لێگرتووە، وەک زەعیم عەبدولکەریم قاسم کە پێشبەرپابوونی شۆڕشی 14ی گەلاوێژ (ساڵی 1958) لە (مەنسوریە) دەبێت و، لەگەڵ ئەفسەرەکانی هاوەڵیدا سەردانی ماڵی حەمە سەعید بەگیان لە کەلار دەکرد و دەچوونە کتێبخانەکەی و کتێبی جۆراوجۆریان لێ وەردەگرت. پاش بەرپابوونی شۆڕشی ناوبراو، حەمە سەعید بەگ بۆ پیرۆزباییکردن سەردانی (قاسم)ی کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی موڵک و زەوییەکانی بە هەژار و جوتیارانی ناوچەکە ببەخشێت. ئەویش سوپاسی ئەو هەڵوێستەی کرد و وای بە پەسەند زانی ئەو دەستپێشخەرییە دوابخرێت بۆ کاتی دەرچوونی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی. لە کۆتایی پەنجاکاندا حەمە سەعید بەگ بە ماڵەوە چووە شاری خانەقی، ئەوجا ساڵی 1960، لەوێشەوە گواستیانەوە بۆ بەغدا و، لەوێندەر لە یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی نیشتەجێکردندا دامەزرا. وەلێ، پاش کودەتا شوومەکەی ساڵی 1963 حەمە سەعید بەگ لە کار دەرکرا و ماوەیەکیش زیندانیی چەشت.

لە ماوەی (1967-1968)دا حەمە سەعید بەگ بووبە یەکێک لە ئەندامانی دەستەی ئیمتیازی ڕۆژنامەی (التاخی)- قۆناغی یەکەم- پاشانیش لە (برایی) پاشکۆی کوردیی (التاخی)دا کاری کرد. لەو ساڵانەی حەمە سەعید بەگ و خانەوادەکەی لە بەغدادا دەژیان، ماڵەکەیان ببووە جێی حەوانەوەی خەڵکێکی زۆر، لە ڕێبوار و نەخۆش و نەدار و قوتابی و لێقەوماوانی میللەتەکەمان، کە پەنایان بۆ ئەو خانەوادە بەڕێزە دەبرد. ئەوانیش سەرباری کەمدەرامەتی و باری ژیانی دژواریان بە ئەوپەڕی میهرەبانی و دڵسۆزییەوە خزمەتی ئەو خەڵکەیان دەکرد . ساڵی 1969 حەمە سەعید بەگ و ئەندامانی خێزانەکەی، بە هۆی بارودۆخی ئەو سەردەمە وڵاتیان بەجێهێشت و وەک زۆر لە بەگزادەکانی جاف لە ئێران نیشتەجێبوون. لە سەرەتای حەفتاکاندا زێبا خانی هاوسەری دلۆڤان و ئازیزی حەمە سەعید بەگ لە دوورە وڵات لە تاران کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێ بە خاک سپێردرا . ساڵی 1979 حەمە سەعید بەگ و خزمانی بۆ وڵات گەڕانەوە و پێِشوازییەکی شایستەیان لێکرا، ئەوجا سەر لەنوێ لە باوەشی خاکی نیشتمانی ئازیزدا پەرەی بە ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و هزریی بێوچانی خۆی دایەوە و، لەسەر ڕەوشت و هەڵوێست و ڕەفتارە بەرز و نەگۆڕەکانی بەردەوام بوو . مخابن، زۆری نەبرد بەهۆی ڕووداوی ئۆتۆمبیل (زیاتر لە جارێک) و پێکانی لاقی بە خەستی، باریی تەندروستیی تێکچووو، ساڵی 1991 بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی سەردانی ئەڵمانیای کرد و باری تەندروسیتی بە شێوەیەکی بەرچاو چاک بووەوە. بەڵام کۆچی دوایی کتوپڕی ئەدیب و تێکۆشەر نەبەرد جافی کوڕی (ساڵی 1993) لە ناخەوە هەژاندی و غەمێکی زۆری بۆ بەجێهێشت. کەچی وێڕای ئەو ئازارە سەختانە، حەمە سەعید بەگ لە نووسین و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەدا کۆڵی نەدا و جگە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، دەستی کرد بە تۆمار کردنی بیرەوەرییەکانی و دانانی کتێبێکی ئەنسکلۆپیدیایی گرنگ لەسەر عێلی جاف، تا لە شەوی 25/3/1996دا کۆچی دوایی کرد و لە پاش خۆی گەلێک بەرهەمی بەپێزی بۆ بەجێهێشتین، دیارترینیان کتێبی (ئاوارە)یە کە بریتییە لە 1000 لاپەڕە هەمە سەعید بەگ ژیانی هاوسەرێ لەگەڵ زیباخانی کچی کریم بەگی جافدا پێکهێنا و لە ماوەی ژیانی خێزانیاندا خوای مەزن دو کیژ وسآ کوری پێبەخشیوین

محمد سعيد بگ الجاف فى مؤتمر المعلمين فى شقلاوه

مع شيخ محمد أمين فى نادى الفيليين - بغداد

دربند بالكيان كردستان العراق

ناوخوان – كردستان إيران - 1979

زيبا خانم

جوان

كسرى

خسرو

ژيان

نبرد

من الكتب المنشورة لـ محمد سعيد بگ الجاف


مع كريم بگ رئيس قبيلة الجاف وشوكت بگ ومحمد رشيد بگ – كلار - 1946

مستەفا بەگی جاف

کەسایەتیی ناودار و کوردپەروەر و جوامێر و بەخشندە و قسە خۆش، مستەفا بەگی کەریم بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف لە پاییزی 1921دا لە شارەزوور کاتێک بنەماڵە و هۆزەکەی لە کوێستانەوە بەرەو گەرمیان کۆچ دەکەن، چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. لە تەمەنی 6 ساڵیدا بۆ خوێندنی سەرەتایی نێردراوەتە کفری، ئەوجا قۆناغی ناوەندیی لە سلێمانیدا تەواو کردووە. جا هەرچەندە مستەفا بەگ وای نیازبوو زیاتر بخوێنێت و لە بواری سەربازیدا دابمەزرێت، بەڵام لەسەر خواستی کەریم بەگی باوکی، سەرۆکی جاف، واز لەو نیازە دەهێنێت و لە نێو بنەماڵە و عێلەکەیدا بە تەواوی جێگیر دەبێت و، لەسەر دابونەریتی کۆمەڵایەتی و خێڵەکیی کوردەواریی ڕەسەن ڕادەهێنرێت و، بە سوارچاکی و جوامێری و شەیدای مێژوو و ئەدەب و شیعری نەتەوە دێرینەکەی دەناسرێت. لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، مستەفا بەگ لەسەر خواستی مامۆستا ڕەفیق حیلمی دەچێتە ڕیزی پارتی هیوا و ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕیزەکانی ئەو پارتە لە گەرمیاندا دەبینێت، لە کۆنگرەی هیوادا لە گوندی گێژەکان (ساڵی 1945) بەشداری دەکات، لەسەر بڕیاری ئەو کۆنگرەیە و، بە مەبەستی پشتگیریکردن لە شۆڕشی بارزان، مستەفا بەگ فەرماندەیی چەکدارانی جاف دەکات و هاوکات لەگەڵ سەرۆک و چەکدارانی هۆزەکانی تاڵەبانی و جموور و باجەڵان پەلاماری چەند بنکە و پێگەیەگی میری لە ناوچەکەدا دەدەن و تەقەیان لێدەکەن، بەڵام بێ ئەوەی ئاکامێکی بەرچاو وەدەستبهێنن. ساڵی 1947 مستەفا بەگ دەچێتە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و بە گوڕوتین و ورەیەکی نوێوە لەسەر خەباتی کوردایەتی بەردەوام دەبێت. پاشان لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا (ساڵی 1961) بە یاوەری ژمارەیەکی زۆر لە ناوداران و چەکدارانی جاف بەشداری لە ڕاپەڕینە ناودارەکەی دەربەندیخاندا دەکەن. کاتێکیش میری بەزەبری هێزی سەربازی ناوچەکە دەگرێتەوە، مستەفا بەگ و هەندێک لە خزم و هاوەڵانی دەچنە شاخی سورێن و لەلایەن میرییەوە فەرمانی گرتنیان دەردەچێت. پاش تێپەڕبوونی نۆ مانگ، مستەفا بەگ و هاوەڵانی بە نهێنی بۆ کەلار دەگەڕێنەوە، بەڵام شەوێک لە شیرینخەودا غافڵگیر دەکرێن و دەگیرێن، دواتر لە کەرکووک حوکمی لە سێدارەدانیان دەدرێت. وەلێ، بە هەوڵ و کۆششی حەمە سەعید بەگی ئامۆزای مستەفا بەگ و چەند پارێزەرێکی ناسراو حوکمەکە بۆ بەند کردن سووک دەکرێت، دواییش (پاش شەش مانگ) لە لێبوردنێکی گشتیدا ئازاد دەکرێن. کەچی مانگێک زیاتری نەخایاند، مستەفا بەگ لەسەر هەڵوێستی کوردانەی ڕەسەنی خۆی جارێکی تر دەگیرێتەوە و دوومانگ لە بەندیخانەی کفریدا بەسەردەبات. لە کۆتایی ساڵی 1962 دا بە هەمانشێوە، لە کەلارەوە بۆ خانەقی و لەوێشەوە بۆ سەماوە دوور دەخرێتەوە، دواتر بە هەوڵی خزمانی، مۆڵەتی دەدەن بۆ کەلار بگەڕێتەوە. ساڵی 1963 پاش دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان میری و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، مستەفا بەگ دەچێتەوە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و ماوەیەک وەک ئەفسەری پێوەندی (چابگ ارتباگ) لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و عەشیرەت و تیرەکانی کورددا کار دەکات.

هەروەها بەشداریی بەرچاو لە نەبەردییەکانی دەڤەری گەرمیاندا دەکات. پاشان ساڵی 1964 بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، وەک نوێنەری عێلی گەورەی جاف، هەڵدەبژێرێت. ساڵی 1970 مستەفا بەگ دەچێتە ئێران و تا ساڵی 1979 بە خاوخێزانەوە لەوێ ژیان دەبەنەسەر. کاتێکیش بۆ عێراق دەگەڕێنەوە، یەکەمجار لە بەغدا نیشتەجێ دەبن. ئەوجا ساڵی 1983 مستەفا بەگ بە ماڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کەلار و لە نزیک قەڵای شێروانە و ڕووباری سیرواندا ماڵ و دیوەخانێکی شکۆدار دروست دەکات و تێیدا ساڵانێکی پڕ لە شکۆ و سەروەری بەسەر دەبات. لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان (بەهاری 1991) و، تا دوا ساتەکانی تەمەنی، مستەفا بەگ وەکو کەسایەتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی هەرە دیار و خەسڵەتبەرز و دڵسۆز بە ڕێبازی بارزانی خزمەتی نەتەوە و گەل و عێلەکەی دەکات.

