ڕۆڵی عێلی جاف لە کلتووری هزری و ئەدەبی و ئایینی کورددا.
ڕۆڵی عێلی جاف لە کلتووری هزری و ئەدەبی و ئایینی کورددا.

وەک ئاشکرایە، عێلی جاف بەشێکی گەورە و گران لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردەواریماندا پێکدەهێنێت، هەروەها مێژوو و کەلەپووری ڕەسەن و دەوڵەمەندی ئەم عێلە، بە بەشێکی بەهادار و بە نرخ لە مێژوو و کەلەپووری نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەگشتی دەژمێردرێن. بەگشتی عێلی جاف لە چەندین قۆناغی مێژوویی جیاجیادا خزمەتێکی فرەلایەن و بە پێزی بەم گەل و نیشتمانە کردووە، شوێندەستی لە زۆر بوار و لایەنی ژیاندا کاریگەر و دیار بووە، لەوانە بوارەکانی: ئایینی (روحی)، هزری، ئەدەبی کە لە میانەیاندا زانا و هزرڤان و ئەدیبانی جاف (نەخاسمە شاعیرەکانیان) بە لێهاتوویی و بەهرەمەندی و هزری ڕۆشن و خامە ڕەنگینەکانی خۆیان توانییان ڕەوش و باری روحی و فیکری و ئەدەبیی نەتەوەکەمان بڕازێننەوە و دەوڵەمەندتر بکەن . لە ئامێزی ئەم عێلە ناودار و گەورەیەدا، شانبەشانی میر و سەرۆک و پیاو ماقووڵ و سوارچاک و جەنگاوەرە دلێرەکانیان، چەندین زانای ئایینی و مەلای بلیمەت و هزرڤانی دانا و نووسەر و مێژووناس و ڕۆژنامەڤانی بەتوانا و، شاعیر و ئەدەیبی پایەبەرز هەڵکەوتوون کە لە نێو لاپەڕەکانی مێژووماندا شوێنێکی شایستە و دیاریان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە . لەوانە زانایانی ئایینی پایەبڵند، ابن الێلاح الشهرزوری، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، مەلا عەبدولکەریمی مودەرَیس، شاعیرانی هەڵکەوتووی وەک: لزا خانم جاف، عێل بەگی جاف، خانای قوبادی، نالی، مەولەوی ، وەلی دێوانە، تاهیر بەگی جاف، ئەحمەد موختار جاف، عەبدوڵڵا گۆران، مینە جاف، نەبەرد جاف، هەروەها ڕۆژنامەنووس و نووسەری هەڵکەوتوو محەمەد سەعید بەگ جاف و نووسەر، حەسەن فەهمی جاف و ئەدیب و ڕۆماننووس خوسرەو جاف و مێژوونووس و نووسەر د. حەسەن جاف (کاک خوسرەو و د. حەسەن دوو بەهرەمەند و خامەڕەنگینی ئێستای بزاڤی ڕۆشنبیریی گەلەکەمانن) چەندین خاوەن قەڵەمی تر . هەڵبەتە هەروا کارێکی ئاسان نییە لەم دەرفەتەدا باس لە سیرەت و ئاسەواری گشت ئەم زاتانە بکەین وەلێ، بەپێی توانا هەوڵ دەدەین بە خێرایی چەردەیەک لەمەڕ ئەو زاتانە تۆمار بکەین جگە لەوانەی کە لە میانەی باسی بەگزادەکانی جافدا پێشتر باسیان کراوە وەک، محەمەد سەعید بەگی جاف، خوسرەو جاف، د. حەسەن جاف، حەسەن فەهمی جاف، نەبەرد جاف .

زانا ئیبنولسەلاحی شارەزووری (ابن الێلاح الشهرزووری)

ئەم زاتە ساڵی 577 ک لە شارەزووردا هاتۆتە دونیاوە، ئەم شارەزوورەی ئێستا کە لە مێژووی ئیسلامدا لانە و مەڵبەندی زۆر لە زانایانی ئایینی و ئەدیبان بووە نەخاسمە لە سەردەمی عەباسییەکاندا کە تێیدا کۆمەڵێک زانای کورنەژاد هەڵکەوتوون و لەلایەن مێژوونووس و توێژەرانی عەرەبەوە بەناوی (العلماء الشهرزوریە)وە ناسراون و ناوبانگیان دەرکردووە. ابن الێلاح لەپێناوی عیلم و ئاییندا سەردانی مووسڵ و بەغدا و خوراسانی کردووە، پاشان لە شام جێگیر بووە، لە بواری تەفسیر و حەدیس و فیقهدا یەکجار باڵادەست بووە. ئەم زاتە ساڵی 643 لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە و لە پاش خۆی کۆمەڵێک دەستنووسی بەپێز و کتێبە شاکارەکەی لە عیلمی حەدیسدا (ناسراو بە مقدمە ابن الێلاح) بەجێهێشتووە، ئەم شاکارە لە هیند و میسر و شامدا، چەند جارێک چاپ کراوەتەوە.

