هۆز و تیرەکانی جاف   -   جافی جوانڕۆ
جافی جوانڕۆ

زێدی جافی جوانڕۆ پانتاییەکی بەرین لە ڕۆژئاوای ئێراندا، لە سنووری هەردوو پارێزگای کرماشان و کوردستاندا، دەگرێتە خۆ، سنووری جوگرانیی ئەم دەڤەرە لە باکوورەوە، هەڵەبجە و هەورامان و ناوچەی باشووری پارێزگای سلێمانییە، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە زنجیرە چیای شاهۆ و کامێران و بێلوار و میان دەربەندە، لە باشووریشەوە ناوچەی تیرەکانی سنجاوی (هەیارخانی) و قەڵخانی و سەرپێڵی زەهاوە، لە ڕۆژئاوایشەوە سنووری عێراقە بە درێژایی کەناری ڕووباری سیروان تا ڕووباری قۆرەتوو. ئەم شوێنە "شوێنی جافی جوانڕۆ" هەزارەها ساڵە بە زێد و هەوارگەی ڕەسەنی عێلی جاف بە گشت تیرە و هۆزەکانییەوە، دەژمێردرێت. ئەم بەشە گەورەی جافە (جافی جوانڕۆ) جاران کۆچەر بوون و لە هاویناندا دەچوونە هاوینەوارەکانی پاوە و قەدپاڵی شاخی شاهۆ و چیای بنیگز و چیای سارابەند و ماکوان و شیوی دەشتی حەڕ و ڕووباری ئاب و شاری ئاباد (شالی ئاباد) و دەشتی لیل و هلول و زمکان، لە زستانانیشا لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک عێراق، مەرخیل و خانەشوور و ئەزگڵە و باویسێ و سەرقڵا و جیگێران و زەهاو و هاجیلەر و چوارکڵاودا نیشتەجێ دەبوون. جافی جوانڕۆ لە چەندین عەشیرەت و تیرە و هۆزی گەورە و ناسراو، چ لە ڕووی ژمارەوە یان لە ڕووی شوێنەوە، پێکدێت، پێکهاتەی ئەم عەشیرەت و تیرانەش لە سەر بناغەی وەرەسە دامەزراوە و، دیار ترینشیان ئەمانەن: قوبادی، باوەجانی، وەڵەبەگی، ڕۆستەم بەگی، ئێناخی، شەرفبەیانی، ڕەحمان بەگی، شێخ سمایلی، گەشکی، باشۆکی "بازۆکی" نێریژی، قادر میروەیسی، تایشەیی "ئەم سێ تیرەی دواییە بە زۆری لە ناوچەکانی عەشیرەتەکانی گۆراندا نیشتەجێن و بە تیرە سەرەکییەکانی جافی ئەو دەڤەرە دەژمێردرێن، وەک لە باسی جافی گۆراندا بە ڕوونی دەردەکەوێت".

عەشیرەتی ڕۆستەم بەگی

ڕۆستەم بەگییەکان عەشیرەتێکی گەورەی جافی جوانڕۆن، هەروەها بە بنەچەی ڕەسەنی گشت تیرەکانی جافی تر لە قەڵەم دەدرێن، شوێنەکەیان دەکەوێتە نێوان چیای شاهۆ "شاوە" لە ڕۆژهەڵاتەوە، پاوە و ئۆرامانات لە باکوورەوە، سنووری تیرەی وەڵەبەگی لە باشوورەوە، شوێنی تیرەی قوبادی لە ڕۆژئاواوە. لەنێو هەڵوێستە دیار و پڕ لە شانازییەکانی ئەم عەشیرەتەدا، ئاماژە بەوە دەکەین کە تەنها ئەوان بوون ڕووبەڕووی ستەم و زوڵم و زۆری فەرمانڕەوای ئەردەڵانی سادق خان بوونەوە، کاتێک شاڵاوی هێنایە سەر جافی جوانڕۆ و بارەگەکەیانی داگیر کرد "لە قەڵای جوانڕۆدا". ئەوەبوو ڕۆڵەکانی ئەم عەشیرەتە بە فەرماندەیی عەبدوڵڵا بەگی وەکیل و براکانی زۆر دلێرانە بەرپەرچی ناوبراویان دایەوە و لە دژیدا جەنگان. ڕۆستەم بەگییەکان لەم تیرانە پێکهاتوون:

تیرەی زەردۆیی

ئەم تیرەیە، تیرەیەکی گەورە و ناسراوە و لە چوار هۆز پێکدێت.
1-ساتیاری
2-روایی
3-شاقوبادی (لە جوانڕۆ)
4-کوانگر (کەمانگر)
بریتین لە هەزار خێزان و، تا ماوەیەکی نزیک گەرمیان و کوێستانیان دەکرد، لە زستاندا بەرەو کەنارەکانی سیروان دەچوون و لە هاوینیشدا ڕوویان دەکردە ناوچەکانی تین زەردۆیی، لە دێرزەمانیشدا کۆچیان دەکردە ناوچەی سەریاس سەر بە شاری پاوە، لە سەردەمی سەفەوییەکانیشدا بەرەو قڵای شاهێن لە زەهاودا کۆچیان دەکرد "ناوی ئەسڵیی قڵای شاهین، زەردۆییە". زەردۆییەکان لە یەکەمینی ئەو جافانەن کە لە شاری کرماشاندا نیشتەجێ بوون و لوێ چالاکی بازرگانی و پیشەسازییان ئەنجامدا. ئەمڕۆ ژمارەیان لە کرماشان و دەوروبەریدا بە سەدان خێزان دەگات.

تیرەی کۆرەیی

ئەم تیرەیە بە ساداتی کاکە جانەش دەناسرێن و لە دەوروبەری قەڵای جوانڕۆدا نیشتەجێن و بە چالاکی کشتوکاڵی و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتەوە خەریکن و ژمارەیان کاتی خۆی بە سەد خێزانێک خەمڵێنراوە.

تیرەی کۆکۆیی

لە ناوچە سنوورییەکانی جوانڕۆدا نیشتەجێن، لە ڕابردوودا هەوڵیان دا، موڵک و لەوەڕگاکانی تیرەی ئێناخی داگیر بکەن، وەلێ لە پاش شەڕێکی سەخت پاشەکشێیان پێکراو بۆ ئەودیوی سیروان دوورخرانەوە، ژمارەیان بە 200 خێزان خەمڵێنراوە.

تیرەی ئیمامی

ئەمانەش لە تیرە ناسراوەکانن و، ڕۆڵەکانیان بە ئازایی و دەسپاکی و ڕەوشتبەرزی ناسراون، بەگشتی خەریکی چالاکی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارین و ژمارەیان بە 500 خێزانێک خەمڵێنراوە.

تیرەی محەمەد باویسێ

بریتین لە سەد خێزانێک و لە ناوچەی شبانکارە دەژین و بەژیانی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.

تیرەی سۆفییان

بە سەد خێزان خەمڵێنراون و بە ژیانی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.

تیرەی قەشەیی

ئەم تیرەیە لە ناوچەی جوانڕۆدا دەژین، وەلێ ژمارەیەکی بەرچاویشیان ئەمڕۆ لە شارەزووردا نیشتەجێن، سەبارەت بە ناوەکەیان (قەشەیی) وا دەگێڕنەوە کە سەرۆکەکەیان لە دێرزەماندا لایەنگری یەکێک لە کڵێسا مەسیحییەکان بووە، پێش ئەوەی بێتە نێو ئایینی ئیسلامەوە