تا ئەو کاتەی نەخۆش دەکەوێت و بۆ چارەسەریی پزیشکی دەبرێتە بەغدا و لەوێ شەوی 30/7/1997 کۆچی دوایی دەکات و لە مەراسیمێکی شکۆداردا تەرمەکەی بۆ کەلار دەهێنرێتەوە و، لە گۆڕستانی سەیید خەلیلدا بە خاک دەسپێرێت و پرسەی شایستەی لە کەلار و بەغدا و هەولێر.. بۆ ساز دەکرێت. مستەفا بەگ لە هاوسەری یەکەمی ڕەحمەتی عەفاو خانی ڕەزا بەگ سێ کوڕ (هەڵگورد بەگ، شاهۆ بەگ، ئەلبورز بەگ) و دوو کچ (سوهەیلە و نەسرین) و لە هاوسەری دووهەمیشی مەلیحە خان گڵاڵی سێ کوڕی بەناو (ئەمیر، ئاری، سەروەت)، لێ بەجێماوە و نموونەی ئەمەک و وەفادارین بۆ باوکی بەڕێزیان.

مصطفى بگ الجاف مع عدد من الپيشمرگه قبيلة الجاف

مصطفى بگ الجاف مع السيد مسعود برزانى

عفيفة خانم

سهيلا

نسرين

هلگرد

شاهو

البرز

ئەدیب و ئەندازیار خوسرەو جاف

ئەدیب و هونەرمەند و ئەندازیار خوسرەو جاف لە شەوی نەورۆزی ساڵی 1945دا لە گوندی کەلار، و لە ئامێزی خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و پایە بەرزی بەگزادەی جاف چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، حەمە سەعید بەگی باوکی وەکو باسمان کرد کەسایەتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی تێکۆشەر و خامە ڕەنگین و هزرڤانێکی هەڵکەوتووی بزاڤی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ڕۆژنامەڤانیی وڵاتەکەمان بوو و، بەرهەمە بەپێزەکانی ئەو بە درێژای چل ساڵ زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییە جیاجیاکانی دەڕازاندەوە، دایکی کاکە خوسرەو، خاتووە میهرەبانی بەڕێز زێبا خانی کچی کەریم بەگ یەکێک بوو لە هەڵکەوتووترین و دیارترین ئافرەتانی سەردەمی خۆی. لەڕاستیدا خوسرەو جافی ئەدیب و بلیمەت بە نموونەیەکی دەگمەن و کەم وێنە لەنێو داهێنەرانی نەتەوە و گەلەکەماندا دەژمێردرێت چ لە ڕووی ڕفتاری شۆڕشگێڕانە و دلێرانەی و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤایەتییە ڕەسەنەکانییەوە، یاخود لە ڕووی فرەلایەنی و هەمە جۆری و دەوڵەمەندیی بەرهەم و بەخششە ئەدەبی و هونەریەکانییەوە کە سنووریان بۆ نییە. بەڵێ کاکە خوسرەو، ئەو پێشمەرگە شۆڕشگێڕە بوو کە چەکی شەرەفی هەڵگرت و لە پێناوی کورد و کوردستاندا خەباتی کرد، پاشانیش ساڵانێکی دوورو درێژی لە غوربەتدا بەسەربرد و تاڵاو و ناخۆشیی دوورەوڵاتی و دەربەدەریی چەشت. هەمیسان کاکە خوسرەو ئەو ئەندازیارە بیناسەزییە هەڵکەوتووە و هونەرمەندە شێوەکارە بلیمەتەیە کە بەرهەم و کارەکانی شایەتی داهێنان و نوێخوازی و ڕەسەنایەتی و لێوەشاوەیی بۆ دەدەن،

هەمیسان کاکە خوسرەو ئەو نووسەر و وەرگێڕە توانادارەیە کە خامە بە بڕەشتەکەی لە چەندین بواری داهێناندا خستووەتە گەڕ، بەر لەمانەش هەموویان، کاکە خوسرەو ئەو ڕۆمانڤان و چیرۆکنووسە باڵادەستەیە کە لە نێو ئەدەبی کوردی و عێراقیی هاوچەرخەدا شوێنێکی بڵند و هەرە دیاری هەیە. ئەوەی دیقەت لە بەرهەمە هەمەجۆرەکانی خوسرەو جاف بدات، چ بەرهەمە ئەدەبییەکانی یاخود بەرهەمە هونەرییەکانی، دەبینێت ئەم بەرهەمانە پڕن لە داهێنان و تایبەتمەندی و نوێخوازی وڕەسەنایەتی و. نەخشە و مۆدێل و کارە ئەندازیاری و بیناسازییەکانی کاکە خوسرەو جگە لە تایبەتمەندییان تاڕادەیەکی زۆر سەیر و سەرنجڕاکێشن و مۆرک و داهێنان تایبەتمەندیی ئەم هونەرمەندە دەستڕەنگینەیان پێوە دیارە، بەڕادەیەک کە بینەرێکی هونەردۆستی وریا هەرکە خانوویەک یان بینایەک لە دوورەوە ببینێت و لە دەرەوە تەماشایەکی خێرای بکات دەتوانێت بڕیار بدات و بڵێت، ئەم کارە لە نەخشە و داهێنانی خوسرەو جافە! لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش، کاکە خوسرەو ئەو مرۆڤە دلۆڤان و بەخشندە و خەسڵەتبەرز و سادە و خۆشەویستەیە کە تێکڕا خەڵکی خۆش دەوێت و ڕێز لە گشت لایەک دەگرێت و بە خۆشییان دڵخۆش دەبێت و بە کارەسات و ناخۆشییان ناڕەحەت دەبێت و ئازار دەچێژێت، هەروەها ئەو هاوەڵە خێرۆمەند و خۆشمەعشەرەیە کە هاوڕێ و دۆستەکانی خۆشیان دەوێت و ڕێزی لێدەگرن، ئەو باوکە میهرەبان و باپیرە دڵ پڕ لە خۆشەویستییەیە کە خانەوادە و مناڵ و کەنیزاکانی خۆی خۆش دەوێت و ئاگاداری لەژیان و داهاتوویان دەکات. زۆر بە کورتی خوسرەو جاف تا بڵێی مرۆڤێکی زۆر گەورەیە و داهێنەرێکی ڕاستەقینەیە هەر لە تەوقی سەرییەوە تا نووکی پەنجەی پێیەوە، تیشک و شەوقی کەسایەتی و داهێنانی ئەم زاتە، چاو و هەست و دڵ و دەروون سەرسام دەکەن و دەحەپەسێنن. ڕوحی شەیدای کاکە خوسرەو بە ئازادی و داهێنان هەمیشە ناسرەوێت و ئۆقرە ناگرێت و لە تەکاندایە بەرەوپێش، هەر دەڵێی ئەو کەشتییە خێرایانەیە کە دەریا تەی دەکەن و ناوەستن. لە شیعرەکانیشدا هەست بە شۆڕش و گۆڕان و عیشقێکی سۆفییانەی زیندوو دەکەیت، وشەکانی وەک دانەی ئەڵماز وەهان لە تاریکیدا دەدرووشێنەوە، لە ڕۆمانەکانیدا مەیلێکی مێژوویی ئاشکرا بۆ تۆمارکردنی چەند لایەنێک لە ڕابردووی کۆن و نزیکی کورد، بەدیدەکەین، بەڕادەیەک ئەم مەیل و خواستە لە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆمانەکانیدا بە شێوەیەک لە شێوەکان دیارن و ڕەنگیان داوەتەوە. ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانی کاکە خوسرەو تائێستا 32 کتێبە کە ژمارەیەک ڕۆمانی بەپێز دەگرنە خۆ وەک: کۆردەرە، هیچ، پاشایان کوشت کە ڕۆمانێکی مێژوویی زۆر دیار و بوێرانەیە، ڕاز، گەماڵ، دەربار کە بەم دواییە لەلایەن دەزگای ئاراسەوە بە چاپ گەینرا. ئەم ڕۆمانە کۆمەڵایەتییە مێژووییە دوورو درێژە لە 8 بەرگدایە و لە ڕووی شێوە و ناوەڕۆکەوە لە تێکڕا ئەدەبی کوردیدا نموونە و هاوتای نییە، بگرە لە ئەدەبی ناوچەکە و دەرەوەشدا، بە کارێکی سەرنجڕاکێَش و کەم وێنە دادەنرێت. هەروەها لە نێو خەرمانی کتێب و بەرهەمەکانی دیکەی خوسرەو جافدا تەنها ئاماژە بە کتێبە بایەخدارەکەی لەمەڕ خەیام، و کتێبە شاکارەکەی دائیرەتولمەعاریف.. دەکەین. ئەمە جگە لەو پڕۆژە و دەستنووسانەی لەبەر دەستی کاکە خوسرەو دان و پشت بەخوا لە ئایندەدا دەکەونە بەر دەستی خوێنەران. کاکە خوسرەو و هاوسەرە بەڕێزەکەی خورشیدەی داوود بەگی جاف خاوەنی کوڕێک و کچێکن بەناوی، وەیس (لە کۆلیژی ڕاگەیاندن/ زانکۆی بەغدا دەخوێنێت، گلارا دەرچووی زانکۆی تیکنۆلۆژییە/ بەشی کیمیا، بەغدا).