ساڵی 1193 ک لە قەرەداغ، لە ئامێزی خانەوادەیەکی ئایینی ناسراوی سەر بە تیرەی میکایڵی چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، سەرەتا لەسەر دەستی باوکی و چەند مەلایەکی ناوچەکەدا خوێندوویەتی . پاشان بە فەقێیەتی چەند شوێنێکی کوردستان گەڕاوە و، لە شاری سنە لەسەر دەستی سەرۆکی زانایانی ئەو سەردەمە (محەمەد قەسیم) بڕوانامەی زانستیی وەرگرتووە. ئەوجا دەێتەوە سلێمانی و بە دەرس گوتنەوە خەریک دەبێت، ساڵی 1220 دەچێتە حەج، لەوێ بەپێی ڕوایەت، مزگێنیی پێدەدرێت کە بە خزمەتی مورشیدێکی ئایینی گەورە دەگات و لە سایەیدا بە پلەیەکی ئایینی باڵا دەگات. پاش ئەوەی دەگەڕێتەوە سلێَمانی، ڕۆژێک نێردراوێکی مورشیدی نەقشبەندیی ناوداری ئەو سەردەمە (شێخ عەبدوڵڵا دەلهی) دەبینێت.. ئەم نێردراوە کە (میرزا ڕەحیمی) ناوبووە، مەولانا هاندەدات پێکەوە بۆلای مورشیدی ناوبراو لە شاری دلهی/ هیندستان سەفەر بکەن. ئەوەبوو (ساڵی 1222 ک) مەولانا دەگاتە خزمەتی شێخ عەبدوڵڵا و تەریقەتی نەقشبەندیی لێ وەردەگرێت و پاشان دەبێتە خەلیفەی و بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە و دەبێتە یەکەم ڕابەر و بنیاتنەری ئەو ڕێبازە لە کوردستانی باشوور و دەوروبەریدا، موریدانێکی زۆر پەیدا دەکات و خزمەتێکی زۆر بە خەڵکی موسڵمانی کوردستان دەگەیەنێت. ئەوجا مەولانا پتر لە جارێک سەردانی بەغدا دەکات و لە مەزارگەی غەوسی گەیلانیدا کاتێکی زۆر بەسەر دەبات . پاشان گەشەسەندنی خێرای ڕێبازی نەقشبەندی کارێکی وا دەکات نێوانی ڕێبازگرانی ئەو تەریقەتە لەگەڵ ڕێبازگرانی تەریقەتی قادریدا ئاڵۆز بێت و تێکچێت و، باری ئەو سەردەمەی میرنشینی بابان زیاتر بشێوێنێت . سەرئەنجام مەولانای زانا و دانا و خواپەرست بە پەسەندی زانی کوردستان بەجێبهێڵێت و ڕوو لە شام بکات و لەوێ پەرە بە ڕێبازەکەی بدات، تا ئەوکاتەی لەوێ ساڵی 1246 وەفاتی کرد. ئاسەوارەکانی مەولانا بریتین لە گەنجینەیەک نووسین لە بواری فیقە و تەسەووف و عەقیدەدا و، دیوانە شیعرێک و چەندین نامیلکە و ڕێنمایی بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی و فارسی .

زانا و مورشید مەولانا خالیدی نەقشبەندی

دەڵێن ئەم خاتووە شاعیرە لە سەدەی پێنجەمی کۆچیدا لەناوچەی شارەزووردا ژیاوە و جگە لە هۆنینەوەی شیعر خاوەنی جوانییەکی دڵڕفێن و دەنگێکی خۆش و توانایەکی دەگمەن لە مۆسیقاژەنیدا بووە، هەروەها بە خواپەرستی و زوهد و تەسەووف ناسراوبووە و یەکێک بووە لە ڕێبازگرانی ڕێبازی (یارسان - اهل الحق) و لەو پێناوەدا شارەزووری بەجێهێشتووە و چووەتە ناوچەی لوڕستان لە ڕۆژئاوای ئێران و لە گوندی (عەینە)دا نزیک بە خوڕەم ئابادی ناوەندی پارێزگای لوڕستان جێگیربووە. ئەمەش بڕگەیەکە لە شیعرێکی:

حەیدەرە سەڕاف، حەیدەرە سەڕاف
چەندی نە عەینە بیم نە گێج تاف
ئیسا مواجان بە ئەم کچە جاف
قەبالەی ماری نەتاش مەساف