بەگشتی ڕۆستەم بەگییەکان شانازی دەکەن بە مێژوو و یادیی پڕ لە سەروەریی چەندین سەرۆک و سەرکردەی دلێریان کە بە بوێری و لێهاتوویی و ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتمانیی دیاریان لە مێژووی میللەت و عێلەکەیاندا ناسراوبوون، لەوانە:
عەبدوڵڵا بەگی وەکیل ئەم زاتە یەکەم کەس بووە لە ڕووی زوڵم و زۆر و تۆقاندنی محەمەد سادق خانی ئەردەڵاندا وەستاوە "وەک ئاماژەمان بۆ کرد"، بەڵام سەرئەنجام لە شەڕێکدا دیل دەکرێت و دەینێرنە سنە، مەڵبەندی میرنشینی ئەردەڵانەکان، لەوێ دەخرێتە زیندانەوە و گشت ماڵ و موڵکەکانی زەوت دەکرێت. ئەوەبوو گشت تیرە و هۆزەکانی جافی جوانڕۆ ڕادەپەڕن و بەو هۆیەوە (محەمەد سادق خان) دەسەڵات و توانای خۆی لە ناوچەی جوانڕۆدا لە دەست دەدات.
غەفار بەگی وەکیل و چەند سەرۆکێکی تر پاش مردنی عەبدوڵڵا بەگی باوکی، غەفار بەگ بە سەرۆکی تیرەکانی ڕۆستەم بەگی دانرا، ئەم سەرۆکە وای بە پەسەندزانی لەگەڵ ڕۆڵەکانی عەشیرەتەکەیدا ساڵانە گەرمیان و کوێستان بکات. نەک بە بەردەوامی لە قەلای جوانڕۆدا نیشتەجێ بێت، تا وەکو تووشی دەستدرێژیی ئەردەڵانەکان نەبێت وەک باوکی تووشی هات. بەڵام لە هاویناندا کە بۆ ناوچەکە دەگەڕایەوە، قەڵاکەی بەسەر دەکردەوە.
ئەوجا سەرۆکایەتیی ڕۆستەم بەگییەکان، یەک لەدوای یەک کەوتە دەستی، ئەمین بەگی وەکیل، محەمەد بەگی وەکیل، عەبدولکەریم بەگی وەکیل، ئەم سەرۆکانەش یاد و مێژووییەکی شکۆداریان لە بیرەوەری عێلەکەیاندا بەجێهێشت،
نەخاسمە (عەبدولکەریم بەگ) کە سەرۆکێکی یەکجار خۆشەویستی قەومەکەی و تێکڕا ناوچەی جوانڕۆ و دەوروبەری بوو. ئەم زاتە یەکێک بوو لە وانەی کە پشتگیریی بزووتنەوەی ئێرانیی ناسراو بە (مەشروتە) یان کرد و، لەو میانەدا هەردوو جەنگی باغ شا و نوێراندا بەشداربوو و بەخۆی هێزەکەیەوە شانبەشانی هێزەکانی تری بزووتنەوەی ناوبراو دلێرییەکی بێهاوتایان نوواند و شاری کرماشانیان کۆنترۆڵ کرد.
وەلێ ، عەبدولکەریم و مستەفا بەگی برای و عینایەتوڵڵا بەگی ئامۆزایان و ژمارەیەکی زۆر لە سوارەکانی جافی جوانڕۆ لەم شەڕەی دواییەدا کوژران، ئەوجا تەرمەکانیان بە هۆی ڕۆڵەکانی زەردۆییەوە، ئەوانەی لە کرماشاندا دادەنیشتن، گواسترانەوە بۆ زێدی خۆیان لە جوانڕۆدا. پاشان خەڵکی جوانڕۆ عەبدولڕەحمان بەگ وەکیلیان بە سەرۆکی خۆیان هەڵبژارد کە هەرچەندە لاوێکی تازە پێگەیشتوو بوو. سەردەمی ناوبراو ڕێکەوتی بارودۆخێکی یەکجار هەستیاری لە ناوچەکەدا کرد، کاتێک قاجارییەکان لەسەر حوکم لابران و حوکمی پەهلەوی لە ئێراندا دەستی پێکرد. ئەوەبوو ئەم دەسەڵاتە نوێیە گوشاری خستە عەشیرەتە کۆچەرەکان بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن و واز لە ژیانی کۆچەری بهێنن، هەروەها باری ژیانی ئابووری "کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.." بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچوو، ئەمەش وایکرد خەڵک لە بەرامبەر ئەو ڕەوشە ناهەموارەدا ڕاپەڕن و لە دژی ئەو ڕژێمە ستەمکارە نوێیەدا خەبات بکەن، دەسەڵاتدارانیش لەلایەن خۆیانەوە بەگرتن و تۆقاندن و ڕاوەدوونان وەڵامی نەیارەکانی خۆیانیان دایەوە و، زۆر لە سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی ڕۆژئاوای ئێرانیش بەر ئەو هەڵمەتە کەوتن.

پەرەسەندنی ململانێ لەنێوان حکوومەتی ئێرانی و جافی جوانڕۆدا.

لە 23ی مانگی شەعبانی ساڵی 1349 ک فەرماندەی سەربازیی ئێرانی مەحموودخان ئەمین لە سنەوە ناردی بە دووی عەبدولڕەحمان بەگ وەکیل و کەریم بەگی جافر سوڵتان هەورامی و حسێن خان ڕەزا و مەحموودخان دزڵی و بارام بەگ "سەردار ئەکرەم"دا، هەر کە گەیشتنە ئەوێ یەکسەر گیران و ڕەوانەی بەندیخانەی (خوڕەم ئاباد) کران. پاشان لە نەخشەیەکی داڕێژراودا، سەرۆک و پیاو ماقووڵانی جافی جوانڕۆ بۆ قەڵای جوانڕۆ بانگهێشت کران "مانگی شەوال ساڵی 1350 ک" لەوێ لەلایەن کارەبەدەستانی ئێرانەوە غەدریان لێکرا و خرانەوە زیندانەوە، بەو هۆیەوە ڕۆڵەکانی ڕۆستەم بەگی ڕاپەڕین و لە پاش شەڕێکی سەختدا کە پتر لە دەڕۆژی خایاند ناوچەکانی پاوە و خانەقا و دشە... تا پردی دوو ئاب-یان گرت و، هێزەکانی میری ناچارکران بۆ ناوچە شاخاوییە سەختەکان پاشەکشێ بکەن. پاش ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی عەشیرەتەکانی جافی جوانڕۆ، حکوومەتی ئێران گشت هێزێکی خۆی خستە گەڕ لە دژی جافدا و، شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوو لا چڕتر و سەختتر بوون. بۆیە جافەکان منداڵ و پیر و ئافرەتەکانیان بۆ ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی "وەک زناد، مکوری، گرمە، چاڵ ئاوا..." گواستەوە و خۆیان بۆ شەڕی درێژخایەن ئامادە کرد. لەساڵی 1367ی کۆچیدا سەختترین جەنگی نێوان جافی جوانڕۆ و حکوومەتی ئێران ڕوویدا " کە بە شەڕی جافی جوانڕۆ و حکوومەتی ئێرانی دەناسرێت. ئەوەبوو هێزەکانی دەوڵەت و عەشیرەتە هاوپەیمانەکانیان وەک سنجاوی، گۆران، هەیارخانی، لە ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزانی ئەو ساڵەدا پەلاماری ناوچەی جوانڕۆیان لە دوو قۆڵەوە دا "لە سنجاوی و دەوڵەت ئاباداوە". هێزی شاڵاوبەر بە تۆپی قورس و فڕۆکەی جەنگی گوند و شارۆچکەکانی دەڤەرەکەی بۆردومان کرد، پاشان هێزەکانی میری ویستیان هێڵەکانی بەرگریی جاف ببەزێنن، بەڵام تووشی بەرگرییەکی سەخت هاتن لەلایەن ڕۆڵەکانی جافەوە کە بەرگرییەکی مەردانەیان تا مردن لە زێد و کەرامەت و سەروەریی خۆیان کرد و چەندین سەرکردەی دلێریان لێ شەهید بوو وەک : نادر بەگ ڕۆستەمی "برا گەورەی محەمەد بەگ وەکیل" عەبدولڕەحمان بەگ ئێناخی، محەمەد شمشێر و چەندان ڕۆڵەی ئەمەکداری تر... بەهەرحاڵ شەڕەکە دوو ساڵی تەواوی خایاند بێ ئەوەی هێزەکانی ئێرانی بتوانن بە تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن وێڕای بەکارهێنانی تۆپبارانی قورس و بۆردومانی ئاسمانیی توند بە شێوەیەکی بەردەوام

الرئيس قاضى محمد رئيس جمهورية كردستان ايران فى مهاباد

جافی جوانڕۆ و کۆماری کوردستان

پاش داگیرکردنی ئێران لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە جەنگی جیهانی دووهەمدا، پێشەوا قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی لە شاری مەهابادی پایتەختدا، ڕاگەیاند. هەروەها داوای پشتگیری و کۆمەکیی لە گشت عێل و تیرەکانی کورد نەخاسمە عێلی جاف کرد، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لەو کۆمارە ساوایە. ئەمانیش (جافەکان) نێردراوی خۆیان ناردە لای پێشەوا کە میرزا محەمەد فەواهیی دانا و ڕۆشنبیر و قسەزان بوو. ئەم زاتە لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا لە شاری مەهاباد بە ئامادەبوونی پێشەوا قازی محەمەد و حەشاماتێکی زۆر لە خەڵکی ئەو شارە، پشتگیریی جافی بە گشت تیرە و بەشەکانییەوە، بۆ کۆماری کوردستان و پێشەوا جوامێرەکەی ڕاگەیاند.