من تصاميم مهندس خسرو الجاف

من تصاميم مهندس خسرو الجاف

گلا ره   ويس

السيدة خورشيده

سەرتیپ بەگی شەوکەت بەگ

سەرتیپ بەگی شەوکەت بەگی ئەحمەد بەگی مەحموود پاشای جاف، دایکی ناوی ئامینە خانی ڕەزا بەگی فەتاح بەگی محەمەد پاشای جافە لە 20/7/1944دا لە کەلارهاتۆتە دونیاوە و پێگەیشتووە . جا هەرچەندە شەوکەت بەگی باوکی زەوی و زارێکی فراوانی لە ناوچەی شارەزوور و سراوی سوبحان ئاغادا شک دەبرد، بەڵام ئەو وای بە پەسەند زانی لە کەلار لە نزیک خاڵوانیدا کەریم بەگ سەرۆکی جاف و داوود بەگ بمێنێتەوە و لەوێ ژیان بباتەسەر. سەرتیپ بەگ خوێندنی سەرەتایی لە کەلاردا تەواو کرد، پاشان لە کۆتایی پەنجاکاندا ماڵیان باری کردە بەغدا و لەوێ لە دواناوەندیی شەرقییەدا لەسەر خوێندن بەردەوام بوو و، لە تەمەنی شازدە ساڵیدا (1960) دەستی بە چالاکی سیاسی کرد و بووبە بەرپرسی رێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە قوتابخانەی ناوبراودا، هەر لەو ساڵەشدا چووە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە. ساڵی 1961 سەرتیپ بەگ پێوەندیی بە زانکۆی حیکمەوە (زانکۆی ئەمریکی) لە بەغدادا کرد و لە بەشی ئەندازیاریی شارستانییدا (الهندسە المدنیە) پەرەی بە خوێندنەکەی دا. شانبەشانی خوێندنەکەشی ئەرکی بەرپرسێتیی رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە زانکۆی ناوبراودا پێ سپێردرا. دوایی خۆی گواستەوە بۆ زانکۆی بەغدا و، لەوێش جگە لە خوێندنەکەی، وەک ئەندام لێژنەیەکی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان پەرەی بە خەباتی سیاسیی خۆی دا. پاش ئەوەی سەرتیپ بەگ بڕوانامەی دیپلۆمی لە ئەندازیاریی پیشەسازیدا وەدەستهێنا، چووە کۆلیژی تیکنۆلۆژیا لە زانکۆی (المستنێریە) و لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانییدا بە پلەی (زۆر باش) وەدەستهێنا و بەیەکەم لەسەر بەشەکەی خۆی دەرچوو. سەرتیپ بەگ زیاتر لەسەر خوێندن و فێربوون ڕۆیشت و ساڵی 1963 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا و سیاسەتدا (القانون و السیاسە) وەدەستهێنا. ئەوجا لە سەردەمی تێکچوونی باری سیاسیی عێراق و ئەو گوشار و تەنگژانەی خرانە سەر چالاکیی سیاسی و حزبیی گەلی کورد و، پەێڕەوکردنی خەباتی نهێنییانە لەلایەن ڕۆڵەکانی گەلەکەمانەوە بەناچاری، سەرتیپ بەگ خەبات و ڕۆڵێکی سیاسیی بەرچاوی لەو قۆناغەدا گێڕا و خزمەتێکی کاریگەری بە خەباتی کوردایەتی کرد. هەر لەو سەردەمەدا لەسەر داوای بەڕێز نەوشیروان مستەفا بەرپرسی حزبیی یەکەمی سەرتیپ بەگ، کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە ماڵی ئەواندا (مەبەست ماڵی باوکی کاکە سەرتیپە) بەسترا و تێیدا جگە لە کاک نەوشیروان، شەهید محەمەد سدیق محەمەد عەبدولوەهاب و بەڕێز عەلی کەمال حاجی عەبدوڵڵا ئامادەبوون و تاوتۆێی بارودۆخەکەیان کرد و پلانێکیان بۆ پیادەکردنی چالاکی سیاسی نەتەوەیی کورد لەو قۆناغە ناهەموارەدا دانا. ساڵی 1966 سەرتیپ بەگ وەک ئەندامێکی لێژنەی سەرکردایەتیی قوتابیان لە بەغدا شانبەشانی د. نەوزاد ساڵح و ئەندازیار سالار جەلال، کاری کرد و کۆشا، ئەوەبوو بەڕێز مام جەلال لە کۆبوونەوە نهێنییەکەیاندا (کۆبوونەوەی لیژنەی سەرکردایەتی قوتابیان) ئامادە بوو و، ڕێنمایی و ڕاسپاردەی پێویستی پێشکەشکردن. ساڵی 1968 سەرتیپ بەگ بووبە ئەندامی لیژنەی بەغدا و لەگەڵ بەڕێزان شازاد سائیب و سەربەست بامەڕنی و محەمەد عەبدولوەهاب ئەرکی بەرپرسێتیی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانیان پێ سپێردرا، هەروەها کاکە سەرتیپ بۆ کۆنگرەی یەکێتی قوتابیان (لە گڵەزەردەی لای سلێمانی) کاندید کرا. هەمیسان کاکە سەرتیپ شانبەشانی شەهید ڕوشدی عەلی شەریف و کەمال شالی و ئیبراهیم پشدەری بە ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبردنی فەرمانبەرانی کورد لە بەغدا دانرا. هەر لەو ساڵەدا (1968) کاتێک کۆنگرەی لیژنەی ناوخۆیی بەسترا، کاکە سەرتیپ ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی ببێتە یاوەری بەڕێز مام جەلال بۆ ئەو کۆنگرەیە، ئەوەبوو بە ئۆتۆمبیلە تایبەتییەکەی خۆی بەڕێز مام جەلال و شەهید ڕوشدی عەلی شەریف و کەمال شالیی گواستەوە بۆ کۆنگرەی ناوبراو. ساڵی 1970 سەرتیپ بەگ بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکای ئەندازیارانی عێراقی وەکو نوێنەری گرووپەکەی مام جەلال، هەروەها بە ئەندامی شاندەکەی ئەندازیارانی عێراقی هەڵبژێرا کە بە سەرۆکایەتیی نەقیبی ئەندازیارانی عێراقی سەردانی وڵاتی سوودانیان کرد. لەوێ لە سوودان کاکە سەرتیپ چەندین کتێب و بڵاوکراوەی جۆراوجۆری بەسەر ئەندامانی شاندەکانی وڵاتە جیاجیاکانی تردا دابەشکرد بۆ ئەوەی شارەزاییان هەبێت لەمەڕ کێشەی کورد و خەباتە ڕەواکەیان لە پێناو مافە نەتەوەییەکانیاندا. هەمیسان کاکە سەرتیپ یەکێک بوو لە ئەندامانی لێژنەی یەکگرتنی هەردوو بەشەکەی ئەندازیارانی کورد (مەبەست لایەنگرانی بەڕێزان بارزانی نەمر و هەڤاڵ مام جەلالە) و لەو پێناوەدا پێوەندیی بە ئەندازیاران شەهید سامی عەبدولڕەحمان و شەهید دارا تۆفیقەوە کرد و، لەسەر بەستنی کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە ڕێککەوتن و، تێیدا ژمارەیەک لە ئەندازیارانی کورد ئامادەبوون، لەوانە، دارا تۆفیق، سەردار عەبدولڕەحمان، کەمال عارف.. هتد. ساڵی 1974 سەرتیپ بەگ بەهۆی بارودۆخی تایبەتییەوە ڕووی کردە وڵاتی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و، لەوێ زمانی ئەڵمانی فێربوو و، لە کۆمپانیای (لویس فیشەر) دامەزرا، ئەوجا بووبە نوێنەری کۆمپانیای ناوبراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا. ساڵی 1976 سەرتیپ بەگ بووبە بەڕێوەبەری یەکێک لە پڕۆژەکانی کۆمپانیای ناوبراو بۆ دروستکردنی کارگەیەکی رستن و چنینی لۆکە لە دیوانییەی باشووری عێراقدا. ئەوەبوو کاکە سەرتیپ هەستا بە دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لەو هەزاران کوردە دەربەدەر و دوورخراوانە کە لەو سەردەمەدا لە ژیانێکی سەخت و ناهەمواردا دەژیان. جێی ئاماژەیە کەوا 500 کرێکار لەو ژمارە زۆرەی کاکە سەرتیپ دایمەزراندن، لە بارزانییەکان بوون. سەرتیپ بەگ بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ، لە پڕۆژەکانی کۆمپانیای ناوبراودا لە عێراق کاری کرد و، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارمەند و ئەندازیارانەی لەگەڵیدا کاریان دەکرد کورد بوون. پاشان سەرتیپ بەگ دەستی کرد بە کاری تایبەت لە بواری بەڵیندەرایەتی و بازرگانی و کاروباری پیشەسازی لە بەغدا و کوردستانی عێراقدا. هاوکات وەخت و هەوڵ و سامانێکی زۆری لە بواری کاری خێر و هاوکاریکردنی خێزانە هەژار و نەدارەکاندا تەرخان کرد و، بە دڵێکی پاک و بێگەرد و پڕ ئیمانەوە ڕووی لە جیهانی تەسەووف و خواپەرستی کرد و بووبە یەکێک لە موریدەکانی شێخی پایەبەرز عەبدولقادر گەیلانی و سەردانی ماڵی خوای کرد و بووبە حاجی. سەرتیپ بەگ و هاوسەرەکەی تابانی داوود بەگ خاوەنی پێنج جگەرگۆشەن کوڕێک بەناوی ئەحمەد و چوار کچ بەناوی، شلێر، سیما، شەم، سایە

سيما

شَم

شلير

السيدة تابان

أحمد

سرتيپ مع والده و والدته - بغداد

د. حەسەن جاف

د. حەسەنی کەریم بەگی فەتاح بەگی محەمەد پاشای جاف لە بەرواری 22ی ئەیلوولی 1941دا لە کەلار هاتۆتە دونیاو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە کفری و ئامادەیی لە خانەقی تەواو کردووە. پاشان لە بەشی مێژوو، کۆلیژی ئاداب/ زانکۆی بەغدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە (ساڵی 1966). ئەوجا بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵا چووەتە تاران و لەوێ (لە کۆلیژی ئاداب/ زانکۆی تاران) بڕوانامەی ماجستێری (ساڵی 1972) پاشانیش ساڵی 1974 بڕوانامەی دکتۆرای لە شارستانییەتی ئیسلامیدا لە کۆلیژی ئیلاهیات و زانستە ئیسلامییەکاندا (هەر لە زانکۆی تاران) وەرگرتووە. ساڵی 1975، بە مامۆستای یاریدەدەر لەو کۆلیژەدا دامەزراوە و تا هاتنی خومەینی بۆسەر حوکم وانەی گوتووەتەوە. ئەوجا لەگەڵ خانەوادە و خزمانیدا بەهۆی بارودۆخ و پێشهاتە سیاسییەکانی ئێرانەوە، بەرەو عێراق گەڕانەوە. لە سەرەتادا، د. حەسەن بە مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی مێژوو، کۆلیژی ئاداب/ زانکۆی بەغدا دامەزرا، پاشانیش کرا بە بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئەوقافی عێراقدا. پاش بەرپابوونی جەنگی عێراق- ئێران (ساڵی 1980) د. حەسەن بەشداریی لە خەباتی چەکداریی بزووتنەوەی ئۆپۆزۆسیۆنی کوردیی ئێرانیدا لە دژی ڕژێمی ئاخووندەکاندا، کرد و، بووبە بەرپرسی بەرەی هەڵەبجە و، لەو ئەرکەدا بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ساڵی 1983 بەهۆی نەخۆشییەوە پشووی لێدا. ساڵی 1985 د. حەسەن بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقی لەسەر لیستی پارێزگای سلێمانی هەڵبژێردرا، هاوکات چالاکییەکی بەرچاوی لە نووسین و لێکۆڵینەوەدا، نەخاسمە لە بواری مێژووی کورد و کوردستاندا، نواند و، چەندین باس و لێکۆڵینەوە و نووسینی لەو بوارەدا وەئەنجام گەیاند.،