لزا خانم جاف

ئەو زانیارییانەی لەمەڕ ئەم شاعیرەوە لەبەر دەستدان، زانیاریگەلێکی پچڕ پچڕ و جیا جیا و کەمن و، دەماودەم لەم سەردەم بۆ ئەو سەردەم گواستراونەتەوە و باسکراون. جا وێڕای کەمی و پچڕ پچڕیشیان، ئەو زانیارانە بەگشتی کۆک نین لەسەر شوێن و سەردەم و ژیاننامەی شاعیرەوە. بەهەر حاڵ هەندێک دەڵێن عێل بەگی جاف لە ساڵانی (898- 941 ک) لە دەوروبەری سیروان و شارەزووردا ژیاوە، هەندێکی دیکەش وا باس دەکەن کە لە سەردەمێکی تر و شوێنێکی تردا (گوندی شلە و زالوب لە ناوچەی سنجاویی پارێزگای کرماشاندا) ژیانی بەسەر بردووە و، ئەوجا لە لاوێتییدا چووەتە ناوچەی هەورامان (اورامانات) و لەوێندەر ژنی هێناوە و جێگیر بووە. بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریگەلی دروست و ڕاست، عێل بەگی جاف یەکێک بووە لە ڕێبازگرانی ڕێبازی (سۆفیی) ئەهلی حەق و لە سەردەمی خۆیدا وەک شاعیر و هزرڤانێکی دووربین و ئەندێشە فراوان و دانا توانیوویەتی پێش قۆناغەکەی خۆی بکەوێت و پێشبینیی گەلێک پێشهات و کارەسات و گۆڕانکاری لە بواری جیاجیای ژیان و پێشکەوتنی زانستی هەمە جۆردا بکات کە لە چێوەی هۆنراوە جوانەکانیدا (هەروا بووە و هەروا ئەبێ) دەری بڕیوون و بەرجەستەی کردوون . وەک پێشبینیکردنی تەلەگراف و تەلەفۆن و ئۆتۆمبیل و فڕۆکە و هاتنی قاجارییەکان بۆسەر تەختی حوکمی ئێران و ڕوودانی جەنگی جیهانی یەکەم و داگیرکردنی ئێران لەلایەن ڕووس و بەریتانیاوە.. هتد. ئەمەش ئەو کۆپڵە شیعرەیەتی کە تێیدا پێشبینی داهێنانی فڕۆکە دەکات:

تەیرێ وەک ڕەعدو بەرق ئەبێ
گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق ئەبێ
دەشت و دەری پێ لەق ئەبێ
بە ڕووی هەوا مۆڵەق ئەبێ
هەروا بووە و هەروا ئەبێ

شاعیر عێل بەگی جاف

ئەدیب و شاعیری ناوداری کورد خانای قوبادی لە نێوان ساڵانی (1700- 1759)دا ژیاوە، خاوەنی چیرۆکە شیعری بەناوبانگی خوسرەو و شیرین- ە کە ساڵی 1153 ک هۆنیوییەتەوە. ئەگەرچی شاعیرمان ئەم بەرهەمە جوانەی لە داستانە شیعرییەکەی (خوسرەو و شیرین)ی شاعیری فارسی ناودار (نیڤامی)یەوە وەرگرتووە، بەڵام هۆنراوەکانی ئەم لەوانەی (نیڤامی) لە ڕووی ڕەوانبێژی و جوانییەوە، لە پێشترن.

شاعیر خانای قوبادی

شاعیری ناودار وەلی دێوانە لە ساڵێکی نادیاردا هاتۆتە دونیاوە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە لە سەدەی هەژدەهەمدا ژیاوە و کۆچی دوایی کردووە (بگرە لە ساڵی 1756دا هێشتا لە ژیاندا بووە). ئەم شاعیرە هەستناسکە شەیدای شەمسەی کچی قادر شێروان بووە، ناوبراو (مەبەست قادرە) یەکێک بووە لە سەرۆک خێڵەکانی تیرەی کەماڵەیی (هەمان تیرەی شاعیر) . ئەوجا شاعیرمان بە تەواوی دێوانەی ئەو کیژە (شەم) دەبێت و گەلێک شیعری ناسک و قەشەنگ و هەستبزوێنی پێدا دەڵێت. تەنانەت خۆشەویستیی شاعیر بۆ دڵدارەکەی لە ئەدەبی کوردیدا دەگاتە ڕادەی خۆشەویستیی مەجنون و لیلى و شیرین و فەرهاد و مەم و زین.. وەنەبێت وەلی دێوانەش کوڕی پیاوێکی هەژار بوو بێت، بگرە کوڕە گەورەی کەسێکی دەستڕۆ و دەوڵەمەندی نێو تیرەی کەماڵەیی بوو بەناوی حەمە سوور، کە زۆر مەبەستی بووە کوڕەکەی بە ئاواتی دڵی خۆی بگات . بۆیە چەند پیاوماقووڵێکی عەشیرەتەکەی ناردە لای باوکی شەم بە مەبەستی داواکردنی کچەکەی بۆ شاعیر، ئەوەبوو داواکە پەسەند کرا. بەڵام لە بەدبەختیی شاعیر، زۆری نەبرد لە کاتی کۆچی هاوینەی جاف بەرەو کوێستان، ناکۆکی لەنێوان بنەماڵەی شاعیر و بنەماڵەی خۆشەویستەکەی لە (کەلی پەیکووڵی)دا، ڕوویدا. ئیدی بەهۆی ئەو ناکۆکییەوە، هەردوو دڵدار بە یەک نەگەیشتن و، شاعیرمان تا دواڕۆژی ژیانی ئازار و غەمێکی سەختی چەشت کە لە شیعرە بەسۆز و لوتکەکانیدا بە تەواوی ڕەنگیان داوەتەوە و دیارە. وەک دەڵێت:

یاران لەجەرگم، یاران لەجەرگم
تیری شەم ئەمشەو درا لە جەرگم
بەو تیرە گەیمە ئاکامی مەرگم
شەهیدم کفن مەکەن بەبەرگم

یان دەڵێت:

تەنیا گۆڕەکەم لە ڕێی خێڵان بێ
نزیک هەوارگەی جاف و گۆران بێ
کێلێکی بەرزی بەقەد باڵای شەم
لە ژوور سەرم بێت بێ زیاد و بێ کەم

شاعیر وەلی دێوانە

شاعیری ناوداری گەرمیان حەمە ئەمین بەگی کەریم بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف (ناسراو بە مینە جاف) ساڵی 1911 لە قەڵای شێروانەدا (لە کەلار) هاتۆتە دونیاوە و، لە سایەی کەریم بەگی باوکی (سەرۆکی عێلی جاف) و بنەماڵە ناودارکەیدا لەسەر دابونەریتی کوردەواریی ڕەسەن و خەسڵەتی بەرز و نیشتمانپەروەری گۆشکراوە. مینە جاف هەر بە منداڵی لە حوجرەی کەلار خوێندوویەتی و شارەزایی لە زانستە ئایینییەکاندا پەیدا کردووە. ئەوجا بەزیرەکی و هۆشمەندی خۆی پەرەی بە ڕادەی خوێندەواریی خۆی داوە و یەکەمین هەوڵەکانی خۆی لە بواری شیعردا خستۆتە گەڕ. پاشان بە یاوەری دایکی (دورسون خان) و حەبیبە خانی خوشکی دەگوێزنەوە بۆ گوندی گۆبان و لەوێ نیشتەجێ دەبن. ئیدی مینە جاف لەوێ وەکو کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی ناودار و شاعیرێکی لێهاتووی سنووری گەرمیان شۆڕەت دەردەکات و دەناسرێت. شایەنی باسە مینە جاف ساڵی 1931 شانبەشانی کەریم بەگی باوکی و داوود بەگی مامی و ژمارەیەک لە جەنگاوەرانی عێلەکەیان، بەشداری لە داستانی ئاوباریکدا دەکەن و سەروەرییەکی مەزن بۆ گەل و عێلەکەیان تۆمار دەکەن. مینە جاف کەسایەتی و شاعیرێکی نیشتماپەرور و دەسپاک و خواپەرست و هەقبێژ و میهرەبان و ڕاستگۆ و دانا و بەخشندە بووە.. تا ساڵی وەفاتی (1965) هەرگیز لە ڕێباز و خەسڵەتی ڕەسەنی خۆی لای نەداوە. ئەمەش نموونەیەکە لەو شیعرەی بۆ د. حەسەنی برایی هۆنیووەتەوە:

هەی لایە لایە حەسەن لای لایە
لە خوام گەرەکە بگەیتە پایە
پایەت بڵند بێ، بەرز بێ مەقامت
بەو شەرت سەربەرزیی کورد بێ مەرامت
هیوا و خەیاڵت حوڕیی کوردان بێ
رۆحت فیدایی ڕیی نیشتمان بێ

تێبینی:

جگە لەو بەڕێزانەی باسمانکردن، ئەمڕۆ لە نێو جافدا چەندین نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەڤانی تر هەن کە لە بزاڤی ڕۆشنبیریی ئەمڕۆماندا بە ئەوپەڕی توانا و دڵسۆزییەوە خزمەتی کلتوور و مێژووی گەل و نیشتمانەکەیان دەکەن، ئێمە بۆ نموونە لێرەدا پێناسەی یەکێکیان دەکەین کە هەوڵێکی بەرچاوی داوە لە خزمەتکردن و زیندووکردنەوە و پاراستنی مێژوو و کەلەپووری گەل و نەتەوەکەی بەگشتی و عێلی جاف بەتایبەتی، ئەویش نووسەر عومەر عەلی شەریف - ە

مینە جاف

ناوبراو ساڵی 1956 لە سەرتەکی بەمۆ (بناری هورێن - شێخان) سەر بە ناحیەی مەیدان/ قەزای خانەقی هاتۆتە دونیاوە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی ئەڵمانیدا (ساڵی 1979) تا ئێستا پتر لە 400 توێژینەوە و باسی هەمەجۆر و بابەتی وەرگێڕدراوی بە کوردی و عەرەبی لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا بڵاوکردۆتەوە. هەر وەها 4 کتێبی بە چاپ گەیاندووە و 3 کتێبی دیکەشی ئامادەن بۆ چاپ. حاڵی حازر لە هەولێر دادەنیشێت.5