پشتگیری جافی جوانڕۆ لە دکتۆر مەسەدەق

خۆماڵیکردنی کۆمپانیای نەوتی ئێرانی لە سەردەمی حکوومەتەکەی د. موسەدەقدا، یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکیییەکانی ناکۆکیی نێوان ئەو و دەربارەی شاهنشاهیدا. لەو سەردەمەدا غولام حسێن ئەردەڵان برازای سەردار ڕەشید ئەردەڵان وەک هەواداری موسەدەق و بڵاوکەرەوەی بیر و بۆچوونە ئازادیخوازەکانی، لەنێو عەشیرەتەکانی ڕۆژئاوای ئێراندا بە دەرکەوت. هەروەها محەمەد بەگی وەکیل و جافی جوانڕۆش چوونە پاڵ موسەدەقەوە، چونکە ناوبراو (محەمەد بەگ) پێی وابوو کە سەرکەوتنی موسەدەق دەبێتە مایەی خێر و سوود بۆ عێلەکەی و ناوچەکەیان. جا پێش ڕوودانی کودەتا سەربازییەکە لە دژی موسەدەق، شاندێکی تیرەکانی جافی جوانڕۆی بانگێشت کردە لای خۆی و داوای لێکردن ژمارەیەک لە باشترین جەنگاوەرەکانی جاف بنێرنە پایتەخت بە مەبەستی پاراستنی خۆی و ئەو دەزگایانەی سەر بە ئەو بوون لەکاتی بەرپابوونی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سوپادا. محەمەد بەگێش وەڵامی دایەوە کە دەتوانێت لە ماوەیەکدا هەزار جەنگاوەری جاف ئامادە بکات و بە ڕێگای لابەلادا، شەو، ڕەوانەی پایتەختیان بکات. بەڵام پێش ئەوەی ئەو نەخشە جێبەجێ بکرێت، کودەتا لە دژی موسەدەق ڕوویدا و، لە شەوی کودەتاکەدا سەرۆکەکانی جاف لە ماڵی موسەدەقدا بوون و، زۆر بەزەحمەت قوتاریان بوو. هەر کە محەمەد ڕەزا شاە پەهلەوی لە تاراوگەیی گەڕایەوە، یەکسەر شەڕ لە نێوان جاف و میریدا سەری هەڵدایەوە.

هاوپەیمانی بەغدا(( حلف بغداد)) و کاریگەری لەسەر جافی جوانڕۆ

یەکێک لە بڕگەکانی هاوپەیمانیی (حلف) بەغدا کە لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لەنێوان عێراق و تورکیا و ئێراندا بەسترا، داخستنی سنووری هاوبەشی ئەو وڵاتانەبوو لە ڕووی نەیارانی ئەو حکوومەتانەدا و پێنەدانی مافی پەنابەرێتی پێیان و یارمەتی نەدانیان لە هەر یەک لەو وڵاتانەدا. لەو بارودۆخەدا هێزەکانی ئێرانی لە چەندین قۆڵەوە بە چەکی قورس و هێزی ئاسمانییەوە شاڵاویان هێنایە سەر جافەکانی جوانڕۆ، ئەمانیش زۆر بەتوندی بەرپەرچی ئێرانییەکانیان دایەوە و داکۆکییەکی مەردانەیان لە خۆیان و نیشتمانیان کرد و، زەبر و زیانێکی گیانی و مادیی سەختیان بە دوژمن گەیاند و یەکێک لە فڕۆکەکانیانیان پێکا، لە هەمانکاتیشدا قوربانییەکی گرانیان لە شەڕەکاندا دا، کەیکاووس بەگی برای محەمەد بەگی وەکیل یەکێک لە شەهیدە سەرکردەکانیان بوو. محەمەد ساڵح بەگی شمشێریش وەک یەکێک لە قارەمانە دلێرانەکانی ئەو جەنگە بەدەرکەوت. سەر ئەنجام لەژێر قورسیی شاڵاوی ئێرانییەکان لەلایەک و، داخستنی سنووری عێراق بە ڕوویاندا لەلایەکی ترەوە، جەنگاوەرانی جاف ناچار بوون بۆ ناوچە شاخاوییە سنوورییە سەختەکان پاشەکشێ بکەن. ئەوجا لەوێوە دەستیان بە شەڕی پارتیزانی بێوچان لە دژی ئێرانییەکاندا کرد، تا ئەوکاتەی شۆڕشی 14ی گەلاوێژ (ساڵی 1958) لە عێراقدا بەرپابوو و ڕژێمی پاشایی لەو وڵاتەدا ڕووخا و، بە نەمانی ئەو ڕژێمەش هاوپەیمانیی ناوبراو هەڵوەشایەوە. ئیدی سەرۆکەکانی جافی جوانڕۆ و چەکدارەکانیان هاتنە عێراق و لەلایەن حکوومەتی عێراقی و جافەکانی برایان لەم وڵاتەدا پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، هەروەها چاویان بە پێشەوا عەبدولکەریم قاسم و سەرکردەی مەزن بارزانی مستەفا کەوت.

هەڵوێستی جافی جوانڕۆ لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورددا بە سەرۆکایەتی بارزانی نەم شۆڕشی ئەیلوولی پیرۆزی ساڵی 1961 بە فەرماندەیی بارزانی نەمر، دەنگێکی فراوانی لە گشت پارچەکانی کوردستاندا دایەوە، هەروەها ئەم شۆڕشە لەلایەن گشت بەشەکانی عێلی جافەوە بە جافی جوانڕۆشەوە، پشتگیرییەکی تەواوی لێکرا. ئەوەبوو هاوکاری و پشتگیریی تەواوی خۆیانیان بۆ بارزانی دەربڕی و ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەیان بە فەرماندەیی محەمەد بەگ وەکیل و حسێن بەگ وەکیل بۆ پاڵپشتی شۆڕش نارد و، شانبەشانی براکانیان لە کوردستان عێراقدا جەنگان و داکۆکییان لە کورد و کوردستان کرد. ئەوەبوو حسێن بەگی وەکیل لەبەر ئازایەتی و لێهاتوویی لە بەرەکانی شەڕدا، کرا بە یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو سەردەمەدا.

ئەمڕۆش وەک دوێنێ، جافەکانی جوانڕۆ هەمان هەڵوێستی نەتەوەیی ڕەسەنی نەگۆڕی خۆیان دووپات دەکەنەوە و، ئەوەتا هەندێکیان لە ڕیزی پارتە شۆڕشگێڕەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا پلە و پایەی بەرزیان هەیە. یەکێک لەوانە بۆ نموونە، فەریدون بەگی محەمەد بەگی وەکیلە "کاک فەریدون جوانڕۆیی؛ کە یەکێکە لە بەرپرسە سەربازی و حزبییە ناسراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

الشهيد كيكاوس بگ رستمى

رؤساء الجاف جوانرو مع عبد الكريم قاسم وملا مصطفى البرزانى

حسين بگ وكيل فى اليسار و حسن بگ وكيل

فريدون بگ وكيل فى اليسار، السيد شاهو الجاف فى الوسط

هەڵوێستی جافی جوانڕۆ لە ڕژێمی خومەینی.

ڕژێمی خومەینی هەر لەسەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتی ئێرانەوە، سیاسەتی کوشتن و بڕین و تۆقاندن و سەرکوتکردنی لە دژی گەلانی ئێرانیدا، لە پێشیشیانەوە گەلی کوردمان، پەیڕەوکرد. ئەمەش پاڵی نا بە ڕۆڵەکانی جافی جوانڕۆ و عەشیرەتە کوردە هاوپەیمانەکانیان کە چەک هەڵگرن و دیفاع لە چارەنووسی میللەتەکەیان بکەن، بەو شێوەیە بەشدارییەکی مەردانەیان لە ڕاپەڕینە دلێرانەکەی سەرۆکی جاف، کاک سەردار بەگی جافدا کرد و، هەزارەها لە ڕۆڵەکانیان شان بەشانی ڕۆڵەکانی عەشیرەتە دۆستەکانیان لە ناوچەکانی قەسری شیرین و داڵە هۆ و سازان و شمشێر و دەوروبەری پاوە و باینگان و دەوروبەری قەڵای جوانڕۆ و پێنجوێن و شاخی بەمۆ و شاخی مەکوان... و چەندین شوێنی تر لە هەردوو دیوی سنووردا، سەنگەریان گرت و کەوتنە شەڕەوە لەگەڵ هێزەکانی پاسدار و پەسیج و سوپای ئێرانیدا و سەدان کەسیان لێ کوشتن و بریندار کردن و، چەندین تانگ و زرێپۆش و کەرەسەی جەنگیی دوژمنیان تێکشاند و، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری سەربازییان بەردایەوە. لەنێوان سەرکردە دلێرەکانی جافی جوانڕۆ لە بزوتنەوە چەکدارییە ئازادیخوازییەکەی سەردار بەگدا ئاماژە بەم ناوانە دەکەین: حەسەن بەگ وەکیل، عزەت بەگ جوانڕۆ، داود بەگ حەسەن بەگ وەکیل، "شەهیدبوو" تۆفیق بەگ جوانڕۆ، ڕۆستەم بەگ فەرەج.. هتد.