ئەمانەش ناوی کتێبە چاپکراوەکانییەتی (الوجیز فی تاریخ ایران، چوار بەرگە بە عەرەبی، ئەم قسانە بەم پێوانە ڕەواجیان نەماوە، گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان ساڵی 1820 (وەرگێڕاوە بۆ فارسی). هەروەها د. حەسەن گەلێک باس و بابەتی هەمە جۆری لە چاپەمەنییە کوردی فارسی و عەرەبییەکاندا بڵاو کردۆتەوە، تائێستاش لە بواری دەرس گوتنەوە و لێکۆڵینەوە و نووسیندا بەردەوامە. هەروەها د. حەسەن سەرۆکی بەشی مێژوو و مامۆستای پەیمانگای مێژووی عەرەبی بۆ خوێندنە باڵاکان، بوو. د. حەسەن لە میانەی خەباتی نەتەوەیی کورد و خەباتی نیشتمانی عێراقیدا، بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە و شوێندەستی دیار بووە، ئەوەبوو لە ساڵی 1962دا لە چێوەی لێژنەی باڵای یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا بەشداریی لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانی قوتابیاندا کرد و، بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە خۆی و هاوەڵەکانی لە قوتابیانی زانکۆ لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا گیران و بە پێنج ساڵ زیندانی حوکم دران، بەڵام پاش کوودەتاکەی 1963 ئازاد کران.

ئەوجا د. حەسەن چووە ڕیزی شۆڕی ئەیلوولەوە و لە بەرەی قەرەداغدا بووبە بەرپرسی سیاسی و تا ساڵی 1965 بەو شێوە خەباتی کرد. پاشان لەسەر خواستی بارزانی نەمر بۆ خوێندن گەڕایەوە و، ساڵی 1966 خوێندنی زانکۆی تەواو کرد. د. حەسەن یەکێکە لە کەسایەتییە کوردە ڕۆشنبیرە میانڕەو و دووربین و داناکان، کە بڕوایەکی پتەوی هەیە بە زەرورەتی دابینکردنی مافە نەتەوەییە ڕەواکانی کورد لە گشت ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین. هەروەها بایەخێکی زۆر دەدات بە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هزریی گەلی کورد وەکو فاکتەر و پێداویستییەکی هەرە گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی خواست و ئاواتە نەتەوەییە ڕەواکانی ئەم گەلە لە پێشیشیانەوە وەدیهێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ بۆ میللەتەکەمان وەک تێکڕا گەلانی تر لە جیهاندا. د. حەسەن لەگەڵ خاتوو گەلاوێژی داوود بەگی جافدا ژیانی هاوسەرییان پێکەوە ناوە و خاوەنی کوڕێک و کچێکن بەناوی دیاکۆ (دەرچووی بەشی مێژوو/ کۆلیژی ئاداب) و دیمەن (دەرچووی کۆلیژی یاسا و زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی بەغدا).

بغداد – 1963 – مع السادة جلال طالبانى و صالح يوسفى

في زيارة لـ هند مع وفد برلماني عراقي

السيدة گلاويز

دياكو

ديمن

حەسەن فەهمی بەگ جاف

حەسەن کوڕی عەلی بەگ کوڕی مەحموود پاشای جاف ناسراوە بە حەسەن فەهمی جاف، و دایکی ناهیدە خانی کچی وەسمان پاشای جافە، ساڵی 1906 لە کۆترەڕەشی سەر بە شارەزوور هاتۆتە دنیاوە، لە ئامێزی نەنکیدا ژنە ناوداری کورد عادیلە خان و خاڵوانیدا هەردوو شاعیری پایەبەرز تاهیر بەگ و ئەحمەد موختار جاف پێگەیشتووە و پەروەردە کراوە. هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە، حەسەن فەهمی جاف بە کاروباری کشتوکاڵی و بەڕێوەبردنی موڵک و زەوی و زارە تایبەتییەکانییەوە خەریک بووە، ئەم زاتە یەکێک بووە لە گەورەترین خاوەن موڵکەکانی عێراق و بە گوێرەی گووتەی نووسەرو لێکۆڵەر حەنا بەتاتۆ لە کتێبەکەیدا (عێراق، کتێبی یەکەم لا/ 107 چینە کۆمەڵایەتییەکان و بزاڤە شۆڕشگێڕەکان لە سەردەمی عوسمانی تا دامەزراندنی سیستەمی کۆماری )

بەگزادەکانی جاف لە ساڵی 1958دا کۆی 539333 دۆنم زەوی و زاریان لە چەند لیوایەکی جیا جیادا شک دەبرد، گەورەترین موڵکداریش لە خانەوادەی بەگزادەدا حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی مەحموود پاشای جاف بوو لە سلێمانیدا کە 56764 دۆنم زەویی هەبوو.. ئەم زانیارییانە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵییەوە، لە شوباتی 1964دا، وەرگیراون. هەروەها حەسەن فەهمی جاف لە ساڵانی 1947- 1958دا پەرلەمانتارێکی ناسراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی سەردەمی پاشایی بووە، ئەمە وێڕای ئەوە کە نووسەر و ڕۆشنبیرێکی لێهاتووی سەردەمی خۆی بووە و زۆر بەباشی، جگە لە زمانی دایک، هەردوو زمانی عەرەبی و فارسیی زانیووە هەروەها چەندین بابەت و لێکۆڵینەوەی بۆ گۆڤاری گەلاوێژ نووسیوە.

بە هەمانشێوە چەندین لێکۆڵینەوە و باسی بە پێزی لەمەڕ خانەوادەی زەندەوە تۆمار کردووە، کە خانەوادەیەکی ناوداری کورد بووە و لە نیوەی دووهەمی سەدەی هەژدەدا حوکمی ئێرانی کردووە. کتێب و دەستنووسەکانیشی بە شێوەیەکی گشتی ئەمانەن: پاڵەوانانی زەند و سیرەتی لوتف عەلی خانی، داوا فەرمانڕەوای زەندییەکان، کە لە زمانی فارسییەوە ئامادەی کردووە (ساڵی 1956)،وەرگێڕانی کتێبی، کوردستان، عودە عشر الاف یونانی- کوردستان و گەڕانەوەی دە هەزار یۆنانی، ساڵی 401 پێش زایین، لە نووسینی زینوفون (ئەم بەرهەمەش ساڵی 1956 بە چاپ گەیەنراوە). دەستنووسێکی بەپێز لەمەڕ مێژووی جاف، ساڵی 1960 نووسیوویەتی و تا ئێستا چاپ نەکراوە، کتێبێکی چاپکراو دەربارەی مەحموود پاشای باپیری. حەسەن فەهمی جاف مرۆڤێکی ڕەوشتبەرز و سادە و ئەوپەڕی خۆشمەعشەر بوو.

یەکێک لە هەڵوێستە دیار و بوێرانەکانی ئەم زاتە ڕەتکردنەوەی توندی ئەو قسانە بوو کە بە زمانی ئەمەوە لە ڕۆژنامەکاندا لەمەڕ شۆڕشی کوردەوە، نەخاسمە لە دژی بارزانی نەمر، بڵاوکرابوونەوە، نەک هەر ئەوەندە بگرە پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و پێشەواکەی بارزانی مستەفا ڕاگەیاند (ساڵی 1962) حەسەن فەهمی جاف بۆ یەکەم جار لەگەڵ ئەختەر خانی کچی عزەت بەگی وەسمان پاشای جافدا ژیانی هاوسەریی پێکهێنا و بوونە خاوەنی چوار کچ: بانوو، نازەنین، پەروین، پەریخان. ئەوجا بۆ جاری دووهەم ژیانی هاوسەریی لەگەڵ ئامینە خانی کچی عەبدوڵڵا بەگی جافدا پێکهێنا و خوای مەزن دوو فەرزەندی پێبەخشین: کوڕێک بەناوی هۆشمەند و کچێک بەناوی نەسرین لە 18/6/1973دا حەسەن فەهمی جاف کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتەکەی مەحموود پاشای باپیریدا لە قزەڕبات بە خاک سپێردرا

مع جلالة الملك فيصل الثانى

مع داوود بگ الجاف وعددمن النواب البرلمان العراق

من اليمين - حمزة المفتي - حسن فهمي الجاف - فيصل دوغرمجي - سعيد قزاز

حسن بگ الجاف فى الوسط – مع نواب أردنيين - عمان 1958

حسن فهمي الجاف

حسن بگ وأولاده - إستنبول -1958

أختر خانم عزّت بگ بن عثمان پاشا الجاف

هوشمند حسن فهمي الجاف

سەربەست جاف

سەربەست بەگ کوڕی داوود بەگی جاف، دایکیشی رەعنا خانی کچی ئەحمەد بەگی محەمەد ساڵح بەگی گەورەی بنەماڵەی بارام بەگیی بەگزادەی جافە، ساڵی 1945 لە گوندی کەلاری کۆن هاتۆتە دونیاوە، لەو شوێنە و لە شاری خانەقی خوێندنی سەرەتایی وەدەستهێناوە. سەربەست بەگ ساڵی 1959 لەگەڵ باوکی و تێکڕا خانەوادەکەیاندا چوونە ئێران، لەوێ لە شاری کرماشان کە لە سەرەتادا تێیدا نیشتەجێ بوون خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی تەواو کردووە، پاشان لە کۆلیژی ماف و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاراندا وەرگیراوە و پەرەی بە خوێندنەکەی داوە. دوای تەواو کردنی خوێندن سەربەست بەگ دەستی داوەتە چالاکیی کشتوکاڵی لە دەڤەری (خوڕەم دەرە)ی سەر بە پارێزگای زنجان و، لەو بوارەدا سەرکەوتنێکی مەزنی وەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی وڵاتی ئێراندا ناسراوە و ناوبانگی دەرکردووە.

