ڕۆلی ئافرەت لە عەشیرەتی جاف
چەند ئافرەتێکی ناوداری جاف

ئافرەتانی کورد هەر لە مێژەوە خاوەنی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی بەرز و، مایەی ڕێز و حورمەتی کۆمەڵگای کوردەواری بوون. ئەم ڕاستییەش سەرنج و بایەخی گەلێک مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدی بیانیی ڕاکێشاوە و، لە نووسینەکانیاندا ڕەنگیان داوەتەوە.مێژوونووس و لێکۆڵەرەوە مینۆرسکی لەم میانەدا کوردی بە پێشکەوتووتر و شارستانی تر لە میللەتە موسڵمانەکانی تر داناوە . هەروەها مستەر ڕیچ - یش ئاماژەی کردووە بە پلەوپایە و سەربەستیی دیاری ئافرەتانی کورد بە بەراوردکردن لەگەڵ ئافرەتانی عەرەب و تورک و فارسدا، هەمیسان ستایشی لە داوێنپاکی و ڕەوشتبەرزیی ئافرەتانی کورد کردووە . بەهەمانشێوە ئافرەتانی کورد مایەی ڕێز و ستایش و ئاماژەی گەلێک گەڕید و ڕۆژهەڵاتناسی تر بوون . سەبارەت بە ئافرەتانی جافیش کە ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتانی کورد پێکدێنن ، مایەی ڕادەیەکی بەرچاو لەو بایخە فراوانە بوون، کە بە ئافرەتانی کورد دراوە. لە ڕاستییشدا ئافرەتانی جاف ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگیان لە ژیانی کۆچەریی عێلەکەیاندا بینیووە، کاتێک ساڵانە هاتووچۆی نێوان گەرمیان و کوێستانیان کردووە . ئافرەتانی جاف جگە لە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ و ئەنجامدانی کاروباری ناو ماڵ، بەزۆر ئیش و چالاکیی قورس هەڵساون وەک: بارکردن و بارلێکردنەوەی وڵاخان و ئاوهێنان لە جێگای دوورەوە و کۆکردنەوە و گواستنەوەی دار لە شاخ و دۆشینی مەڕ و ماڵات لە ماڵەوە یان لە لەوەڕگادا و چنینی هۆڕ و قاڵی و گڵێم و مەوج... هتد .

ئەمە جگە لەوەی ئافرەتانی جاف خاوەنی بیروڕا و قسەی بیستراوی خۆیان بوون لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی عێلدا و، لە دانیشتنی پیاواندا ئامادە دەبوون و تاوتۆێی ئەو مەسەلە گرنگانەیان دەکرد کە پێوەندییان بە ژیانی عێلەوە هەبوو . لەلایەکی ترەوە زۆر لە ئافرەتانی جاف لە بواری سوارچاکی و تفەنگچێتیدا هەڵکەوتوو بوون و بگرە هەندێکیشیان لەو بوارەدا پێش پیاوان کەوتوون. هەمیسان لە بواری شیعر و ئەدەبیشدا، چەند ئافرەتێکی جاف لە مێژەوە، ناوبانگیان لەو بوارەدا دەرکردووە. وەلێ بەداخەوە بەدرێژایی مێژوو بەرهەمەکانیان فەوتاون، مەگەر چەند نموونەیەکیان نەبێت کە دەماودەم دەگوترێنەوە (یان لێرە و لەوێ زۆر بەکەمی تۆمار کراون) . لەوانە ، لزا خانم جاف لە سەدەی پێنجەمی کۆچیدا ، نەرگس خانم شارەزووری لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا . لەنێو ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدەکاندا، مێجەرسۆن (خاوەنی گەشتە بەناوبانگەکەی بۆ عێراق و کوردستان ساڵی 1909) یەکێکە لەوانەی زۆر سەرسامی خەسڵەت و ڕفتاری ئافرەتانی کورد بەگشتی و ئافرەتانی جاف بەتایبەتی، بووە. ناوبراو زۆر بە بایەخ و ستایشەوە باس لە ڕٍێز و دلۆڤانی و کراوەیی و سەربەستی و چالاکیی ئافرەتانی جافی کردووە . دەتوانین بڵێین نایابترین و بەپێزترین بەشی کێبەکەی (گەشتنامە بەناوبانگەکەی)ئەو بەشەیە کەتێیدا باسی عادیلە خانی ژنی وەسمان پاشای جاف و توانا و دەسەڵاتە کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و بازرگانییەکانی و، دەسکەوتە شارستانی و بیناسازییەکانی لە هەڵەبجەدا دەکات . جالێرەدا کۆتایی بەم دەسپێکە کورتەمان دێنین و دەچینە نێو کرۆکی باسەکەمانەوە و بەپێی توانا و دەرفەت لەمەڕ چەن ئافرەتی ناوداری جافەوە دەدوێین:

عادیلە خان کچی عەبدولقادر بەگی ساحێبقەران و خێزانی وەسمان پاشای جاف ناسراو بە نازناوی (خانم) یەکێکە لە ئافرەتە هەرە ناودارەکانی مێژووی کوردستان و ناوچەکە کە لە مێژوودا بەلێوەشاوەیی وسام و توانا ناوبانگی دەرکردووە. کاتی خۆیشی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، کە وەسمان پاشا ئەم ئافرەتە هەڵکەوتووەی بەهاوسەری خۆی هەڵبژاردووە، مەبەستی سەرەکیی ئەوە بووە، لە خانەوادەی ڕەسەن و بەشکۆی (خانم) کە سەر بە وەزیرەکانی میرنشیینی ئەردەڵانی جاران بووە، نزیک بێتەوە و ئاشنایەتییان بکات. هەر کە خانم لە هەڵەبجەدا نیشتەجێ دەبێت یەکسەر دەست دەکات بە پتەوکردن و جێگیرکردنی هێز و دەسەڵاتی خۆی، ئەویش بە پشتبەستن بەتوانای خۆی و شۆرت و ناوبانگی خانەوادەکەی، هەروەها بەسوودوەرگرتن لەو ئازادییەی کە وەسمان پاشا بۆی فەراهەم کردبوو . ئەمە وێڕای ئەوەی وەسمان پاشا ، میری جاف و قایمقامی هەڵەبجە، بەهۆی کاروبارە فەرمییەکانییەوە لە مووسڵ و کەرکووک و سلێمانیدا، زۆر جار لە هەڵەبجە دوور دەکەوتەوە. ئیدی بەو هۆیانەوە، خانم بووبە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی هەڵەبجە و ئەو شوێنانەی سەر بە ئەوێ بوون (هەورامان و پێنجوێن و شارەزوور...) و لەسەر ڕێبازی وەسمان پاشای مێردی گەلێک دەسکەوت و پێشکەوتنی شارستانی و ئابووریی لەوێ وەدیهێنا. ئەوەبوو دوو خانووی قەشەنگ و نایابی لەسەر شێوەی (سنە) دروستکرد کە لە سەرتاپای سلێمانیدا بێ هاوتا بوون . هەروەها ڕێگای بازرگانیی لەگەڵ سنە (پایتەختی ئەردەڵانی جاران) و شارەکانی دەراوسێدا بە واڵایی هێشتەوە و، بازاڕێکی ڕازاوەی بنیاتنا کە لە چوار ڕێز دوکانی گومەزیدار پێکهاتبوو، بۆیە بازرگانی لە شاردا گەشەی کرد و پەرەی سەند. هەمیسان خانم بەندیخانەیەکی نوێ و دادگایەکی لە شاردا دامەزراند و خۆی بوو بە دادوەری دادگاکە. ئەمە وێڕای چاندنی چەند باغچە و دارگەلێکی زل و خۆشسێبەر لە هەڵەبجە و دوروبەریدا . جگە لەمانە، شاری هەڵەبجە لەسایەی خانم و وەسمان پاشای مێردیدا و تاهیربەگ و ئەحمەد موختار بەگی کوڕانیاندا، گەلێک بینا و دامەزراوی گرنگی دیکەی بەخۆوە بینی وەک، قوتابخانە و مزگەوت و گەرماو... هتد . بەو شێوە هەڵەبجە لە گوندێکی پشتگوێخراوەوە بووبە شارێکی گەشاوە و پێشکەوتوو، ئەمەش بووبە مایەی حەسوودی کاربەدەستە عوسمانییەکان کە ویستیان لە ڕێگەی دامەزراندنی هێڵی پێوەندیی (تەلەگراف)ەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر شاردا بسەپێنن. بەڵام دانیشتوانی هەڵەبجە هەر زوو ئەو هێڵەیان بڕی ، بەوەش ناڕەزایی خۆیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بەسەر شارەکەیاندا دەربڕی. خانم - یش لەلایەن خۆیەوە ئامۆژگاریی کاربەدەستانی عوسمانیی کرد کە نەکەن هێڵەکە چاک بکەنەوە، چونکە خەڵکی ناوچەکەی خێرا دەیبڕنەوە! بەگشتی خانم خاوەنی خەسڵەتگەلێکی بەرز و دەسەڵات و شکۆ و سامی تایبەتی خۆی بوو. ئەمە وێڕای ئەوەی خولیا و زەوقێکی ئەدەبی و هونەری و بیناسازیی بەرز و توانایەکی بازرگانی و ئابووریی سەیری شک دەبرد . ئەمانەش بەگشتی وایانکرد، خانم مایەی بایەخ و سەرسامیی خەڵکانێکی زۆری ئەو سەردەمەبێت بەگشت چین و توێژ و پلە و پایە فەرمی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانیانەوە، نەخاسمە توێژەر و ڕۆژهەڵاتناسەکان کە مەتحی کەسایەتی و بەهرەمەندی و لێهاتوویی و سەخاوەت و دەسەڵاتی ئەم زاتەیان کردووە. محەمەد ئەمین زەکی بەگ ئاماژەی بە هەڵکەوتوویی و هۆشیاری خانم و کاریگەریی لەسەر مێردەکەی و عێلەکەی و تێکڕا ناوچەکەدا کردووە، هەروەها بەبایەخەوە ئاماژەی بەتوانای خانم لە بواری شارستانی و بیناسازی و کاروباری فەرمی و کۆمەڵایەتی و خێڵەکیدا داوە.