حسن بگ وكيل فى اليسار و عزت بگ

حسين بگ وكيل فى اليسار و حسن بگ وكيل

باوەجانی

باوەجانی تیرەیەکی گەورە و ناوداری جافی جوانڕۆیە و، لە چەندین هۆز و خێڵی ڕەسەن پێکدێت کە لە پانتاییەکی بەریندا نیشتەجێن و ژیان دەبەنەسەر. سنووری باکووری زێدی باوەجانییەکان بریتییە لە زنجیرە چیای ماکوان ولای خوارووی باینگان، سنووری ڕۆژهەڵاتیشی زنجیرە چیای شاهۆ و باکووری قەڵای جوانڕۆ و باکووری ڕۆژئاوای هەوارگەی تیرەی قوبادییە، سنووری باشووریشی لای باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی وەڵەبەگی (کێلە سفید- دەروێشی و باویسێ)یە، سنووری ڕۆژئاوایشی خاکی عێراقە. شوێنی ئەم تیرەیە لە سەرەتادا لە ناوچەی دۆڵ دڕەدا بوو.

ئەمانەش هۆزەکانی باوەجانی

هۆزی عالی
ئەمانە لە 300 خێزان پێکهاتبوون و، لە هاویناندا لە ناوچەکانی دنگەکوە و سارابنددا دەژیان دەبوون، لە زستانانیشدا کۆچیان بۆ ناوچەکانی دەشت وڕ (دشت حر) و هولە و خانە شور، دەکرد

هۆزی قوچالی
ژمارەیان بە 500 خێزان مەزندە کراوە و لە ناوچەکانی دۆڵ دڕە و هولە و خانە شوردا نیشتەجێن و زۆر دەمێکە وازیان لە ژیانی کۆچەری هێناوە.

هۆزی حەمەدە (محەمەدە)
لە 300 خێزان پێکهاتوون، هەوارگەی هاوینەیان ملەتولاتە و بە زستانانیش دەچنە دەشت ور و قاڵیچە و خانە شور.

هۆزی میروەیسی
چوارسەد خێزانن، هەوارگەی هاوینەیان ناوچەی لوشەیە، هەوارگەی زستانەشیان دەشت ور و خانەشورە.

هۆزی تەمرخانی
سەد خێزانێک دەبن و، لە ناوچەی دشت ور (دەشت حر) نیشتەجێن.

هۆزی خەسرەو باشە
سەد و پەنجا خێزانن و لە زستاندا لە ناوچەی گاوار دەبن، هاوینانیش زۆربەیان کۆچ بۆ ناوچەی میرئاوا (میراباد) دەکەن.

هۆزی میرئاوا
ژمارەیان 400 خێزانە و لە ناوچەی میرئاوادا دادەنیشن و خاوەنی زەوی و زار و کێڵگەی خۆیانن و بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریک دەبن.

هۆزی بەگزادە
بریتی بوون لە 150 خێزان و هەوارگەی هاوینەیان ناوچەی لوشە بوو، زستانانیش دەچوونە ناوچەی سەرتاویر.

هۆزی عەزەم خانی
بریتی بوون لە 200 خێزان هەوارگەی هاوینەیان شاخی سارابەند بوو، بە زستانانیش لە ناوچەی هولەدا نیشتەجێ دەبوون.

هۆزی تاوگۆزی
ژمارەیان بە 700 خێزان مەزەندە دەکرێت و، لە دۆڵەدڕە و کڵاش و باینگان نیشتەجێن. ئەمانە کاتی خۆی سەر بە میرنشینی ئەردەڵان بوون، وەلێ حەبیبوڵڵا خانی باوەجانی دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا سەپاند و بوون بە باوەجانی. ئەم هۆزە بریتییە لە دوو بەش، بەشی یەکەمیان بە خێڵی کدخدا دەناسرێن و لە زستاناندا لە ناوچەی شێخ سێڵە و دەوروبەریدا دەحەوێنەوە، لە هاوینانیشدا دەچنە سوارە بیلەیی و شاخی سارابەند. بەشی دووهەمیشیان بە تاوگۆزیی دۆڵ دڕە دەناسرێن و، لە زستاناندا لە دۆڵ دڕە دەبن و لە هاوینانشیدا کۆچ بۆ ناوچەی سوارە بیلەیی دەکەن و، سەرۆکیان کدخدا مستەفا بوو.

هۆزی تەپان
لە 150 خێزان پێکهاتوون و لە گوندی تەپان نیشتەجێن.

هۆزی زمکانی
ژمارەیان بە 200 خێزان خەمڵێنراوە و، هەوارگەی هاوینەیان ناوچەی نێریژە، لە زستانیشدا کۆچ بۆ ناوچەی گاوران دەکەن.

قوبادی

ئەم تیرەیەش یەکێکە لە تیرە گەورە و گرنگەکانی جافی جوانڕۆ و چەندین هۆز و خێڵ و بنەماڵەی جیا جیا دەگرێتە خۆ. ڕۆڵەکانی قوبادی بەگشتی خەڵکانێکی تێگەیشتوو و ئازا و بە ئینساف و هەقپەروەر و ڕەسەنن و، چەند سەرۆکێکی لێهاتوو و ناسراویان تێدا هەڵگەوتووە وەک: عەلی بەگ، حەسەن بەگ، محەمەد تەقی بەگ. زێدی قوبادییەکان دەکەوێتە نێوان، زێدی ڕۆستەم بەگیی جوانڕۆییەکانەوە (لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە)، زێدی وەڵەبەگی لە باشووری ڕۆژئاواوە، زێدی قەڵخانی لە باشوورەوە، ناوچەی ئەزگڵە و زێدی باوەجانی و سنووری عێراق لە ڕۆژئاواوە. لە هاویناندا دەچوونە ناوچەکانی ڕووباری ئاب و بازان و ملە ترشکە، لە زستانانیشدا کۆچیان بۆ ناوچەکانی ئەزگڵە و گاوارە و قەیتول و دەربەند هۆڵ دەکرد. قوبادییەکان لەم هۆزانە پێکدێن:

هۆزی قەلانی
لە 200 خێزان پێکهاتوون و لە ناوچەکانی باغ سەیدخان و ئەزگڵەدا نیشتەجێن و بە چالاکیی کشتوکاڵی و باخداری و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتەوە خەریک دەبن.

هۆزی کۆرەیی
بە 200 خێزان مەزندە دەکرێن، لە زستاندا دەچوونە ناوچەکانی ئیمام حەسەن و ئەزگڵە و لە هاویناندا دەگەیشتنە ڕووباری ئاب.

هۆزی بازانی
لە 200 خێزان پێکهاتوون، هەوارگەی زستانیان ناوچەی گاوارە بوو و، لە هاوینانیشدا کۆچیان دەکردە بازان.

هۆزی میرکی
لە 180 خێزان پێکهاتوون، هاوینان دەچوونە ناوچەی بازان و بە زستانانیش کۆچیان دەکردە ناوچەی گاری.

هۆزی بابا
لە 100 خێزان پێکهاتوون، هاوینان دەچوونە ناوچەی ڕووباری ئاب و زستانانیش کۆچیان دەکردە ناوچەی بانەدار.

هۆزی پشتماڵە
بە 300 خێزان مەزەندە دەکرێن، زستانان کۆچیان دەکردە ناوچەی قەیتوول بە هاوینانیش دەچوونە ناوچەی بیلەتاب و ڕووباری ئاب.

هۆزی حەسەن عەلی
لە 150 خێزان پێکهاتوون، هاوینان دەچوونە ناوچەی ڕووباری ئاباد بە زستانانیش ناوچەی ئەزگڵە.

هۆزی تەنگ ئەژدهایی
150 خێزان دەبن، بە زستانان لە ناوچەی دەربەند دەهۆڵ و بە هاوینانیش لە ناوچەکانی ملە ترشکە و ڕووباری ئاب دەبوون.

هۆزی عەلی ئاخەیی (عەلی ئاقایی)
لە 150 خێزان پێکهاتوون، هاوینان دەچوونە ناوچەی چشمەسفید و ڕووباری ئاب و، بە زستانانیش لە ناوچەی دۆڵە خوشکەدا نیشتەجێ دەبوون.