وەکو بەڵگە بۆ ئەو سەرکەوتنەی کاک سەربەستە لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کەوا ژمارەیەک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەی وڵاتی ئێران وەک، هەردوو ڕۆژنامەی کەیهان و اتلاعات، ساڵی 1975 چەندین بابەت و ڕیپۆرتاژیان لەمەڕ پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی کاک سەربەست بڵاوکردەوە، تێیدا بە بەڵگە و ژمارە و زانیاریی ورد باسیان لە سامان و موڵکەکانی ئەو لە داری بەری - میوەجات - و جۆرەکانی تر کرد کە ژمارەیەیان دەگەیشتە 1.246.000 دار لە پارێزگای زنجاندا، ئەم ژمارەیەش خۆی لە خۆیدا ژمارەیەکی پێوانەیی بێهاوتا بوو لە مێژووی ئێرانی هاوچەرخدا، کە بەشی هەرە زۆریان داری سێو و ترێ و ترشەمەنی و داری ئابووریی وەک چنار و کمبودە.. بوون و، بە سیستەمێکی ئاودێریی مۆدێرن (مەرشات) ئاو دەدران. لە بەهاری ساڵی 1975دا، لە میانەی ئاهەنگێکی گەورەدا کە لە ناوچەی (کمبودە) لە پارێزگای ئەهوازدا سازدرا و محەمەد ڕەزا پەهلویی شای ئێران و سەرۆک وەزیران عەباس هوەیدا و وەزیری کشتوکاڵ مەنسوور رۆحانی.. ئامادەی بوون، شای ئێران خەڵاتی سەربەست جافی کرد و ڕێزی لێنا بەهۆی دەسکەوت و خزمەتە نموونەییە پێشکەوتووەکانییەوە لە بواری کشتوکاڵیدا، ئەوەبوو ویسامی (مەدالیای) زێڕینی لە بواری کشتوکاڵیدا پێبەخشی کە نایابترین ویسامی ئەو سەردەمەی ئێران بوو لەو بوارەدا. سەربەست بەگ ژیانیی هاوسەریی لەگەڵ خاتوو بەهناز بەهبودیدا پێکەوەنا و خودای مەزن دوو کوڕی پێبەخشین (محەمەد کوردۆ، ئەحمەد کامیار).

شاه إيران يقلد السيد سربست الجاف الوسام الذهبي لـ الزراعة

أحمد كاميار

محمد كردو

بهناز بهبودى

نەبەرد جاف

شاعیر و نووسەر و تێکۆشەر نەبەرد جاف کوڕی ڕۆشنبیر و تێکۆشەری ناسراو حەمە سەعید بەگی جاف ساڵی 1947 لە کەلاردا چاوی بە ژیان هەڵهێناوە و لە سایەی ئەو باوکە بەڕێزە و دایکی میهرەبان و دلۆڤانیدا، ژنە ناسراوی گەرمیان و بەگزادەی جاف زێبا خانی کەریم بەگ، بە شیاوترین شێوە پەروەردە و بەخێو کراوە. نەبەرد جاف خوێندنی سەرەتایی هەر لەوێ لە کەلاردا تەواو کردووە، پاشانیش قۆناغی دواناوەندی و کۆلیژی ئەفسەریی لە بەغدا، کە ماڵیان لە ساڵی 1960ەوە لەوێ نیشتەجێ بوو، تەواو کردووە و بە ئەفسەر لە سوپای عێراقدا دامەزراوە. هەر لەو سەروبەندەدا ڕێبازی خەباتی کوردایەتی هەڵدەبژێرێت و زۆر دڵگەرمانە و دڵسۆزانە لەو بوارەدا تێدەکۆشێت. پاشان دەچێتە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە و چەند ساڵێک لەو شۆڕشەدا خەبات دەکات. ئەوجا ساڵی 1970 ڕوو دەکاتە ئێران و دەستەملانی باوک و دایک و براو خوشکانی دەبێتەوە کە لە ساڵی 1969ەوە لەوێ دەژیان و لە تارانی پایتەخت نیشتەجێ بووبوون. لەوێ لە زانکۆی تاراندا نەبەرد جاف دەچێتە کۆلیژی ئاداب و لە بەشی زمانی ئینگلیزی دەخوێنێت و، پێوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ ژمارەیەک قوتابیی تێکۆشەر و خەباتگێڕدا دەبەستێت و بەشداریی خەبات و چالاکی و بیروبۆچوون و هەست و نەستیان دەکات. هەروەها بەپێی توانا یارمەتی قوتابییە هەژار و نەدارەکانی خەڵکی پارێزگاکانی ئێران دەدات و، لە ماڵی خۆیاندا میواندارییان لێدەکات و بگرە شوێنی حەوانەوە بۆ هەندێکیان دابین دەکات

بەگشتی نەبەرد جاف لەو ماوەیەدا لە ئێران بوو بەرزترین نموونەی ئازایی و بوێری و میهرەبانی و هەڵوێستی نەتەوەیی و مرۆڤانە بەرجەستە دەکات. هەرکە خومەینی دەسەڵاتی حوکمی لە ئێراندا گرتە دەست، کاکە نەبەرد بە هاوکاریی د. سەروەت جافی ئامۆزای هەوڵێکی بوێرانەی دا لەو بارودۆخە ترسناکەدا بۆ ڕزگارکردنی سالار جافی ئامۆزای (برای د. سەروەت)کە لە تەلاری ئەنجوومەنی شوورای نیشتمانیی ئێرانیدا دەستبەسەر بوو (وەک پێشتر باسمانکرد). وەلێ لە پاش ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەخت ئەو هەوڵە پووچەڵکرایەوە، پاشان سالار جاف لەلایەن جەللادەکانی ڕژێمی بەناو ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کرا. پاشان ماڵی حەمە سەعید بەگ (وەک بەگزادە جافەکانی تر) ئێرانیان بەجێهێشت و ڕوویان لە سنووری ئێران و عێراق کرد، لەوێ نەبەرد جاف لە جیاتی خانەوادەکەیان لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی عێراقیدا کەوتە دانووستان لەمەڕ گەڕانەوەیان بۆ وڵات، هەرچەندە ئەو ئەرکە کە پێی هەستا کارێکی پڕ مەترسی بوو بە حوکمی ئەوەی کاکە نەبەرد ئەفسەرێکی جارانی سوپای عێراقی بوو و ئەگەری ئەوە لە ئارادابوو تووشی لێپرسینەوە و دادگایی ببێت! دواتر نەبەرد جاف لە ڕاپەڕینە چەکدارییە بوێرانەکەی سەردار بەگی ئامۆزایدا دژ بە ڕژێمی ئێرانی بەشداریی کرد و، تا ئەو کاتەی کاک سەردار بەهۆی پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییە دژوارەکانی ئەو سەردەمەوە ناچار کرا چەک دابنێت، کاکە نەبەرد لەو بزووتنەوەدا بەردەوام بوو.. ئیدی نەبەرد جاف لە بەغدا نیشتەجێ دەبێت و بە پەسەندی دەزانێ هاوکاریی کاربەدەستانی عێراقی لە دژی حکوومەتی ئێراندا بکات ئەویش لە سۆنگەی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی ڕژێمی ئاخووندەکانی ئێران دەرهەق بە بنەماڵەکەی و خزمانی و تێکڕا گەلی کورد لە ئێراندا کردی. بەڵام ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتە فاشییانە کە ڕژێمی بەعسیش لەلایەن خۆیەوە دژ بە گەلی کوردمان پەێڕەوی کردن، کارێکی وایان کرد کاکە نەبەرد و چەند ڕۆڵە بەگی جەربەزەی جاف هەڵوێست وەرگرن و بەشدارییەکی مەردانە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییە شکۆدارەکەی هەڵەبجەدا (ساڵی 1987) لە دژی دامو دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسدا، بکەن. پاش ئەو ڕووداوە نەبەرد جاف و هاوەڵانی چوونە ڕیزی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازەوە لەسەر ڕێبازی ڕەسەنی بارزانی، دواتر ڕووی کردە هەندەران و لە ساڵی 1989دا وەک پەنابەرێکی سیاسی لە وڵاتی نەرویج وەرگیرا. پاش ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان (بەهاری 1991) کاکە نەبەرد بە کۆمەڵێک هیوا و ئاواتی گەورەوە گەڕایەوە بۆ کوردستان و دەستەملانی هەڤاڵان و ڕێبازگرانی پارتی و بارزانی بووەوە و، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا (ساڵی 1992) وەکو کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و دیاری عێلی جاف و سنووری گەرمیان ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی. واش دانرابوو کاکە نەبەرد ئەرکێکی دیار و شیاوی لە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پێ پسپێردرێت و، خۆی ئاسایی خزمەتێکی مەزن بە گەل و نەتەوە و عێلەکەی و خاکی شیرینی کوردستان بکات. مخابن، کاکە نەبەرد لە ڕێکەوتی 9/2/1993 خێرا دوا ماڵئاوایی لێکردین و چووە ڕیزی نەمرانی گەلەکەمانەوە، لە پاش خۆی جگەرگۆشەکانی، شەمی کیژۆڵەی و هەردوو کوڕەکەی شوان و ئەمیر (لە هاوسەرەکەی نوریە شیخ الاسلام) و، کۆمەڵە شیعرە چاپکراوەکانی، بەغدا بارانی مەرگ، هەرگیز ناڵێم پەشیمانم و دەستنووسەکانی تری بەجێهێشت

مع السيد مسعود البرزانى

نوريه

أمير   شوان

شَم

ئەحمەد بەگی محەمەد ساڵح بەگی جاف

ئەحمەد بەگ کوڕی محەمەد ساڵح بەگ کوڕی عەزیز بەگ کوڕی قادر بەگی سلێمان بەگە، دایکیشی خورشیدە خانی کچی محەمەد پاشای جافە. ئەم زاتە یەکێک بوو لە نەوەکانی خانەوادەی ناسراو بە بەگزادەی بارام بەگی کە بەشێکن لە بەگزادەی جاف و لە سەردەمی خۆیدا ئەحمەد بەگ سەرۆکایەتیی کردووە (واتە سەرۆکی بارام بەگی بووە). ئەحمەد بەگ هەر لە سەرەتاوە لە نێو کەش و باری خێڵەکیی ڕەسەنی عێلی جافی کۆچەردا ژیاوە و پەروەردە بووە و لەگەڵ عیزەت بەگی برایدا داب و نەریتی ئەم عێلە بەتەواوی فێربوون و بە سوارچاکی ناوبانگیان دەرکرد و، لە ڕیزی پێشەوەی خزمەکانیان بوون کە بەشدارییان لە ڕاپەڕینەکەی دەربەندیخاندا (ساڵی 1961) کرد و چوونە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە.

ئەحمەد بەگ لە بواری فێربوون و ڕۆشنبیرییشدا، ڕۆشنبیرییەکی ئەدەبی و زمانەوانی و مێژوویی باش لەگەڵ زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی بە هۆی مامۆستایانی تایبەتییەوە، فێربووە. هەروەها ئەحمەد بەگ نموونەی مرۆڤێکی بەخشندە و دانا و دووربین بوو و، شارەزاییەکی باشی لە کاروباری عەشایەریدا شک دەبرد، لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و خێڵەکییەکاندا ڕۆڵێکی شایستەی دەبینا. هەمیسان دۆستایەتییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ زۆر لە کەسایەتییە فەرمی و خێڵەکی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکاندا، لە کورد و عەرەب و نەتەوەکانی تر، بەستبوو و، زۆر لەو کەسایەتییانە بە بەردەوامی لە هەڵەبجە سەردانیان دەکرد و بە میوانی لای دەمانەوە. بە گشتی ئەحمەد بەگ خاوەنی کەسایەتییەکی بەڕێز و خۆشەویست بوو لەنێو تێکڕا خزمان و عەشیرەتەکەیدا، دووجاریش وەک نوێنەری قەزای هەڵەبجەی سەر بە لیوای سلێمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیدا هەڵبژێردراوە.