ئەدمۆندزیش باسی لەوە کردووە کە گشت دەسەڵاتی وەسمان پاشا، لە پاش مردنی، کەوتووەتە دەستی خانمی ژنی کە لە ڕاستیدا شاژنی (تاج پێ نەدراوی) شارەزوور بووە. ئینگلیزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە نازناوی بەرزی هیندیی ( خان بە هادوور )یان پێ بەخشیووە. مینۆرسکییش ئاماژەی بە دیدەنیی خانم لە هەڵەبجەدا (ساڵی 1914) کردووە و بە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی هەڵەبجەی، لە پێش و پاش مردنی مێردەکەی، داناوە، هەروەها ستایشی لە سەخاوەت و میوانداریی کردووە. مێجەرسۆنیش کە بە شێوەی بازرگانێکی فارسی و بەناوی (غولام حوسێن شیرازی)ەوە ساڵی 1909 سەردانی هەڵەبجەی کردووە و، پتر لە شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشادا، نزیک لە عادیلە خان و تاهیر بەگی کوڕیدا، ماوەتەوە، بیرەوەری و باسێکی قەشەنگی لەو بارەیەوە لە کتێبە ناودارەکەیدا (گەشتنامەکەی) تۆمار کردووە. خانم ساڵی 1924 لە تەمەنی 65 ساڵیدا بە سام و شکۆوە کۆچی دوایی کرد و لە گوندی (عەبابەیلێ)دا لەنزیک گۆڕی تاهیر بەگی کوڕیدا نێژرا، هەروەها ئەحمەد موختار بەگی کوڕیشی لە پاش شەهید بوونی نزیک بەوان بەخاک سپێردرا . خاتوو زێبا خان کچی کەریم بەگی فەتاح بەگی محەمەد پاشای جاف یەکێکە لە ئافرەتە ناودار و هەرە بەڕێزەکانی عێلی جاف و تێکڕا گەلی کوردمان کە بە ڕەوشت و خەسڵەت و هەڵوێست و بەخششە بەرزەکانی خۆی توانیوویەتی شوێنێکی شایستە لە یاد و بیرەوەریی خەڵکی گەرمیان و ئەوانەی لە نزیکەوە ناسیوویانە، بۆ خۆی بکاتەوە و بە زیندوویی بمێنێتەوە. زێبا خانی دلۆڤان و ڕەسەن زادە و لێهاتوو ساڵی 1923 لە کەلاردا هاتۆتە دونیاوە و، لە سایەی خانەوادە شکۆدارەکەیدا، نەخاسمە کەریم بەگی باوکی پەروەردە بووە و هەڵکەوتووە. لە ڕاستیدا زێبا خان گەلێک خەسڵەت و ڕەفتاری بەرز لە باوکییەوە فێربووە و لەسەریان ڕاهاتووە وەک: دلێری، جوامێری، بەخشندەیی، میهرەبانی، دڵپاکی، خۆشمەعشەری و زمانشیرینی و...هتد، بەو هۆیەشەوە هەمیشە مایەی ستایش و خۆشەویستی و ڕێز و حورمەت و پێزانینی خەڵک بووە. هەروەها بوونی زێبا خان بە هاوسەر و هاوڕێبازی نووسەر و تێکۆشەری ناسراو، حەمە سەعید بەگی ئامۆزای، هەلێکی زیاتری بۆ ڕەخساند کە وەک شۆڕەژنێکی خەسڵتبەرز و تێکۆشەر و بە هەڵوێست و خێرۆمەند زیاتر دەرکەوێت و بناسرێت و، لە پێناوی بەختەوەری و کامەرانی وسووککردنی مەینەت و ئازاری نەداران و هەژارانی عێل و گەل و نەتەوەکەیدا، کۆشش بکات و قوربانی