هۆزی مەسور ئاخەیی (منێور اقایی)
سەد خێزانن و لە گوندی مەنسور ئاغایی نیشتەجێن و بە ژیانی کشتوکاڵی و باخداری و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتەوە خەریکن.

سمایل ئاخە (ئیسماعیل ئاغایی)
لە پێنج خێڵ پێکدێن، هۆخلوگی، ئاغلی بەگی، شاوەیس ئاخەیی، مەسور ئاخەیی، عەلی ئاخەیی. ئەمانە لە ڕەگەزی ساداتی پیر خدری شاهۆ و پاشماوەی بنەماڵەی قوباد بەگن.

هۆزی مەنوچەهری
ئەمانە لە ناوچەی جوانڕۆ، لە تەنیشت تیرەی ڕۆستەم بەگیدا نیشتەجێن و، بە ژیانی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریکن، ژمارەیان 150 خێزانێک دەبێت.

هۆزی مستەفا بەگی
سەد و پەنجا خێزانن و لە ناوچەکانی زلان و چیمەن زاردا نیشتەجێن و بە باخداری و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.

هۆزی کڵاشی
لە 250 خێزان پێکهاتوون، لە سەرەتادا لە ناوچەی کڵاش، باکووری جوانڕۆدا نیشتەجێ بوون، پاشان کۆچیان کرد بۆ چیای مکوان، ئێستاش لە ناوچەکانی تەرخان ئاباد و قەڵای جوانڕۆ و زێدی باوەجانی و زەهاو و کرماشاندا نیشتەجێن.

وەڵە بەگی

تیرەی وەڵە بەگی لە تیرە ناسراو و مەزنەکانی جافی جوانڕۆیە، لە نێو جافی مورادیی کوردستانی باشووریشدا چەند لق و پۆیەکی هەیە. وەڵە بەگییەکان لە چەندین ناوچە و گوندی کوردستانی ئێراندا نیشتەجێن وەک: کرە، کرە قەلعە سفید، رەئیس، بناوجکو، کزازی، دەسرخ، حەسەن ئاباد، شەش بید، شاینگان، مامان، گراب دولت اباد علیا، نهر اب، علی اباد، بان شلە، خانم ئاباد، هلول، گمشتر، تیلەکۆ، باویسێ، شێخ روزبهان، تەپە ڕەش، پشت کیلە، جیگران، چوتە. سنووری باکووریان ناوچەی جوانڕۆیە، سنووری ڕۆژهەڵاتیان ناوچەی ڕوانسەرە، سنووری ڕۆژئاوایان ناوچەی قوبادییەکانە، سنووری باشووریان ناوچەکانی عەشیرەتەکانی گۆران و سنجاوییە. ئەم تیرەیە چەند هۆزێک دەگرێتە خۆ: بەگزادەی وەڵە بەگی ناوی بەگزادەکانی وەڵەبەگی لە ناوی باپیرە گەورەیانەوە وەڵەد بەگ کوڕی سەیید ئەحمەدی گەورەوە هاتووە و، ژمارەیان سەد خێزانە. هەردوو مێژوونووس شمیم و محسنی دەربارەی ئەم خێڵە گوتوویانە: جاران لە دیارترین و بەهێزترین خێڵەکانی جافی جوانڕۆ بوون و دەسەڵاتیان بەسەر هەموویاندا هەبوو، هەرووەها هەردوو میرنشینی ئەردەڵان و گۆران نەیانتوانی ژێردەستەیان بکەن بۆیە هەمیشە لە شەڕ و ململانێدا بوون (کتێبی تحفە الناێری لا/ 460)..

لە سەرۆکەکانی تیرەی وەڵە بەگی

وەڵەد بەگ
ئەم زاتە بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکانی وەک (تاریخ مستورە خان کوردستانی و حدیقە ناێری) یەکێک بووە لە سەرکردە مەزنەکانی سەردەمی خۆی. ناوبراو لەگەڵ کوڕەکانیدا لەلایەن ئەمانوڵڵا خانی میری ئەردەڵانەوە بەندکران. خۆی لە شاری سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵانیەکاندا بە زیندانی مایەوە، کوڕەکانیشی (ڕۆستەم بەگ و حەسەن بەگ) لە قەڵای قەسڵاندا زیندانی بوون، ئەوجا پاش ساڵێک ئازاد کران. ئەوەبوو بە مەبەستی ئاشتکردنەوەی وەڵە بەگییەکان و دڵدانەوەیان، حسێن قولی خان کوڕی میری ئەردەڵان کچی وەڵەد بەگی خواست. وەڵەد بەگ بە ماوەیەکی کورت لە پاش ئازاد کردنی، کۆچی دوایی کرد. دواتر نەوە و کوڕەزاکانی لە شاری سنەدا بە نیشتەجێی مانەوە و، بە خانەوادەی (مستوفی) ناویان دەرکرد. بەگشتی وەڵەبەگییەکان تا ساڵی 1300ک لە ململانێ و ناکۆکیی بەردەوامدا بوون لەگەڵ میرەکانی ئەردەڵاندا. لە بەگزادە ناودارەکانی وەڵەبەگی: یەعقوب بەگی یەکەم، بارام بەگی گەورە، سەعید بەگی یەکەم، ڕۆستەم بەگ، فەتاح بەگی یەکەم، سۆفی بەگ، حاجی یەعقوب بەگ، سەردار ئەمجەد، فەتاح بەگ ئەمجەدی کوڕی یەعقوب بەگ. سەبارەت بە فەتاح بەگ ئەمجەدی دەڵێین، ئەم زاتە یەکێک بووە لە بەگزادە هەڵکەوتوو و ڕۆشنێرەکانی وەڵە بەگی کە بە دڵسۆزی و وەفادارییان بۆ گەل و هۆزیان ناسراون. شایەنی گوتنە، دوای ئەوەی داوود بەگی جاف، سەرۆکی عێلی جاف، ساڵی 1959 پەنای بردە ئێران، ئەم فەتاح بەگە گشت سەرۆک تیرە و هۆزەکانی جافی ئێرانی کۆ کردەوە و پێکەوە چوونە سەردانی داوود بەگ لە کرماشاندا و، وەک سەرۆکی باڵای جاف بەگشت بەشەکانییەوە، پشتگیری و وەفاداریی خۆیان بۆ ئەو زاتە دووپات کردەوە.

هۆزی دەروێشی
ئەم هۆزە بریتییە لە 400 خێزان، لە زستاناندا دەچنە ناوچە سنوورییەکانی (نزیک عێراق) لە، باویسێ، کدخدا حەسەن، شێخ روزین، دریلی، رێویلە، بە هاوینانیش کۆچ دەکەنە ناوچەکانی شەش بیدی سەروو، قولی قاورمە، دەسرخ. کدخدا محەمەد شامراد سەرۆکی ئەم هۆزە بوو و، ئەم کەسانەش لە ناویاندا ناسراو بوون: حسێن محەمەد شامراد، حسێن عەبدولکەریم، کەریم محەمەد عەلی، مەلا فەتاح بەهرۆزی.

هۆزی دەلەژێری
ئەمانە لە بنەڕەتدا سەر بە هۆزی دەروێشین و لە مێژەوە پێکەوە دەژین، ژمارەیان 600 خێزانە و هەوارگەی هاوینەیان ئەم ناوچانەیە: مامنان، سەرابیان، گەیلان برد، چرە سوار، شاینگان، و ئەنجیرە.

فصيلة ده له ژيرى
شوێنی زستانیشیان ئەمانەیە: کورکور، گوندەکانی شێخ روزین، رویلە، باویسێ، گوندەکانی حاجی قادر، دەربەند زەرد، کۆزە روت، ماشان. خاوەنی مەڕ و ماڵات و کێڵگە و موڵکێکی زۆرن و، لەم بنەماڵانە پێکدێن: 1- بنەماڵەی حاجی قادر ئەوڕەحمان .
2- بنەماڵەی کدخدا حەسەن ئەعزەم موراد.
3- بنەماڵەی عەبدوڵڵا شامراد.
4- بنەماڵەی کدخدا فەتحوڵڵا کەرەم.
5- بنەماڵەی کدخدا مەحموود مراد خان.
6- بنەماڵەی کاکە عەبدوڵڵا فەرەج.
7- بنەماڵەی حاجی ئەحمەد محەمەد مامەخان.