جگە لەوانەی باسمانکردن، ئەحمەد بەگ یەکێک بوو لە ئەندامە دیارەکانی شاندی ئەو کەسایەتییە کوردانە کە لە بەغدا چاویان کەوت بە مەلیک فەیسەڵی دووهەم و عەبدولئیلاە (وەێی) و سەرۆک وەزیران و کەسایەتییە کوردە کاریگەرەکان، بە مەبەستی تاوتۆێکردنی مافە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی گەلی کورد، ئەویش پاش ڕاگەیاندنی یەکێتی هاشمی لەنێوان عێراق و ئەردن لە ئاخر و ئۆخری سەردەمی پاشاییدا. ئەحمەد بەگ ساڵی 1973 لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانیدا لە بەغدا بە خاک سپێردرا

أحمد بگ الجاف & عزت بگ الجاف

أحمد بگ فى مجلس النواب العراقى عام 1927 م

أحمد بگ الجاف مع فاضل الجمالى رئيس الوزراء العراقي فى حلبجه - حامد بگ وعدد من بگزاده حلبجه في الصورة

حەمە ئەمین جاف

حەمە ئەمین جاف کوڕی ئەحمەد بەگی محەمەد ساڵح بەگی سەرۆکی خانەوادەی بارام بەگیی بەگزادەی جافە و، دایکیشی سوعادە خانی کچی شاعیری ناوداری کورد تاهیر بەگی کوڕی وەسمان پاشای جافە. ئەم زاتە ساڵی 1930 لە گوندی چروستانەی سنووری هەڵەبجە هاتۆتە دونیاوە و، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە هەڵەبجە و، ئامادەیی لە کەرکووک تەواو کردووە. ئەوجا لە زانکۆی بەغدا بەشی ئابووری کشتوکاڵیی (ساڵی 1954) تەواو کردووە. پاشان بڕوانامەی ماجستێری لە ئابووریی کشتوکاڵیدا لە زانکۆی ئەریزۆنای شاری Tucson ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ساڵی 1957) و، پاشانیش ساڵی 1963 بڕوانامەی دیبلۆمی لە دامەزراوی Isve ئیتاڵی لە شاری ناپۆلیدا، وەدەستهێناوە. ئەوجا ساڵی 1965 چووەتە خولێکەوە بۆ پێگەیاندن و ڕاهێنانی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیا پیشەسازییەکان. لەنێوان ساڵانی 1958- 1993دا حەمە ئەمین بەگ بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە هەردوو وەزارەتی پیشەسازی و دەرەوەی عێراقیدا کاری کردووە و، لە میانەیاندا بە لێهاتوویی و لێوەشاوەیی ناسراوە، لە دووهەمیاندا (وەزارەتی دەرەوە) گەلێک سەرکەوتنی دیپلوماسیی وەدەستهێناوە، لە یەکەمیشیاندا پلە و پایە و ئەرکگەلێکی هەمە جۆری لە نێوان دامەزراو و فەرمانگەکانیدا پێ سپێردراوە وەک، جێگری بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوی دروستکردنی ڕۆن و بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوی پیشەسازییەکانی پێست، هەروەها چەندین دامەزراوی پیشەسازی و بەرهەمێنانی دیکەی بەڕێوەبرد و، بەشداریی کرد لە ئەندامێتیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دامەزراوگەلێکی پیشەسازی و بانقی و پیشەیی هەمە جۆر وەک: دامەزراوی گشتیی کانزاکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، دامەزراوی گشتی پیشەسازییە کیمیاوییەکان و بانقی پیشەسازی و دامەزراوی گشتی دروستکردنی ماست و دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی ئابووریناسانی عێراقی و یەکێتیی پیشەسازیی عێراقی و یانەی یەکێتیی پیشەسازیی عێراقی.. هەروەها بە سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یەکێتیی عەرەبی بۆ پیشەسازییەکانی پێست هەڵبژێردرا (یەکێکە لە یەکێتییە پیشەییەکانی عەرەبی لە چێوە یەکێتییە ئابوورییەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی ) لە ساڵانی 1980- 1993دا حەمە ئەمین بەگ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا وەک باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی وڵاتادا ساڵانێکی پڕ لە کۆشش و بیرەوەریی بەسەربرد و، لە هەردوو وڵاتی ژاپۆن و چین کە تیایاندا کاری کرد پێوەندییەکی بە تینی لەگەڵ چەندین سەرکردە و کاربەدەست و کەسایەتیی سیاسی و دیپلۆماسی و پەرلەمانی و ڕۆشنبیریدا.. بەست و هەوڵێکی چڕوپڕی خستە گەڕ بۆ پێشخستنی پێوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەر دوو وڵاتی ناوبراو لە گشت بوارەکاندا.

لە ساڵی 1980 تا هاوینی 1986 حەمە ئەمین بەگ وەک باڵیۆزی عێراق لە ژاپۆن کاری کرد و لەو ماوەیەدا توانیی ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدا ببینێت و کارێکی وابکات کە وڵاتی ژاپۆن هەڵوێستێکی هاوکێشەئامێز و گونجاو لەمەڕ جەنگی عێراق و ئێرانی ئەو کاتە پەیڕەو بکات، هەروەها بەلێهاتوویی خۆی کرا بە عەمید- ڕازگر- ی باڵیۆزەکانی وڵاتانی عەرەبی لە تۆکیۆدا. لە ئەیلوولی 1986دا حەمە ئەمین بەگ گواسترایەوە (بە هەمان ئەرک) بۆ وڵاتی چین، لەوێش لە (پکین) بە هەمانشێوە بووبە عەمیدی باڵیۆزانی عەرەب تا ئەو کاتەی ساڵی 1993 خانەنشین کرا. حەمە ئەمین بەگ لە ژیانیدا نەچووەتە ڕیزی هیچ پارتێکی سیاسییەوە، بەڵام ئەو وەک هەڵوێستی هەمیشەیی نەگۆڕی، شانازە بە نەتەوەکەی و بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و واقیعییانە و دوور لە دەمارگیری داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکات و وا بە پەسەند و گونجاو دەزانێت کە گەلی کورد لەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستادا لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکپارچەدا، بە گشت مافە سیاسی و ڕۆشنبیری و نەتەوەییەکانی خۆی بگات. هەروەها بە پێویستی دەبینێت کە هەردوو گەلی کورد و عەرەب لەم وڵاتەدا پێکەوە هەوڵبدەن بۆ وەدیهێنانی خواست و هیوا هاوبەشەکانیان و سەقامگیر کردنی باری ئاسایش و ئاشتی و ژیانی شکۆمەندانە بۆ کورد و عەرەب و گشت نەتەوەکانی تر لەم وڵاتەدا. شایەنی باسە کەوا حەمە ئەمین بەگ، کاتی خۆیشی هەمان ئەم ڕاوبۆچوونانەی ئێستای لە نامەیەکی نووسراودا بە بەرپرسانی بەعسی ڕاگەیاند، کاتێک ئەو بەرپرسانە کەوتنە ڕاپرسیی کەسایەتییە کوردەکانی بەغدا بەر لەوەی یاسای ئۆتۆنۆمیی کوردستان ڕابگەینرێت. حەمە ئەمین بەگ خاوەنی سێ مندالە، شەرمین (ماجستێری هەیە لە نەخشەسازیی شاردا) نزار (ئەندازیاری کۆمپیوتەرە) دیار (بڕوانامەی بەڕێوەبردنی کاروباری هەیە)