بە ئاسوودەیی و ژیانی خۆی بدات . بەڵێ، زێبا خان باشترین هاوسەر و هاوەڵی حەمە سەعید بەگ بوو لە ژیانی پڕ لە خەبات و تێکۆشانیدا و، پێکەوە هەندێک شیرینی و زۆر لە تاڵیی ژیانیان چەشت و، چاکترین نموونەی خزمەتکردن و قوربانیدان و هەڵوێستبەرزییان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان بەرجەستەکرد و لەو پێناوەدا گەلێک مەینەتی و ئازار و دەردەسەریی ژیانیان چەشت . بەڵام ئەوان تا دواهەناسە دەستبەرداری ئەو خەسڵەت و هەڵوێستە پیرۆزانەی خۆیان نەبوون و بەشانازییەوە لەسەری بەردەوام بوون . هەمیسان زێبا خان گەلێک دەستپێشخەری و هەوڵ و خزمەتی مرۆڤانە و خیرۆمەندانەی پێشکەش بە ئافرەتانی سەردەمی خۆی کرد و، بەگشت توانایەکییەوە دەکۆشا بۆ ئەوەی کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی ئەو ئافرەتانە نەهێڵێت و سووک کات و، چارەسەری بۆ کێشەکانیان دابنێت . بۆیە کۆڕ و دانیشتەکانی ئەم خاتووە میهرەبانە لە ماڵەکەی خۆیدا، هەمیشە ئاوەدان بوون بەو ئافرەتانەی دەهاتنە لای و، ئەمیش لەلایەن خۆیەوە بە دڵ و سنگێکی کراوەوە پێشوازیی لێدەکردن و بە هەموو توانایەکییەوە هاوکاریی دەکردن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیانی دەدا و ئاسوودەیی پێدەبەخشین . پاشانیش کە بۆ ئێران گواستیانەوە، ساڵانی غەریبی و دوورەوڵاتی و پڕ لە مەینەت و ناخۆشی هەرگیز نەیانتوانی لە بڕوای بەرز و ورەی پۆڵایین و ئیمانی چەسپاوی ئەم ئافرەتە مەزنە کەم بکەنەوە، ئەوەبوو تا دواڕۆژی تەمەنی لە ئێراندا بە هەمان گوڕ وتین و هیواوە لە پێناو ئاوات و خواست و پرنسیپە باڵا و پیرۆزەکانیدا دەکۆشا، ئەو پرنسیپ و بەها باڵایانەی کە لە پێناویاندا هەمیشە قوربانیی بە هێز و توانا و ماڵ و سامان و تەندروستیی خۆی دەدا. ئا بەو شێوە زێبا خان، بێ وچان، خزمەتی میوان و هەژار و نەدار و ڕێبوار و لێقەوماو و نەخۆش و غەریبانی لە ماڵەکەی خۆیدا دەکرد و، لە پێناویاندا شەوی دەدایە دەمی ڕۆژ و شەونخوونی و زەحمەتی دەکێشا تا لە ڕۆژی 26/4/1974دا دڵە گەورە و میهرەبانەکەی لە دوورەوڵاتدا لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد. ئەوجا تەرمەکەی لە گۆڕستانی (بهشت زهراء)دا هەر لەوێ لە تاراندا نێژرا. حەبێ خان، کچی کەریم بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف یەکێکە لە ئافرەتە بلیمەت و ناودارەکانی مێژووی هاوچەرخمان . ئەم خاتووە سالار و هەڵکەوتووە ساڵی 1927 لە کەلاری کۆندا چاوی بە ژیان هەڵهێناوە،