هۆزی خاڵوان
هۆی ناونانی ئەم هۆزە بە خاڵوان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەندێکێان لە خاڵوانی بەگزادەی وەڵە بەگی بوون. ڕۆڵەکانی خاڵوان لە ناوچەکانی وەڵە بەگی و ئاهنگران و ئەلهیار خانی نیشتەجێن و بە ڕەوشتی بەرز و میوانپەروەری ناسراون. لە هاویناندا دەچوونە ناوچەکانی مامان و سەرابیان و بە زستانانیش بۆ شێخ روزین (روزبهان)، جێگیران. جاران کدخدا ئەحمەد شاهنگار سەرۆکیان بوو، ئێستاش سەرۆکیان، کاکە عەلی محەمەدە. هەروەها کدخدا سلێمان و مەلا ئەحمەد سەیفوڵڵا لە کەسە ناسراوەکانیانە.

هۆزی قادر میروەیسی
ئەم هۆزە 700 خێزان دەگرێتە خۆ و لە پاشماوەی تیرەی قادرمیروەیسین و، لەلایەن عەشیرەتی کەڵهوڕی ئێرانییەوە بە (بداق بەگی) دەناسرێن. وەک ئاماژەمان بۆ کرد ئەمانە لە بنەڕەتدا لەتیرەی قادرمیروەیسیی جافی گۆران جیا بوونەتەوە، ئەویش پاش نەمانی گرووپە چەکدارەکانی عەشیرەتەکانی گۆران لە سەرەتای بزووتنەوەی (مەشروتە)دا، ئەوجا چوونەتە نێو تیرەی وەڵەبەگی. لە هاویناندا بۆ ناوچەی شان ڕەش و لە زستانانیشدا بۆ تەپە ڕەش و دەوروبەری سەرقڵا کۆچیان دەکرد.کدخدا قادر میروەیسی و کدخدا عەلی حەسەن لە سەرۆکەکانیان بوون.

هۆزی نەدری
هۆزی نەدری لەو هۆزانەیە کە لە دێر زەمانەوە نیشتەجێی ڕۆژئاوای ئێرانن. مێژوونووسی ئێرانی د. مەسعوود کەیهان لە بارەیانەوە دەڵێت: لە 150 خێزان پێکهاتوون و لە ناوچەکانی مێرگەسار، ئاب دەلال (ابدالان). جوانڕۆ، ماهی دەشت نیشتەجێ بوون. بڕوای ئەوە هەیە کە نەدرییەکان پاشماوەی تیرەی نایری بن و دوایی ناویان بۆ نەدری گۆڕابێت (کتێبی جغرافیای سیاسی لا/ 58، کتێبی تاریخ مردۆخ/ جلد اول لا/ 115). لە باسی عێلەکاندا کە لەم کتێبەدا هاتووە باسی ئەوە کراوە نایرییەکان خەڵکێکی ئازا بوون و لە ناوچەی ڕۆژئاوادا (کوردستان) پێش دوا کۆچی قەومەکانی(مادو فارس) بۆ وڵاتی ئێرانی ئێستا، نیشتەجێ بوون. هەروەها لە کتێبە کۆنەکانی ئاشوورییشدا باسیان هاتووە. ڕۆڵەکانی ئەم هۆزە لە ئازاترین سوارچاکەکانی ناوچەکە بوون و، میرنشینی نائری- یان دامەزراند و دەسەڵاتیان بەسەر تێکڕا ناوچەی زێی گەورەدا هەبوو. ئەم هۆزە ڕەسەن و ئازایە لە زێدی جافی جوانڕۆدا نیشتەجێن، هەوارگەی هاوینەیان ناوچەکانی: گمشتر، پیرۆزە، نهرئابی، گراب، دەوڵەت ئاباد، سادق ئاباد، ڕوانسەر، قەڵای جوانڕۆ، تورەکبان، کەلی بیاشوش، کانی گوڵە. هەوارگەی زستانەشیان: پشتیلکە، بەمۆ، لە ناوچەی کامێرانەوە تا چروسانە، زیویە، قڵای دارا خان. باری ئابووریان باشە و حاڵی حازر 1/5ی دانیشتوانی قەڵای جوانڕۆ پێکدێنن. ژمارەیان پتر لە هەزار خێزانە و سەرۆکیان مەلا عەبدولمەجید موەحید نەدری- یە، لە کەسایەتییە دیارەکانیشیان ئاماژە بەناوی خەلیفە حسێن بانچیا، مەلا ئەحمەد نمایندە، کدخدا مستەفا سادق ئاباد دەکەین.

هۆزی کاکە ڕەشی (کاکە ڕەشید)
ژمارەیان بە 400 خیزان مەزەندە کراوە، لە زستاناندا دەچوونە ناوچەکانی: درپلی، ملە دزگە، کانی شیرینە، تووە وشکە، کێلە چەرمگ، کۆزە رووت، درونزرد، سەر قەڵا، بە هاوینەنانیش بۆ ناوچەکانی: بناوچکوە، کزازی، گەرابی سەروو، چەمی زمکان، شاەکدار، هەنجیرە، دەشت لیل.... کۆچیان دەکرد. ئەمەش ناوی چەند سەرۆکێکیانە: کدخدا ئەحمەد ئەوڕەحمان، کدخدا عەزەم بابا مراد، حاجی عەزیز، کدخدا ئەمین مورادی.. هتد.

هۆزی عەلی ئاخەیی (عەلی اقایی)
ئەم هۆزە لە تیرەی عەلی ئاخەیی قوبادی جیا بوونەتەوە و، هاتوونەتە ناوچەی وەڵە بەگی لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەبیبوڵڵا خانی قوبادیدا و، لەو ناوچەیەدا بەر لە دوو سەدەیە دەژین. هەوارگەی وەرزی زستانیان: تیلەکۆ، تووە خشکە، سیورە هەوار، تەپە ڕەش، تەق تەق نادرە.. هتد. هەوارگەی هاوینەشیان: شەش بیدی خواروو، هلول، نیریز، ملە لۆکە... هتد. ژمارەیان هەزار خێزانە، کاتی خۆی حاجی ئەحمەد حسێن ناسراو بە (سان ئەحمەدی) سەرۆکایەتیی دەکردن. ئەم کەسانەش لە نێویاندا ناسراو بوون: کدخدا عەبدولعەزیز محەمەد قادر، کدخدا کاکای حسێن (محمدی)، کدخدا غەفوور یوسفی.

هۆزی گاخۆری
ئەمانە لە پاشماوەی عەشیرەتە کۆنەکانی ناوچەکەن کە کاتی خۆی بەرەو کەناری ڕۆژهەڵاتی سیروان ڕەویان کرد و لەوێ نیشتەجێ بوون. مێژوونووس ئایەتوڵڵا مەردوخ لە بارەیانەوە دەڵێت: (ژمارەیان 200 خێزان دەبێت. لە ناوچەکانی خانەقی و قەرە تەپەدا نیشتەجێن. بەشێکیان لێ جیا بووەتەوە لە ناوچەی جێگیراندا گیرساونەتەوە، سەرۆکیان حاجی حسێن گاخۆرییە

هۆزی یەسو یار ئەحمەدی (یوسف یار احمدی)
ئەم هۆزە لە بنەڕەتدا لە تیرەی یەسو یار ئەحمەدی جیا بووەتەوە (کە لە بەشی جافی مورادیی کوردستانی عێراقە). ژمارەیان نزیکەی 200 خێزانە و، لە ناوچەی سەر قەڵا نیشتەجێن و، لە بواری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریدا کار دەکەن، سەرۆکیان حاجی عەبدولعەزیزە.

هۆزی گرگ کش
ئەمانە لە هۆزە دێرینەکانی جافی جوانڕٍۆن و سەر بە تیرەی وەڵەبەگین، ژمارەیان نزیکەی هەزار و دوو سەد خێزانە. مێژوونووس باسیل نیکیتین بە (گرگ قایش) ناوزەدەی کردوون و گوتوویەتی، تەحەدای دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵانیان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ کردووە و، ئەوجا ڕەویان کردۆتە بۆ ناوچەی گۆران و بوونەتە بەشێک لە جافی گۆران، دواتر کە سام و دەسەڵاتی ئەردەڵانییەکان لەلایەن جافەوە لێدراوە، ئەمانە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی جارانیان. هەوارگەی زستانیان: کوڕکوڕ، چوتە. هەوارگەی هاوینەیان: کرە قەڵای سەعید، کرە حەسەن ئاباد، شانە ڕەش. سەرۆکیان محەمەد جوانڕۆیی بوو، محەمەد میرزایی، محەمەد وارانی، عەبدوڵڵا لەلە لە کەسایەتییە ناودارەکانیان بوون.