محمد أمين بگ الجاف مع جلالة ملك حسين

مع زوجته السيدة نوال

مع احمد بگ الجاف و داود بگ الجاف

مع داوود بگ الجاف

ديار

شرمين

المهندس نزار الجاف

عەلی بەگی حسێن بەگ

عەلی بەگی حسێن بەگی حەسەن بەگی محەمەد پاشای جاف لە گوندی فەقێجنە کە سەر بە ناحیەی وارماوا (عەرەبەت) بوو و. ئێستاش سەر بە قەزای دەربەندیخانە، کاتژمێر پێنج و نیوی ئێوارەی 7ی ئایاری ساڵی 1926 چاوی بە ژیان هەڵهێناوە. ساڵی 1934 عەلی بەگ چووە قوتابخانەی فەیسەڵییەی (سەرەتایی) لە سلێمانی و، کەش و بارودۆخی ئەو شارە کە جیاوازییەکی تەواویان لەگەڵ بار و کەشی گونددا هەبوو، گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە ژیانی عەلی بەگی تازە پێگەیشتوودا بەجێهێشت. پاش بزووتنەوە (هەراکە)ی ڕەشید عالی گەیلانی ساڵی 1941، عەلی بەگ بۆ ماوەی دوو ساڵ واز لە قوتابخانە دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوند، لەو ماوەیەدا خۆی بە فێربوونی سوارچاکی و تفەنگچێتیەوە خەریک دەکات. ساڵی 1943 عەلی بەگ بۆ تەواوکردنی خوێندن دەگەڕێتەوە سلێمانی، لەو سەردەمەدا حزبی شیوعی عێراقی کۆنترۆڵی گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکەی کردبوو وەک بزاڤێکی سیاسی و فکریی چالاک کە دروشمی داکۆکیکردنی لە ئازادی و دیموکراتی و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردی بەرز کردبووە. بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کورد بە کۆمەلێکی بەرچاو لە نەوەی پیاو ماقووڵ و سەرۆک هۆز و خانەوادە ناسراوەکانیشەوە، چوونە ڕیزی ئەم حزبەوە کە بە بایەخەوە هەوڵی دەدا و تێدەکۆشا ئەو لاوانە بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی ڕابکێشێت. عەلی بەگیش یەکێک بوو لەو لاوانەی کە پێوەندییان بە حزبی شیوعییەوە کرد و لە ڕیزەکانیدا تێکۆشا و، بووبە یەکێک لە کادیرە هەڵکەوتووەکانی و، سکرتێری قوتابیانی ئەو حزبە لە سلێمانیدا. کاتێک فەرمانی گرتنی لەلایەن حکوومەتەوە دەرچوو، عەلی بەگ لە نێو تیرەکانی جافدا لە شارەزوور خۆی بزر کرد، لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێکانیدا، لە ماڵی محەمەد بەگی جافدا خۆیان حەشاردا، کاتێکیش بۆ سلێمانی گەڕایەوە لەلایەن میرییەوە گیرا و ڕەوانەی شاری کەرکووک کرا و، لەوێ بە زیندانی ماوەیەک مایەوە. پاشان بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن عەلی بەگ چووە شاری بەغدا و لە پەیمانگای زانستی پەرەی بە خوێندنەکەی دا، ئەوەبوو لەو سەردەمەدا ژمارەیەک لە کادیرەکانی حزبی شیوعی عێراقی پێوەندییان پێوە کرد و لێیان خواست لە ڕیزی حزبدا پەرە بە خەبات بداتەوە، ئەویش پێوەندیی بە ڕێکخستنەکانی حزبەوە کردەوە و، سەرلەنوێ خۆی ئاسا درێژەی بە چالاکی سیاسیی خەباتگێڕانەی خۆی دایەوە. لە 19ی کانوونی دووهەمی ساڵی 1948دا جارێکی تر عەلی بەگ لە میانەی یەکێک لە خۆپیشاندانە مەزنەکانی حزبی شیوعیدا لە بەغدای پایتەختدا، گیرایەوە و تووشی ئەشکەنجە و لێدان و ئێش و ئازارێکی زۆر هات، ئەوجا بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی حوکم درا و، ماوەی حوکمەکەی لە زیندانەکانی بەغدا و کوت بەسەربرد. جا وێڕای ئەو مەینەتی و پێشهاتە تاڵانەی بەسەر عەلی بەگدا هاتن، کەچی ئەو ڕووداوانە تاقیکردنەوە و پەندێکی دەوڵەمەند و بە کەڵکیان لە بەهاری ژیانیدا پێبەخشی. هەرکە لە زیندان ئازادکرا، لە ڕیزی حزبی شیوعیدا تا ساڵی 1958 درێژی بە خەبات دایەوە. پاشان ڕووی کردە بواری کشتوکاڵی و، بە بەڕێوەبردنی کاروباری موڵک و زەویوزاری خانەوادەکەیانەوە خۆی سەرقاڵ کرد. ساڵی 1961 عەلی بەگ چووە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولی پیرۆزەوە بە فەرماندەیی بارزانی نەمر و، تا نسکۆی ئەو شۆڕشە مەزنە (ساڵی 1975) لە ئاکامی ڕێکەوتننامە شوومەکەی (الجزائر)دا، بە دڵ و بە گیانەوە خەباتی کرد. ساڵێکی تێپەڕ نەکرد بزوزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد سەرلەنوێ خۆی ڕێکخستەوە و، چەندین شانەی ڕێکخستنی حزبی و سەربازی سەرلەنوێ لە کوردستاندا سەریان هەڵداو بڵاوبوونەوە و، کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوی نوێ پەیدا بوون و گۆڕەپانی خەباتی کوردایەتییان پڕ کردەوە (وەک: یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، حزبی سۆشیالیستی کوردستان و پاسۆک....) بە هەمانشێوە پارتی دیموکراتی کوردستان (لە چێوەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا) و حزبی شیوعی.... خەباتی سیاسی و عەسکەریی بێ وچانی خۆیانیان درێژە پێدایەوە. ئالەو بارودۆخە هەستیارەدا عەلی بەگ پێوەندیی بە ڕیزەکانی (پاسۆک)ەوە کرد و تێیدا کۆشا و بووبە یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی ئەو پارتە تێکۆشەرە. پاش دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حزبەکانی پاسۆک و حسک و گەلی دیموکراتی کوردستان ساڵی 1993 لە یەک پارتدا یەکیان گرت و بە پارتی یەکگرتنی کوردستان ناسرا.، لە یەکەمین کۆنگرەیدا کە لە هەولێردا بەسترا عەلی بەگ بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی ئەم حزبە هەڵبژێردرا. ئەوجا پاش ئەوەی پارتی ناوبراو لەگەڵ پارتی دیموکراتی کورستاندا یەکی گرت، عەلی بەگ بە ئەندامی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون هەڵبژێردرا و لە ڕیزی پارتیدا چالاکییەکی بەرچاوی نواند و، چەندین ڕاپۆرت و پێشنیاری گرنگی بە مەبەستی پیادەکردنی چاکسازی لە دامو دەزگاکانی حزب و حکوومەتدا و نەهێشتنی کەم و کووڕییەکان و خزمەتکردنی جەماوەری گەلەکەمان، پێشکەش کرد.

سەلاحەدین ئەوڕەحمان بەگی جاف

سەلاحەدینی کوڕی ئەوڕەحمان بەگی کوڕی فەتاح بەگی کوڕی حەمە پاشای جاف، ساڵی 1934 لە گوندی کانیساردی نزیکی دەربەندیخان هاتۆتە دونیاوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە خانەقی تەواو کردووە، پاشان بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن ساڵی 1964 چووەتە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، کاتێکیش گەڕاوەتەوەبۆ وڵات یەکسەر پێوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و زۆر دڵسۆزانە و بە ئەوپەڕی بە لەخۆبردووییەوە لە پێناوی گەلی کورد و کێشە نەتەوەییە ڕەواکەیدا تێکۆشاوە. کاکە سەلاح لە ژیانی پڕ لە خەبات و سەروەرییدا، یەکێک بووە لە کادیرە هەرە چالاک و ڕاستگۆ و دڵسۆزەکانی پارتی و، تا ساڵی شەهید بوونی (1974) بە ئەوپەڕی لێهاتوویی و ئەمەکدارییەوە لەسەر ڕێبازی پارتی و بارزانی خەباتی کردووە. ساڵی 1974 کاکە سەلاح لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسەوە گیرا و ڕاپێچی زیندانی (قێر النهایە- کۆشکی کۆتایی) بەدناو کرا و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و سزادانێکی دڕندانە بووەوە، وەلێ ئەو زۆر بە ئازایی و خۆڕاگری و وریەکی پۆڵایینەوە لەبەرامبەر جەلادەکانی بەعسدا وەستاو گشت نهێنییە حزبییەکان و ناوی ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵیاندا کاری دەکرد و پێوەندیی پێیانەوە هەبوو، پاراست و هەرگیز نەیدرکاندن. لە بەرواری 13/5/1974دا کاکە سەلاح لەگەڵ پۆلێک لە تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە خوشکە لەیلا قاسم و هاوڕێکانی و هەڤاڵان، مەلا حەیدەر بەرپرسی لیژنەی ناوچەی کفری و عەبدوڵڵا عەباسی بەرپرسی ڕێکخراوی جەلەولا و حەمید عەبدوڵڵا و حەسیب عەلی خەڵکی جەبارە و سابیر هەمزە ئاغایان تێدابوو، بە ناهەق و ناڕەوا لە سێدارەدران . جا وەک لە کتێبەکەی بەڕێز مەسعوود بارزانیدا هاتووە (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ب3، شۆڕشی ئەیلوول 1961- 1975 لەگەڵ پاشکۆیەک لە بەڵگەنامەکان، چاپی هەولێر)، سەرکردایەتی شۆڕش هەوڵی دا گیانی ئەو تێکۆشەرانە لە دەستی جەللادەکان ڕزگار بکات، وەلێ ئەو هەوڵە سەری نەگرت. ئەوجا بەناچاری ژمارەیەک لە سیخووڕەکانی ئەمنی عێراقی و ئەندامانی بەعسیمان گرت و هەڕەشەی کوشتنی ئەوانیمان کرد ئەگەر هاتو ئەو هەڤاڵانە ئازاد نەکەن، بەڵام کاربەدەستانی بەعس باش دەیانزانی سەرکردایەتی شۆڕشی کور دانابەزێتە ئاستی ئەوان و زۆر لەو بەرزترن، یەکێک لە تۆڵەدا بکوژن یان بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ گیراو و بارمتەدا بکەن.

صفحة 278 من كتاب البارزانى والحركة التحررية الكردية

عەبدول حەمید (حامید) بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشای جاف

یەکێک بووە لە بەگزادە ناودارەکانی جاف، هەروەها یەکێکیش بووە لە کەسایەتییە ڕەسەن و هەڵکەوتوو و دەوڵەمەندەکانی شاری هەڵەبجەی دێرین. ئەم زاتە مەرد و جوامێرە ساڵی 1895 لە شاری هەڵەبجە هاتۆتە دونیاوە و، هەر لەوێ پێگەیشتووە و زانستە ئاینییەکانی لەسەر دەستی چەند مامۆستایەکی شارەزا و لێهاتوو لە بواری ئایین و فیقهدا، خوێندووە. پاش داگیرکردنی کوردستان لەلایەن سوپای داگیرکەری بەریتانییەوە، عەبدولحەمید بەگ بەهۆی توانا و دەسەڵاتییەوە لەلایەن کاربەدەستانی بەریتانییەوە بە جێگری فەرمانڕەوای سیاسیی بەریتانیی لە قەزای هەڵەبجەدا دادەنرێت. ئەوجا پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ بە ماوەیەک، عەبدولحەمید بەگ بۆ ماوەی چەند ساڵێک (1924- 1932) دەکرێتە قایمقامی قەزای هەڵەبجە، پاشان بە هەمان ئەرک دەگوێزرێتەوە بۆ قەزای چەمچەماڵ. لەو ساڵانەدا کە عەبدولحەمید بەگ قایمقامی هەڵەبجە و چەمچەماڵ بووە گەلێک کار و خزمەتگوزاری و چاکسازیی گرنگی لە سنووری ئەو دوو قەزایەدا جێبەجێ کردووە، ئاکام و ئاسەواری هەندێک لەو کارانە تا ڕۆژی ئەمڕۆش هەر لەبەر چاون و دیسەلمێنن کە ئەم زاتە خاوەنی زەوقێکی دروست و هزرێکی قووڵ و ڕووناک بووە. عەبدولحەمید بەگ لە سەردەمی حکوومەتەکەی یاسین ئەلهاشمیدا بە نوێنەر (نائیب)ی سلێمانی هەڵبژێردراوە و، لە سەردەمی حکوومەتەکەی حیکمەت سلێمانیشدا بە هەمانشێوە بەردەوام بووە. لەو ماوەیەی عەبدولحەمید بەگ نائیب بوو، گەلێک هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی دیاری نواندووە و داکۆکییەکی بێ وچانی لە مافە ڕەواکانی کورد کردووە و، لە پێناوی بەختەوەری و سەرفرازیی گەلدا گەلێک هەوڵی داوە و کۆشاوە. هەروەها لە میانەی گوتە کاریگەر و بە نرخەکانیدا لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا زیرەکی و دڵسۆزیی خۆی سەلماندووە، نەخاسمە کاتێک داکۆکیی لە ماف و یەکسانی و بەرژەوەندیی گشتی دەکرد. ساڵی 1938 عەبدولحەمید بەگ سەردانێکی کار و گەشتیاریی درێژ خایەنی بۆ ووڵاتانی تورکیا و میسر و سوریا و فەلەستین کرد، لە میانەیدا هەوڵی دا بازاڕی باش بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە تووتن دابین بکات. ئەم زاتە یەکێک بوو لە ناسراوترین موڵکدارەکانی لیوای سلێمانی و زەوی و زارێکی فراوانی بۆ بەرهەمهێنانی تووتن و دانەوێڵە بە گشت جۆرەکانییەوە شک دەبرد. سەبارەت بە خەسڵەتە بەرزەکانیشی: ئەم زاتە کەسێکی گفتشیرین و خۆشمەعشەر و قسەزان و ڕەوشت پاک و شەرەفمەند و ڕۆشنبیر بووە، و تا ئەو کاتەی لە بەغدا ساڵی 1987 وەفاتی کردووە، نموونەی کەسایەتییەکی پایە بڵندی کورد بووە. کورەکانی ئەم زاتە بریتی بوون لە حەوت کوڕ، بورهان، ئەکرەم، بێباک، مستەفا، سەلاح، دیاری، جەلال، و پێنج کچ: ئەختەر، بەهیە، هەتاو، لەمیعە