عومەر عەلی شەریف

شاعیری مەزن مەلا خدری کوڕی ئەحمەد شاوەیسی ئاڵیبەگی میکایڵی/ جاف ناسراو بە نالی (لەدایکبووی گوندی خاک و خۆڵی سەر بە شارەزوور ساڵی 1800)، ئەستێرە گەشەی بەرەبەیانی شیعری کلاسیکیی کوردییە، شۆڕە سواری بێهاوتای مەیدانی غەزەلیاتە، هەمیسان ئەم زاتە لەگەڵ هەردوو شاعیری گەورەدا، سالم و کوردی، بنیاتنەری قوتابخانەی شیعری بابانین و بە سێکوچکەی شیعری بابان ناسراون . نالی یەکەم کەس بووە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، واتە لەدوا قۆناغەکانی فەرمانڕەوایی میرنشیینی باباندا، زمانی کوردیی سۆرانیی (واتە کرمانجی خواروو) کردە زمانی شیعر و ئەدەب و، سەلماندی کە ئەم زمانە بەڕاستی زمانی شیرینی شیعر و ئەدەب و داهێنانە. نالی پاش ئەوەی قۆناغێکی زێڕینی *لە سلێمانیدا بەسەر برد، چووە حەج و لەوێوە گەڕایەوە شام، ئەوجا بە خەیاڵی گەڕانەوە بۆ کوردستان نامە شیعرییە نایابەکەی بۆ سالم - ی هاوڕێی نارد، ئەمیش بە نامەیەکی شیعری (دیسان جوان و قەشەنگ) وەڵامی نالیی دایەوە و ئامۆژگاریی کرد کە نەگەڕێتەوە، چونکە باری وڵات لەژێر دەسەڵاتی تورکدا سەخت و ناهەمواربووە. ئیدی نالی بەناچاری بەرەو ئەستەمبووڵ دەڕوات و لەوێ جێگیر دەبێت و دوایی لە ساڵی 1856دا یان پاشتر (مێژووی وەفاتەکەی مشتومڕی لەسەرە) کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێ دەنێژرێت، ئەمەش پێشەکیی نامە شیعرییەکەیەتی کە باسمان کرد:

قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مرور
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور
ئەی لوگفەکەت خەفیو هەوا خواە وهەمدەمە
وەی سروەکەت بە شارەتی سەرگۆشەیی حوچور
ئەی هەم میزاجی ئەشکی تەڕ وگەرمی عاشقان
گۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور
گاهێ دەبێ بە رەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ
گاهێ دەبێ بەدەم دەدەمێنێ دەمی غروور

شاعیر نالی

هۆنەری دڵتەڕ و شۆخو شەنگی ماڵباتی بەگزادەی جاف، تایەر بەگی وەسمان پاشای حەمە پاشای جاف ساڵی 1875 لە شاری هەڵەبجە چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، هەر لەوێ لە سایەی باوکیدا میری جاف و قایمقامی هەڵەبجە و، عادیلە خانمی دایکیدا شاژنی هەڵەبجە و شارەزوور، پێگەیشتووە و پەروەردە بوو و، بەنازونیعمەت بەخێو کراوە و، ژیانێکی خۆشی بۆ دابینکراوە و، لە دیوەخانە شکۆدارەکەیاندا تێکەڵ بە کۆڕی زانا و ئەدیب و شاعیر و پیاو ماقووڵ و سیاسەتمەداران بووە و، بە تەواوی هزر و دڵ و دەروونی کراونەتەوە. هەروەها تاهیر بەگ لە سەردەمی لاوێتییدا ژیانێکی پڕ لە کەیف و زەوق و بەزم و بادەی بەسەر بردووە و چەندان هەڵبەستی کەلاسیکیی نایاب و بە سۆزی (نەخاسمە لە بواری غەزەلدا) هۆنیووەتەوە و بیسەرانی پێ سەرسام و حەیران کردووە. بەگشتی شیعرەکانی تاهیر بەگ دەچنە ڕیزی جوانترین شیعرە کلاسیکییەکانی ئەدەبی کوردیمانەوە کە ئەوپەڕی بەهرەمەندی و ناسکی و جوانی و ڕەوانبێژییان پێوە دیارە. تاهیر بەگ جگە لە زمانی کوردی دایک، فارسی و فەرەنسیشی زانیووە و، میرێکی لێهاتوو و بەهرەمەند و کەیف خۆش و خانەدانی سەردەمی خۆی بووە. ئەم زاتە لەلایەن گەڕید و ڕۆژهەڵاتناسانی ناسراوی وەک مێجرسۆن و ئەدمۆندزەوە بەبایەخەوە باس کراوە. تاهیر بەگ لەدوا ساڵەکانی تەمەنیدا ڕووی کردۆتە جیهانی تەسەووف و زوهد و لە ساڵی 1917دا لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و، لە عەبابەیلێی نزیک هەڵەبجەدا نێژراوە، ئەمەش نموونەیەکە لە شیعرەکانی:

تابەکەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە
دەس بە ئەژنۆ، قووڕ بەسەر، دایم بە ئاهی سەردەوە
ڕۆژی ئەوەڵ بوو کەزانیم من ئەبێ دێوانەبم
عاشقی تۆ نەوعی مەجنون وا بەکێو و هەردەوە
مەرحەمەت کە زوو بڕۆ قاسد بڵێ دەردی دڵم
نازی پاپوچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە
هەروەکو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین
تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بەڕەنگی زەردەوە