تیرەی کەمانگر (کوانگر)

ڕۆڵەکانی ئەم تیرەیە جاران لە ناوچەکانی: ئافریان، ماویان، کورە دەرە، تفین، ساتیاری نیشتەجێ بوون، وەلێ زێدی ئێستایان دەکەوێتە سنووری هەردوو پارێزگای کرماشان و کوردستانەوە (ناوچەی بیلور). سنووری باکووریان: کرماشان و کامێرانە، سنووری باشووریان میان دەربەند کرماشانە، سنووری ڕۆژهەڵاتیان ناوچەی بیلورە و، لە ڕۆژئاواشەوە قەدپاڵی شاخی شاهۆ و ڕوانسەرە. هەندێکیان لە هاویناندا باریان دەکردە ناوچەکانی: ماراب، گرەکان، کەناری ڕووباری قەرە سو و سەرچەم، گڕەکان، نەهار، کێوی شاخ شکن، لە زستانیشدا دەچوونە: زەهاو، نەسر ئاباد. ئەم تیرەیە تا سەردەمی ئیمام قولی میرزا عیمادولدەولە تیرەیەکی کۆچەر بوون. هەروەها بە وێنەی هەردوو تیرەی شەرەفبەیانی و دوورویی، تیرەیەکی تاک و خۆبەخۆن، و هیچ لق و پۆیان لێ نابێتەوە. کاتێک قەوارەی یەکگرتووی عێلی جاف دامەزرا، کەمانگرەکان پێوەندییان بەم (یەکگرتوو)ەوە کرد و بوونە تیرەیەک لە جافی جوانڕۆ. لە سەردەمی کۆندا باپیرە گەورەیان ئیبراهیم خان لە ناوچەی هەڵەبجە و دەرەشیشەوە، بەخۆی و چەند کەسێک لە تیرەکەیەوە، باریان کرد و هاتنە شوێنەکانی ئێستایان، تائێستاش پاشماوەی ئەم تیرەیە لە زێدی جارانیاندا (هەڵەبجە و دەرەشیش) دەژین. یەکێک لە سەرۆکە دیارەکانی ئەم تیرەیە، ئاغا بەهرام بوو کە بە بەخشندەیی و سوارچاکی و چاونەترسی ناوبانگی دەرکردبوو، بۆیە لەلایەن ئیمام قولی میرزا عیمادولدەولەی حاکمی ئەردەڵانەوە بۆ پاراستنی سنووری ئەو میرنشینییە (لە سنووری کرماشان و سنەدا) هەڵبژێرا، بەو شێوە سام و دەسەڵاتی لە نێو تیرەکەیدا پتر پەرەی سەند. پاشان دەسەڵاتی ئەم تیرە کەوتە دەستی مەحموود بەگ نیزامولمەلیک (حاجی ئاغا) کە کەسێکی دلێر و خەسڵتبەرز بوو. ئەم زاتە توانیی یەکپارچەیی و هێزی تیرەکەی بپارێزێت لە کاتێکدا کە عەشیرەتەکانی دراوسێ بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناهەمواری ئەو سەردەمەوە، تووشی لاوازی و سستی هاتبوون. نابراو گوندی (ماراب)ی کردە مەڵبەندی خۆی و عەشیرەتەکەی و گەشەی پێدا و زۆر پێشیخست. وەلێ، سەرئەنجام خۆی و دوو لە کوڕەکانی لە جەنگی نێوان تیرەی (کەمانگر) و عێلی سنجاویدا بە فەرماندەیی عەلی ئەکبەر خان (سردار مقتدر) کوژران. ئەوجا کوڕەزاکەی سلێمان خان کەمانگر (سلێمان خانی کوڕی عەلی خان شوجاعولمەلیک کوڕی اغا مەحموود حاجی ئاغا) ناوبانگ و دەسەڵاتی پەیدا کرد. ئەم زاتە مرۆڤێکی دلێر و بەخشندە و زانا و ڕۆشنبیر و لە خواترس و دڵسۆز بە عەشیرەت و خزمەکانی بوو. دیسان شایەنی گووتنە کەوا سلێمان خانی کەمانگر پێوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ، داوود بەگی سەرۆکی عێلی جافدا هەبوو و، زۆر ڕێزی لەم زاتە دەگرت و سەردانی ماڵیانی بە بەردەوامی دەکرد. سلێمان خان شەش کوڕی مەرد و خاوەن ڕێزی خستەوە کە بە وێنەی باوکیان ڕۆشنبیر و خەسڵەتبەرز بوون، ناسر خان، هومایون خان، حەمەد خان، مەنسور خان، تەیمور خان، پەروێز خان.

تیرەی ئێناخی

مێژووی ئەم تیرەیە پڕە لە دەنگوباسی ڕووداو و شەڕوشۆڕی زۆر کە لە میانەیاندا ئێناخییەکان داکۆکییەکی دلێرانەیان لە ئازادی و سەربەرزیی خۆیان کردووە، ئەوانەی هەرگیز دانیان بەو سنوورە دروستکراوانەدا نەدەنا کە وڵاتەکەیانی دابەش دەکرد و، هەمیشە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی میری لە ناوچەکەدا، لە ململانێیەکی بەردەوامدا بوون. هەر لە مێژەوە زێدی ئێناخییەکان گەلێک ڕاپەڕین و شەڕی سەختی دژ بە حکوومەتی ئێرانی بە خۆوە بینی، سەختترین شەڕی نێوانیشیان لەو کاتەدا بەرپابوو کاتێک هێزەکانی دەوڵەت هەوڵیان دا ڕۆڵەکانی ئێناخی چەک بکەن. ئەوەبوو زۆر لە گوندەکانیانیان خاپوور کردن و حەوت لە سەرۆکەکانیشیان بە دیل گرتن، ئەمین کەیخسرەو بەگ، قادر فەتاح بەگ، عەلی محەمەد ئەمیر خان، حەبیبوڵڵا ئێڵبەگی، فەتحوڵڵا عوسمان بەگ، عەبدولمحەمەد بارام بەگ... سەرئەنجام چوار لەم سەرۆکانە لە بەندیخانەی کۆشکی (قەجەر)دا لە تاران، گیانیان لەدەست دا. ژمارەی ئێناخییەکان پتر لە هەزار خێزانە و لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران- عێراقدا نیشتەجێن. ناوچەی هیرتا و دشە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتیان و ناوچەی باینگان دەبێتە سنووری باشووری ڕۆژهەڵاتیان و لە باکووری ڕۆژئاوایشیانەوە ڕووباری سیروان و لای باشووری هەڵەبجەیە، و سنووری باشووری ڕۆژئاوایشیان ناوچەکانی: ئاب لیل، زاغە، قڵاچەیە. شوێنی حەوانەوەی هاوینیان: لاران، سەریاس، دەوروبەری شاری پاوە و شمشێر. شوێنی حەوانەوەی وەرزی زستانیان: مەڕەخێڵ، ئەنجیرک، لانوان، کێلە کۆن، ژاڵە، ترگاران، لەشکرگاە. ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانی ئەدمۆندز سەردانی ناوچەی ئێناخییەکانی لەسەر سنووری ئێران- عێراقدا کرد و بە تیرەیەکی دێرینی عێلی جافی لە قەڵەم دان و، ئاماژەی بەوە داوە کە خاوەنی ژمارەیەک گوندن لەسەر کەناری سیروان و قووڵایی خاکی ئێراندا. ئێناخییەکان بریتین لە شەش هۆزی سەرەکی، سەلیم بەگی، سلێمان بەگی، ئەمیر خان بەگی، یەعقووب بەگی، ڕۆستەم بەگی، ڕەحمان بەگی. هەروەها چەند گرووپێکی تریش لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە چوونەتە نێو ئێناخییەوە و پێیانەوە لکاون وەک: عوسمان وەڵەد خان، ئیلە ڕووتە.