مع فاضل الجمالى رئيس الوزراء العراقي - حلبجه

بورهان بەگی عەبدولحەمید بەگی جاف

بورهان بەگ کوڕە گەورەی عەبدولحەمید بەگی جاف، ساڵی 1920 لە سلێمانی هاتۆتە دونیاوە و لەوێ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە، ئەوجا بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن چووەتە بەغدا، بەڵام زۆری نەبرد گەڕایەوە سلێمانی و هەر لەوێ قۆناغی ناوەندیی تەواو کرد، پاشانیش بڕوانامەی ئامادەیی لە کەرکووک وەدەستهێنا. ئەوجا سەرلەنوێ گەڕایەوە بۆ بەغدا و لەوێ لە کۆلیژی ماف پەرەی بە خوێندنەکەی دا و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا وەرگرت و مۆڵەتی پارێزەرایەتی (محاماە)ی پێبەخشرا. بورهان بەگ هەر لە سەرەتاوە دەیتوانی ئەرکێکی شیاو لە یەکێک لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات، وەلێ ئەو حەزی لە کاری فەرمی نەدەکرد و، وای بە پەسەند دەزانی کاری ئازاد بکات و سامان و موڵکەکانی باوکی بەڕێوە ببات. ئەوەبوو لە ماوەیەکی کورتدا بووبە یەکێک لە پیاوە ناسراوەکانی بواری ئابووری و بازرگانی لە عێراقدا. هەروەها بورهان بەگ هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە بە زیرەکی و ڕۆشنبیریی بەرزییەوە و ڕەوشتی چاک و مەعشەری شیرینییەوە بەباشی ناسراو لە نێو کۆڕ و کۆمەڵدا ڕێز و حورمەتێکی زۆری لێگیرا. ساڵی 1944 بورهان بەگ بەهۆی لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و ڕەوشت و ڕۆشنبیریی بەرزییەوە لە شاندی مافپەروەراندا بۆ کۆنگرەی پزیشکی قاهیرە، هەڵبژێردرا. بورهان بەگ لە پەنجاکاندا (لە سەردەمی حوکمی پاشایی عێراقی) بە قایمقامی شەقڵاوە دامەزرا، پاشانیش بووبە سەرۆکی دامەزراوی (ئاشەکانی- مگاحن) عێراقی لە بەغدادا. ساڵی 1985 بەهۆی بۆردومان کردنی شاری بەغدا بە موشەکی دوورهاوێژی ئێرانییەوە لە کاتی جەنگی عێراق- ئێراندا، بورهان بەگ لە ماڵەکەی خۆیدا شەهید بوو و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی تەرمەکەی نێژرا. شەهید بورهان بەگ لە ژیانی هاوسەرێتییدا لەگەڵ توبای حسێن بەگی جاف چوار کوڕ و کچێکی لێ بەجێماوە (سەرباز، ئاراز، نیاز، سەریاس و دڵناز)

شەهید کەریم بەگی فتاحی کەریم بەگ
کەریم کوڕی فەتاح بەگی کەریم بەگی فەتاح بگی حەمەپاشای جاف ساڵی 1965 لە بەغدای پایتەخت هاتۆتە دونیاوە و پێگەیشتووە وتەمەنی منداڵیی بە سەر بردووە ، ئەوجا هەرلەوێ هەردوو قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندیی بڕیووە ، پاشانیش لە ئەکادیمییەی پۆلیس وەرگیراوە و بە پلەی ئەمنسەری پۆلیس دەرچووە . وەلێ ، زۆری نەخایاند هەرزوو دەستی لە ئەو ئەرکە کێشایەوەو خۆی بەکاروباری بازرگانی و بەڵێندەرایەتییەوە خەریک کرد وتێیدا سەرکەوتن ودەسکەوتێکی بەرچاوی وەدەستهێنا . هەروەها کەریم بەگی گەنج و هەڵکەوتوو ، بە رەوشتی بەرز و ڕفتاری مەردانەی خۆی توانیی وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەڕێز لە نیو کۆمەڵگای شاری بەغدادا بە دەرکەوێت و ناوبانگ و شۆرەتێکی چاک لە نێو دۆست و هاوەڵ و برادەرانیدا پەیدا بکات و، بە هۆی خەسڵەتە جوانەکانی و بەخشەندە یی و میهرەبانیی و خۆشمەعشەرییەوە و خێرۆمەندیی و یارمەتیدانی بەردەوامی بۆ چینی هەژاران و نەداران ، ببێتە مایەی ڕێز و حورمەتی گشت لایەک . جا هەر چەندە کەریم بەگ لە بەهاری تەمەنیدا شەهیدکرا و بە جێی هێشتین ، بەڵام لە ئەو توانیی لە ماوەی ئەو تەمەنە کورت وپڕشکۆ و بەخششەیدا ناوبانگێکی پیرۆز و بیرەوەرییەکی زیندوو بەجێهێڵێت ، بێگومان زیاتر و زیاتریشی لێ چاوەڕوان دەکرا ئەگەر تەمەن مەودای بدابا . ئەوە بوو ، لە پاش ڕووخانی ىرژێمی سەدام حسێن ، لە بەرواری 8/ 4/ 2004 دا کاکە کەریم بەگ لە تافی لاوێتی و لووتکەی بەهرە و توانایدا بە دەستی باندێکی تاوانکار و دڕندەی دز و جەردە و خوێنڕێژ تیرۆرکرا ، پاش ئەوەی لە ماڵەکەی خۆی لە (( جادریە )) دا لە لایان ئەو نامەردانەوە ڕفێنرا . لە راستیدا ئەم تاوانە چەپەڵە کە دەرهەق بە شەهید کرا ،لە ناخەوە خانەوادە و کەس و کار وهاەڵ و ناسراوەکانی بە گشتی هەژاند ، ئەوانەی کە زۆر دڵ پڕ لە غەم و حەسرەتن بۆ لە دەستدانی کاکە کەریم و تیرۆر کردنی بەو شێوە دڵتەزێنە . شەهیدی جوانە مەرگ و غەدر لێکراو لەپاش خۆی هاوسەرە دڵسۆزو ئازیزەکەی : گلارەی کچی ئەدیب و کەسایەتیی ناسراو خوسرەو جاف و هەر سێ جگەر گۆشەکەی : مایە و زێڕین و عومەری بە جێهێشت . خوای مەزن رەحم بە شەهید بکات و بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادی بکات .

زوجته گلاره بنت الاديب المعروف خسرو الجاف

زيرين

عمر

مايه

دارا بەگی داوود بەگی جاف

ئەم زاتە یەکێکە لەکورەکانی داوود بەگ سەرۆکی عێلی جاف و، ساڵی 1940 لە گوندی کەلاری کۆن چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، دایکیشی مەلیحە خانی کچی حسێن بەگی مەحموود پاشای جافە. دارا بەگ قۆناغی سەرەتایی لە کەلار و ناوەندیی لە خانەقی بڕیووە، ئەوجا لە بەغدا پەیمانگای سکرتاریەتی تەواو کردووە. ساڵی 1964 لە وەزارەتی نەوتدا دامەزرێت، بەڵام زۆری پێناچێت دەچێتە ئێران و دەستە ملانی باوک و براو کەس و کار دەبێتەوە کە لە ساڵی 1959وە چووبوونە ئێران. لەوێ لە تاران دارا بەگ دەچێتە کۆلیژی ماف و زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی تاران و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا و سیاسەتدا وەدەستدێنێت، پاشانیش دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆراە لە ئەدەبیاتی فارسیدا. ئەوجا دارا بەگ لە وەزارەتی دەرباری شاهنشاهیدا/ بەشی تەشریفاتی دەوڵەتە عەرەبییەکان دادەمەزرێت و، تا ڕووخانی ڕژێمی شا و هاتنی خومەینی بۆ سەر حوکم ساڵی 1979 لە ئێراندا دەمێنێتەوە. پاش ئەو مێژووە لەگەڵ برا و خزم و کەس و کاریدا بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، و وەکو خەباتگێڕێکی هێزی ئۆپۆزۆسیونی ئێرانی بەدەردەکەوێت و، دەبێتە سەرکردەیەکی هەڵکەوتوو و ناسراو لە بزووتنەوەچەکدارییە بوێرانەکەی سەردار بەگی کاکیدا لەدژی ڕژێمی ئێرانی و بەهۆی دلێری و ئازاییەوە لە بەرەکانی جەنگدا سەرنج و بایەخی گشت لایەک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. دارا بەگ بۆ یەکەمجار ژیانی هاوسەریی لەگەڵ بەڕێز سوهەیلەی قازی محەمەددا پێک هێنا و بوونە خاوەنی سێ کوڕ، چیا، یاسا، ئاریا، پاشانیش بۆ جاری دووهەم ژنی هێنایەوە کە هێرۆی شێخ عەلی شێخ جەمیلی تاڵەبانییە و کوڕێک بەناوی شاسوار و کچێکیان بەناوی سیما هەیە. شایەنیباسە کە دارا بەگ ئەندامی دەستەی کارگێڕی بانقی (الشمال)ە

مع زوجته سهيل قاضي محمد

ياسا

آريا

عمر

چيا

سيما

شاسوار

مع زوجته هيرو شيخ على الطالبانى وشاسوار وسيما

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
[email protected] jaff.sarwat[email protected]