لە سایەی باوکیدا، کەریم بەگ ، سەرۆکی عێلی جاف ، و لە ئامێزی خانەوادە ناسراوەکەیاندا پێگەیەنراوە و، لەسەر خۆشەویستیی کورد و کوردستان و دابونەریتی خێڵەکی و کۆمەڵایەتیی ڕەسەنی نێو کوردەواری گۆش و پەروەردە کراوە. حەبێ خان هەر بە منداڵی لەسەر خواستی باوکی، بۆ ئەو قوتابخانە سەرەتاییە کە تازە لە کەلاری کۆندا دامەزرا بوو، نێردراوە و لەوێ وەکو یەکەمین کچە قوتابی لە مێژووی ناوچەکەیدا شانبەشانی کوڕانی هاوتەمەنی خۆی خوێندوویەتی. ئەوجا حەبێ خان لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی باوکی و کەسوکاریدا، دەچێتە مەیدانی سوارچاکی، جریدبازی و تیرهاوێژی و تێیدا پەیتا پەیتا وەک شۆڕە سوارێکی تفەنگچیی شۆخ و شەنگ و کارامە ناوبانگ دەردەکات و دەناسرێت . حەبێ خان بە وێنەی کەریم بەگی بابی، هەر لە سەرەتای ژیانییەوە نموونەی بەخشندەیی و کوردپەروەریی پێوە دیار بوو، ئەوەبوو لە تافی لاوێتییدا، لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەرچی خشڵ و زێڕێکی هەبووە لە پێناوی ڕێبازی پارتی هیوادا بەخشیویەتی و دەستبەرداری بووە . چونکە ئەو دەمە (هیوا) لە سنووری گەرمیاندا گەشەی سەندبوو، زۆر لە کەسایەتی و پیاوماقوڵانی ئەو دەڤەری- بە کەریم بەگ و خزمانیشیەوە- لە خۆ گرتبوو. پاشانیش، حەبێ خان وەک زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەی دەچێتە ڕیزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لە پێناوی پتەوکردن و گەشەپێدانی ڕێکخستنەکانی ئەم پارتە تێکۆشەرەدا ڕۆڵێکی کوردانە و مەردانەی بەرچاو لە سنووری گەرمیاندا دەبینێت و، لەو پێناوەدا چەندین جار هاتووچۆی نێوان کەلار و کفری و خانەقین و بەغدا دەکات ، لە بواری ڕێکخستنەکانی ئافرەتاندا بە تایبەتی شوێندەستی دیار دەبێت . هەر لەو میانەدا حەبێ خان لێهاتووانە شانبەشانی هەڤاڵانیدا، لە چوارچێوەی بارەگای (ڕێکخراوی خەبات) لە کەلاردا (کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو) کۆمەڵێک ئەرک و چالاکیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری.. ئەنجام دەدەن. ساڵی 1963 پاش ئەوەی مەحموود بەگی مێردی دەچێتە ڕیزی شۆڕشەوە لە سنووری قەرەداغ، حەبێ خان لەبەر باری ناهەمواری کەلار ناچار دەبێت بگوازێتەوە بۆ گوندی بانسندوق (خوارووی کەلار)، وەلێ زۆری پێناچێت لەسەر دووزمانی و ڕاپۆرتی کوێخای گوندەکە، حەبێ خان بەتۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی سیاسیی نهێنی لە پێناو پارتیدا، ڕاپێچی بنکەی پۆلیسی ناحیەی (قەرە تەپە) دەکرێت و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و سەر ئێشەیەکی زۆر دەبێت . سەرئەنجام بەڕێوەبەری ناحیەکە، چونکە پیاوچاکێکی سەر بە هۆزی (عەزەی) عەرەبی دەبێت و ڕێزی زۆر لە بەگزادەکانی جاف دەگرێت، هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ و حەبێ خان لەو کێشەیە دەرباز دەکات.