انتفاضة آقابگ (( آغه شر ئيناخى ))

ڕاپەڕینی ئاغا بەگ (ئاغا شەڕ ئێناخی)

ئاغا بەگی مەحموود بەگی سەلیم بەگی ئێناخی ناسراو بە ئاغا شەڕ، لەدایکبووی ساڵی 1885 لە گوندی ترگارانی ناوچەی ئێناخیی سەر بە شاری پاوە، یەکێک بووە لە ناودارانی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد، کە بە ئازایەتی و بوێری و خۆڕاگرێی خۆی توانیی دەسەڵاتدارانی ئێرانی و هێزەکانیان بۆ ماوەی چەند ساڵێک هەراسان و بێزار کات. لەڕاستیدا گەلێک پێکدادان و شەڕوشۆڕی خوێناوی لە نێوان ئەم سەرکردە خێڵەکییە دلێرە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیدا ڕوویان دا، ئەمەش وایکرد ئێرانییەکان ڕق و کینەیەکی زۆری بۆ هەڵگرن و، ئەوجا شاڵاوێکی کتوپڕ بکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (ناوچەکانی ئێناخی). بەڵام ئاغا بەگ و جەنگاوەرە دلێرەکانی عەشیرەتەکەی بەخۆڕاگری و دلێریی خۆیان توانییان هێزەکانی دوژمن ببەزێنن. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو توانییان سەرهەنگ (عەقید) ئەحمەد خان زاویە- فەرماندەی سەربازیی ئێرانی لە شەڕێکدا بکوژن. جا وەک مێژوونووس مەردوخی باس دەکات، فەرماندەی ناوبراو بە پەلە لە ئازربایجانەوە هاتە سنە، پاشان لە بەرەی کرماشانەوە بەرەو نەوسو کەوتە ڕێ، هەرکە لەگەڵ هێزەکەییدا گەیشتە ناوچەی هێرویی، هێزەکانی ئاغا شەڕ پەلاماریان دان و سەرهەنگ زاویە و یاوەرانی کوژران (تاریخ مردوخ جلد 2 لا 42). پاش شەڕەکە ئاغا بەگ جلەکانی عەقیدی ناوبراوی لەبەر کرد، هەروەها چەکدارەکانیشی جلی سەربازە ئێرانییە کوژراوەکانیان پۆشی، ئەوجا شاڵاویان بردە سەر پێگە و سەربازگە ئێرانییەکانی سەر سنوور و دەستیان بەسەریانا گرت. دواتر لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕۆڵەکانی ئێناخی بەشدارییان لە ڕاپەڕینە چەکدارییە شۆڕشگێڕانەکەی کاکە سەردار بەگی جافدا لە دژی ڕژێمی خوێنڕێژی ئێرانی داکرد و، زەبرێکی سەختیان بەو ڕژێمە گەیاند، یەکێک لە پاڵەوانەکانیان لەو نەبەردانەدا جەنگاوەر یارە بوو کە لەلایەن جەللادەکانی ڕژێمی ئاخوندەکانەوە، پاش بەدیل گرتنی، شەهید کرا.

تیرەی دووڕۆیی

ڕۆڵەکانی ئەم تیرەیە لە قەدپاڵەکانی چیای شاهۆدا نیشتەجێن، ناوچەی تیلەکۆ دەکەوێتە باکووریانەوە، لە باشوورییانیشەوە ناوچەی لون ساداتە، لە ڕۆژهەڵاتیشیانەوە ناوچەی شاهینی و تەخت زەنگییە، سنووری ڕۆژئاواشیان لای ڕۆژهەڵاتی چیای شاهۆیە. ناوەندی سەرەکیی ئەم تیرەیە دەکەوێتە ناوچەی چروسانە. هەروەها ئەم تیرەیە وێڕای نەهامەتی و تەنگژەکانی ژیانیان، دابی ژیانی کۆچەریی خۆیانیان پاراست و لەسەری بەردەوامبوون. لە سەرۆکە ناودارەکانی ئەم تیرەیە، ئاماژە بە ناوی مەلا قادر دووڕۆیی دەکەین، فەرەجوڵڵا بەگی دووڕۆییش (برازی مەلا قادر و پاشان جێگری) یەکێک بووە لە ناودارانی ئەم تیرەیە. سەرچاوەگەلێکی زۆر (لەوانە جغرافیای سیاسی، د. مەسعوود کەیهان) ئەم تیرەیە بە لقێک لە ئێلە رووتە (دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەی ئێناخی) دادەنێن. تیرەی دووڕۆیی لەم هۆزانە پێکدێت: موستەفایی، دووڕۆیی، بێسەری، بیانی (لە ناوچەی ڕوانسر و مایدەشت). دووڕۆییەکان شانبەشانی هێزەکانی سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان (لە نزیکی سنە) و فەقێ سلێماندا بەشدارییان لە جیهاددا لە دژی هێزەکانی ڕووسی داگیرکەردا کرد و زیانێکی زۆریان پێگەیاندن. لەو شەڕانەدا، چەند جەنگاوەرێکی دووڕۆیی بەدەرکەوتن وەک: سەیید بایزی برای سەیید حەبیبوڵڵا کە شەهید کرا.

تیرەی بۆرکەیی

ئەم تیرەیە لە 150 خێزان پێکهاتووە، جاران لە زستاناندا لە ناوچەی زەهاودا نیشتەجێ دەبوون و، لە هاوینانیشدا دەچوونە ناوچەی ئەسفتد ئاباد (لە سنە) و چیاکانی دیهج و کنگرە. ناوی ئەم تیرەیە لە ناوی سەرۆکێکیانەوە (بۆرک) هاتووە و ئیدی بە بۆرکەیی ناسراون. هەروەها کدخدا بداق ناوێکیش ماوەیەک سەرۆکیان بووە. بەگشتی کەسایەتیگەلێکی خێڵەکیی زۆر لەم تیرەیەدا هەڵنەکەوتوون و، زۆر دەمێکە وازیان لە ژیانی خێڵەکی هێناوە و بە زۆری لە سنەدا نیشتەجێ بوون، هەندێکیشیان چوونەتە کوێت و لەوێ ماونەتەوە. نووسەر و مێژوونووس ێەفی بۆرکەیی لەم تیرەیە.

تیرەی شەرەفبەیانی

زۆربەی هەرە زۆری شەرەفبەیانییەکان لەنێو سنووری عێراقدان، کەمێکیشیان لەنێو خاکی ئێراندان.ناوچەی سەرەکیی ئەم تیرەیە بە هورێن- شێخان ناسراوە و دەکەوێتە نێوان دەربەندیخان لە باکوورەوە، ڕووباری هەواسان و شاخی شەواڵدرە لە باشوورەوە، ناوچەکانی باوەجانی و تاوگۆزی لە ڕۆژهەڵاتەوە، ڕووباری سیروان لە ڕۆژئاواوە. شەرەفبەیانییەکان لە چەندین گونددا بە درێژایی شاخی بەمۆ و خۆشک لە سنووری قەزای خانەقیندا نیشتەجێن وەک، گوندەکانی: هورێن، شێخان، بێلوولە، بانی بی، کوێرەک، ژاڵەناو..... ڕۆڵەکانی ئەم تیرەیە ساڵی 1975 تووشی ڕاگوێزان و هەڵمەتی تەعریب هاتن و ناوچەکەیان بەعارەبی هاوردە درا. بەڵام پاش ڕاپەڕین ژمارەیەکی زۆریان بۆ زێدی خۆیان گەڕانەوە و ئاوەدانیان کردەوە. حاڵی حازر ژمارەی شەرەفبەیانییەکان خۆی لە 30- 40 هەزار کەس دەدات و، جگە لەو ناوچانەی باسمانکردن، ژمارەیەکی بەرچاویان لە سنووری دەربەندیخان و زەڕایەن.. هەندێ ناوچەی تردا دەژین. یەکەم سەرۆکی فەرمیی ئەم تیرەیە عەبدوڵڵا بەگی گەورە بووە، پاش ئەو عەزیز بەگی کوڕی (کە قاجارییەکان نازناوی میر پەنجیان پێدا) بووەتە سرۆکی تیرە... دوا سەرۆکی بلیمەت و هەڵکەوتووی شەرەفبەیانییەکانیش وەسمان بەگی عەبدوڵڵا بەگی بچووک بووە -شهاب السلگنە -(1891- 1968) کە بە جوامێری و لێهاتوویی و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی ناوبانگی دەرکردبوو .

لە کۆتاییشدا دەڵێین، هەندێک تیرە و بەشی تر لە جافی جوانڕۆ هەن کە زۆر بە خێرایی لێرەدا ئاماژەیان بۆ دەکەین وەک، تیرەی گەشکی کە لە پارێزگای (کوردستان)ی ئێرانیدا، بەتایبەت لە ناوەندی سنەدا، جێگیر بوون و دانیشتن. هەروەها تیرەی شێخ سمایلی کە تیرەیەکی گەورە و بەناوبانگن و، لە سەرەتای حوکمی قاجارییەکاندا لە ناوچەی ئەسفند ئاباد (لە سنە) نیشتەجێ بوون. هەندێکیشیان چوونەتە ناوچەکانی سەرقڵا و کەناری ڕووباری هەواسان و جێگیران. هەروەها تیرەی باشۆکی (پازۆکی) کە لە ناوچەی ڕوانسەر و شاخی شاهۆدا دەژین.

بيان

شيرين

آختر خان

عەشیرەتی جاف

لە لایەن : دکتۆر سەروەت جاف
jaffsarwat@yahoo.com jaff.sarwat@gmail.com