تاهیر بەگی جاف

شاعیری لووتکە و هەڵکەوتوو سەیید عەبدولڕەحیم کوڕی مەلا سەعید ناسراو بە مەولەوی ساڵی 1806 لە گوندی سەرشاتەی دەڤەری تاوگۆزی (سەر بە هەڵەبجە) هاتۆتە دونیاوە و، هەر بە منداڵی لەسەر دەستی باوکیدا قورئانی پیرۆزی خوێندووە و خەتمی کردووە.. ئەوجا لە پێناوی خوێندن و زانستدا بە فەقێیەتی بە شارەکانی پاوە، مەریوان، سنە، بانە، سلێمانی، هەڵەبجە.. هتد گەڕاوە. دواتر لە سلێمانی لەسەر دەستی زانا (مەلا عەبدولڕەحمانی نوتشەیی) موفتیی سلێمانی و مامۆستای مزگەوتی مەڵکەندی، ئیجازەی عیلمیی وەرگرتووە. پاش تەواوکردنی خوێندن گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی تاوگۆزی و لەوێ لە گوندی چروستانە بووەتە مامۆستا و لەگەڵ عەنبەر خاتووندا (بە ڕەگەز ئەفغانییە) بوونەتە هاوسەر.. ئەوجا بە خولیای ڕێبازی سۆفیگەری دەچێتە تەوێڵە و بە خزمەتی شێخ عوسمانی سیراجەدینی گەورە- نەقشبەندی- دەگات و لە تەسەوفدا قووڵ دەبێتەوە و دەبێتە یەکێک لە هەڵکەوتووەکانی ڕێبازی نەقشبەندی. پاشان دەچێتە شەمێران و دواتریش بۆ گوندەکەی خۆی سەرشاتە دەگەڕێتەوە و ساڵی 1882 بە ڕووداوێکی دڵتەزێن وەفات دەکات. ئەو بەرهەمە شیعرییە مەزنانەی مەولەوی کە ئەمڕۆ لەبەر دەستدان ئەمانەن: دیوانە شیعرە هەرە بە نرخەکەی بە شێوەزاری هەورامی، الفچیلە بە زمانی عەرەبی، عەقیدەی مەرزیە بە شێوەزاری سۆرانی، فوائح بە فارسی ،لەڕاستیدا مەولەوی شاعیر و فەیلەسوف و سۆفییەکی پایە بڵندی نەتەوەکەمانە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئەگەر بەراوردی خەیاڵ و توانای شیعریی ئەم زاتە لەگەڵ شاعیرانی غەیرە کوردی ئەو سەردەمەشدا بکەین، دەبینین هەموو قەڵەم و زمانێک دان بەوەدا دەنێن کە هزری ڕووناکی ئەو لەسەر هەموویانەوەیە، نەخاسمە لە بواری وەسف و لاواندنەوە و تەسەوفدا، ئەمەش نموونەیەکە لە لاواندنەوەیەکی (مرپیە) بۆ عەنبەر خاتوونی هاوسەری :

هەرچی مەوینۆن شێوەی تۆش پێشەن
دڵ وەهەتیتەی حەسرەتدا کێشەن
هەر ماهێ نەوبۆ حاڵم پەشێوەن
هیلالیش شێوەی ئەبرۆی تۆش پێوەن
نەشەو ڕاحەتم نەڕۆژ دڵشادم
ئەو زوڵف و ڕۆ ڕۆت مەوزاوە یادم
شمشاو نەرگس وەنەوەشەی چەمەن
سەیرشان ئازار بینایی چەمەن

شاعیر مەولەوی

ئەم شاعیرە ناودارە ساڵی 1898 لە هەڵەبجە لەدایک بووە و، بە شێوەی تایەر بەگی برای، لە سایەی وەسمان پاشای باوکی و عادیلە خانمی دایکیدا، بەناز و نیعمەت بەخێو و پەروەردە کراوە و، هەلی خوێندنی بۆ ڕەخساوە. هەمیسان بە وێنەی کاکی تاهیر بەگ ژیانێکی خۆشی لە قۆناغی لاوێتییدا بەسەر بردووە و لە تەمەنی بیست ساڵیدا ژنی هێناوە، هەر لەو سەروبەندەدا پتر لە جارێک بووەتە قایمقامی هەڵەبجە و، لە ساڵانی 1919- 1924دا نائیبی پەرلەمانی عێراقی بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی کەسێکی نەتەوەپەروەر و خەباتگێڕ و هاوسۆز و هاوغەمی میللەتەکەی بووە و، حەزی بە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە نەکردووە، لە قۆناغی دووهەمی ڕاپەڕینەکەی شێخ مەحموودی حەفیددا سەنگەری خەباتی هەڵبژاردووە و لەو پێناوەدا وازی لە گشت سامان و پلەوپایە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکانی هێناوە و لەو پێناوەدا تووشی گەلێک گرفت و نەهامەتی هاتووە. بەگشتی ئەحمەد موختار بەگ نموونەی میرێکی کوردپەروەر، بەخشندە، دلۆڤان، هەژار دۆست، خۆشمەعشەر بووە. لە بواری ئەدەبی کوردیشدا وەک شاعیرێکی بلیمەت و بەهرەمەند ناسراوە، زیاتریش لە مەیدانی شیعری نیشتمانی و نەتەوەیی و سیاسیدا ناوبانگی دەرکردووە. هەمیسان بەهۆی چیرۆکە نایابەکەیەوە (مەسەلەی ویژدان) بە یەکێک لە پێشەنگەکانی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی دادەنرێت. ساڵی 1935 ئەحمەد موختار جاف لە نزیک ڕووباری سیروان بە گوللەیەکی نامەرد شەهید دەکرێت. ئەمەش نموونەیەکە لە شیعرێکی:

بەخۆڕایی لە دەستی مەدەن ئەم خاکە مەحبووبە
کە تۆزی وەک جەواهیر سوورمە و کوحلی بەسەرتانە
بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە
تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوە وا لە سەرتانە
بەبێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن
گوڵاڵە سوورەی ئەم سەحرایە خوێنی جگەرتانە

ئەحمەد موختار جاف

أحمد مختار بگ مع جماعة من الثوارالجاف

زانای پایەبەرز مەلا عەبدولکەریم کوڕی محەمەد کوڕی فەتاح، ناسراو بە مودەڕیس (بە مەلا کەریمی بیارەش ناسراوە) لە هۆزی قازیی سەر بە عێلی جافە، ساڵی 1902 (یان 1903) لە گوندی تەکیەی سنووری خورماڵدا، هاتۆتە دونیاوە. لە تەمەنی منداڵییدا باوکی مردوو، ئەوجا لە سایەی دایکیدا بەخێو کراوە و خراوەتە خوێندن و لە حوجرەدا خوێندوویەتی . بەڵام زۆری نەخایاند دایکیشی مرد و بەو شێوە باری ژیانی سەختتر و ناهەمواتر بوو، بەڵام خزمانی بردیانە لای خۆیان و هاوکارییان کرد و بەو شێوە توانیی پەرە بە خوێندنەکەی بدات . ئەوجا بۆ تەواوکردنی خوێندن چەند شوێن و گوندێکی کوردستان (نەخاسمە لە سنووری مەریوان و هەورامان) گەڕاوە، پاشان بە هەمان مەبەست هاتۆتە سلێمانی (لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا)، لەوێشەوە بە هۆی گرانی و قاتی و قڕییەوە چووەتە خانەقای دووڕۆ لای شێخ عەلائەدینی بیارە. پاش ئەو سەردەمەش لە گوندی عەبابەیلێ و گوندی باڵەک (لە مەریوان) و بیارە خوێندوویەتی. دیسان هەر بۆ خوێندن گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەسەر دەستی زانای لێهاتوو شێخ عومەردا (ناسراو بە ابن القرداغی) پەرەی بە خوێندنەکەی داوە و ساڵی 1925 ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتووە. پاشان لە مزگەوتی گوندی نەرگسەجاڕدا بووەتە مامۆستا و پێشنوێژ، ئەوجا ساڵی 1929 لەسەر داوای شێخ عەلائەدینی بیارە بووەتە وتارخوێنی خانەقای بیارە و مامۆستای قوتابخانە بەناوبانگەکەی و تا ساڵی 1951 بەو شێوە خزمەتێکی مەزنی کردووە. لەو ساڵە بەدواوە هاتۆتەوە سلێمانی و تا ساڵی 1955 بە دەرس گوتنەوە خەریک بووە، پاشانیش بە هەمان ئەرک لە تەکیەی تاڵەبانیی/ کەرکووکدا تا ساڵی 1960 خزمەتی کردووە، لەو ساڵە بەدواوە چووەتە بەغدا و لە مزگەوت و قوتابخانەکەی شێخ عەبدولقادری گەیلانیدا دامەزراوە و جێگیر بووە و، تا دوا ساڵی تەمەنی لەو شوێنە پیرۆزەدا (29/8/2005) خزمەتێکی بێ وێنەی لە بواری ئایینی و فیکری و ئەدەبیدا بە گەل و نەتەوەکەی کردووە. بەدرێژایی ئەو ساڵانەی مامۆستا لە بیارە و سلێمانی و کەرکووک و بەغدا بووە، چ لە بواری دەرس گوتنەوەدا یان نووسین و لێکۆڵینەوە و فەتواداندا، کەس بەقەد ئەو خزمەتی بەم وڵاتە نەکردووە. بە کورتی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم ئەستێرەیەکی گەشی دونیای زانست و تەسەووف و فیقە و شەریعەتە لە کوردستان و عێراق و تێکڕا جیهانی ئیسلامیدا، هەروەها نووسەر و لێکۆڵەر و پسپۆڕێکی بلیمەتە لە بواری ئەدەب و شیعر و زمانی کوردیدا. کۆی کتێبە چاپکراوەکانی مامۆستا بە کوردی و عەرەبی و فارسی (لە بوارە جیاجیاکانی ئایین و فیقە و تەسەووف و عەقیدە و زمانی عەرەبی و مێژوو و ساغکردنەوە و لێکدانەوەی چەندین دیوانی شیعری کوردیدا) پتر لە 60 کتێبە، ژمارەی دەستنووسەکانیشی کە چاپ نەکراون 15 پەرتوکە. کۆی لاپەڕەی کتێبە چاپکراوەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم 15 هەزار لاپەڕەیە، بەو جۆرە بە یەکەمین نووسەری کورد لە بواری بەرهەمهێناندا دەژمێردرێت.