ئیدی حەبێ خان دەگەڕێتەوە بۆ کەلار و سەر لە نوێ لەوێندەر نیشتەجێ دەبێتەوە و تا دواساتەکانی تەمەنی هەمان ڕێبازی کوردانە و مرۆڤانەی نەگۆڕی خۆی پەیڕەو دەکات و، بەهۆی خەسڵەتە بەرزەکانییەوە وەک: ڕاستگۆیی، بەخشندەیی، خواپەرستی، هەژار دۆستی، میهرەبانی، خۆشمەعشەری، هەقبێژی، بوێری.... هەمیشە مایەی ڕێز و حورمەتی خەڵک دەبێت. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە حەبێ خان وەک زۆر لە نەوەکانی بنەماڵەکەی ئەدەبدۆست و شیعربێژ بووە، لە کات و بۆنەی جیاجیادا کۆمەڵێک هەڵبەستی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی و لاواندنەوەی بەپێز و هەستبزوێنی هۆنیوەتەوە و ڕاستەوخۆ لەبەر پێشکەشی خزم و دۆست و بیسەرانی کردووە. وەلێ، (مخابن) زۆربەی ئەو شیعرانە بزربوون و بە دەستمان نەگەیشتوون. ئەوانەشیان کە ماون هێشتا تۆمارنەکراون بەڵکو دەماودەم دەگوترێنەوە. ئەمە لە کاتێکدا شیعرەکانی مینە جافی برای بەهۆی تۆمارکردنیانەوە، گەیشتنە دەستی مامۆستا مستەفا نەریمان و ساڵی (1990) لە دیوانێکی قەشەنگدا بە چاپی گەیاندن و کەوتنە بەر دەستی خوێنەران.

ڕۆژی 11/7/1997 حەبێ خان، شاژنی گەرمیان، پاش تەمەنێکی دەوڵەمەند و پڕ لە خزمەت و هەڵوێستی بەرز ماڵئاوایی یەکجارەکیی لێ کردین

عاديلة خان

خانمی ژنی وسمان پاشا له گه ل مه ندوبی سامی به ریتانیا

له گه ل لینته سون خیزانی مێجه رسون

زێبا خان هاوسەر و هاوەڵی حەمە سەعید بەگ

مع زوجها محمد سعيد بگ الجاف

حبيبة خان (( 1927 – 1997 ))

حەبێ خان و مەحموود بەگی مێردی

حەبێ خان لە گەڵ نەوەکانیدا

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
jaffsarwat@yahoo.com jaff.sarwat@gmail.com