زانا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس

شاعیری مەزن و داهێنەر و نوێخواز عەبدوڵڵای کوڕی سلێمان بەگ کوڕی عەبدوڵڵا بەگ کوڕی عینایەتوڵڵا بەگ، ناسراو بە گۆران، لێهاتووترین و ناسراوترین شاعیری کوردە لە سەدەی بیستدا، بگرە یەکێکە لە دیاردە هەرە پرشنگدارەکانی شیعر و ئەدەبی کوردی لە تێکڕا مێژوویی نەتەوەکەماندا. ئەم زاتە ساڵی 1904 لە شاری هەڵەبجەدا لە خێزانێکی ناوداری تیرەی میران بەگی/ جاف هاتۆتە دونیاوە و، هەر لەوێ سەردەمیی منداڵیی بەسەر بردووە و قۆناغی سەرەتایی بڕیوە. باوک و باپیری گۆران بە (کاتب فارسی) ناسراون، چونکە فارسییان بەباشی زانیووە و نووسەری وەسمان پاشا و عادیلە خانمی خێزانی بوون. ساڵی 1919 ماڵی گۆران بار دەکاتە هەورامان، لەوێ باوکی دەمرێت و، بەو هۆیەوە تووشی نەهامەتی و کوێرەوەرییەکی سەخت دەبێت. وەلێ بە هیمەتی کاکی محەمەد دەتوانێت لە کەرکووک پەرە بەخوێندنەکەی بدات. پاش ئەوەی محەمەدی برای (ساڵی 1921) دەکوژرێت گۆران ناچار دەبێت واز لە خوێندن بهێنێت و بۆ دابینکردنی بژێویی خۆی و دایکی ڕەنج بدات. لە ساڵانی 1925- 1937دا گۆران لە چەند گوندێکی لیوای سلێمانیدا مامۆستایی کردووە، لە هەمانکاتیشدا لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگیلیزیدا قووڵ بووەتەوە و، ئەو زمانانە فێر بووە. لە ساڵانی 1942- 1945دا گۆران دەبێتە بەرپرسی بەشی کوردیی ئیزگەی ڕۆژهەڵاتی نزیکدا لە شاری یافا، ئەوجا لە هەولێر تا ساڵی 1950 وەکو ژمێریارێک کاردەکات. لە ساڵانی نێوان 1950- 1958دا گۆران بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانی و بیری چەپگەری و داکۆکیکردنی لە چینی هەژار و زەحمەتکێشی میللەتەکەی، و پشتگیریکردنی لە مەسەلەی ئاشتی و خەباتی گەلانی چەوساوە و شۆڕشگێڕ لە جیهاندا، سێ جار دەگیرێت و هەر جارێکیش نزیکەی دوو ساڵ لە بەندیخانەدا بەسەر دەبات. هەر بەو بۆنەیەوە تووشی نانبڕین و بێکاری دەبێت و، خۆی و خانەوادە و مناڵەکانی ئازاری برسێیەتی و نەبوونی دەچێژن، بەڵام هەرگیز لە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی خۆی لا نادات. ساڵی 1960 دەبێتە وانەبێژ لە بەشی کوردیی کۆلێجی ئاداب- زانکۆی بەغدا. پاشان نەخۆش دەکەوێت و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی سەردانی یەکێتی سۆڤیتی جاران دەکات. بەڵام سەردانەکەی هیچ ئاکامێکی باشی نابێت، و دەگەڕێتەوە بۆ وڵات و، لە 18ی تشرینی دووهەمی ساڵی 1962دا لە سلێمانی کۆچی دوایی دەکات. بەگشتی گۆران لێهاتووترین شاعیری نوێکارە لە ئەدەبی کوردیدا، هەروەها خاوەنی قوتابخانە و ڕێبازێکی نوێیە لە شیعری نەتەوەییماندا، هەمیسان گۆران یەکێکە لە مامۆستا بلیمەتەکانی بواری ڕەخنەی ئەدەبی، نووسین، وەرگێڕان، ڕۆژنامەگەریی کوردی، وانە گوتنەوە... هتد. ئەم زاتە لە تەمەنی 13 ساڵییەوە شیعری هۆنیووەتەوە، سەرەتاش بە وەسف دەستی پێکردووە (وەسفی ئافرەت- جوانیی سرووشتی کوردستان) پاشانیش لە چلەکاندا شیعرەکانی شێوازێکی سیاسی و واقیعییانەیان وەرگرتووە. شیعرەکانی گۆران بەگشتی، لێهاتوویی و بەرهەمەندی و مامۆستایی و باڵادەستی ئەم زاتە وەک شاعیرێکی لووتکە و دیاردە و کەم وێنە، دەسەلمێنن. هەروەها ئەو شیعرانەش کە لە عەرەبی و تورکی و فارسی و ئینگلیزیەوە، بە شیعر وەری گێڕاون، ئەو پەڕی بەهرەمەندەی و مامۆستایی گۆرانیان پێوە دیارە. ئەمەش چەند دێریکە لە شیعرەکانی (گەشتی هەورامان)

کۆمەڵە شاخێک سەخت و گەردن کەش
ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش
سەرپۆشی لووتکەی بەفری زۆر سپی
بە دارستان ڕەش ناو دۆڵی کپی
جۆگەی ئاوەکان تیایا قەتیس ماو
هەر ئەڕۆن ناکەن پێچی شاخ تەواو
هاوار و هاژەی کەف چڕینی چەم
بۆ تەنیایی شەو لایە لایەی خەم

گۆران   (1904 – 1962)  

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
jaffsarwat@yahoo.com jaff.sarwat@gmail.com